ڕەتی کردووەتەوە خزمەتەکەیان بۆ تۆمار بکات
ئاژانس – سەلام هانەدنی
سی هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە چاوەڕوانیی کردنیاندان بە فەرمانبەری هەمیشەیی حکومەت، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەو پرسەی ڕاگرتووە و وەک پەرلەمانتارانیش دەڵێن، حکومەت نایەوێت ئەو فەرمانبەرانە بکات بە هەمیشەیی.
پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ڕەوانەی حکومەت کرد و مۆڵەتی دوو هەفتەی پێ دا تا وەڵام بداتەوە، بەڵام ئەو وادەیە تەواو بووە و حکومەتیش بە پەرلەمانی وتووە کاتی زیاتری دەوێت بێ ئەوەی وادەیەک دیاری بکات، بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״یش، حکومەت ئامادە نییە ئەو فەرمانبەرانە بەو خزمەتەی پێشوویانەوە بکات بە هەمیشەیی و بە پەرلەمانی وتووە ئەو بودجەیەیان لەبەر دەست نییە.
ڕاهی ڕەهبەر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئێمە کە خوێندنەوەی یەکەممان کرد حکومەت ئاگادار بوو و ڕەزامەند بوو، بەڵام دوایی بە نایاسایی داوای کردەوە و داوای دوو هەفتە مۆڵەتی کرد و وەڵامی نەبووە.״
وتیشی: ״دەبوو دوای دوو هەفتە لە خوێندنەوەی یەکەم خوێندنەوەی دووەممان بۆ بکردایە، بەڵام حکومەت پرسەکەی ئاڵۆز کرد و ئەوە لە بنەڕەتدا ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکەیە لە لایەن حکومەتەوە.״
بە پێی بەدواداچوونی چەند پەرلەمانتارێك، بە هەمیشەییكردنی ئەو 30 هەزار فەرمانبەرە گرێبەستە، بارگرانی بەسەر حكومەتەوە درووست ناكات و تەنانەن دوو ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت، بە جۆرێك كە ئێستا تێچووی ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە، 14 ملیار و 900 ملیۆن دینارە، بەڵام كە بكرێنە هەمیشەیی پێویستی بە 12 ملیار و 800 ملیۆن دینار دەبێت.
ئیسماعیل سگێری، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو و سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەرلەمان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״لەبەر ئەوەی پەرلەمان كاری لەسەر ئەو پڕۆژەیە كرد بۆیە حكومەت تەگەرەی بۆ درووست كرد بۆ ئەوەی نەبێت بە دەستكەوت بۆ پەرلەمان، ئەمە جۆرێكە لە سوكایەتی بە پەرلەمان.״
وتیشی: ״ئەوە بیانووە حکومەت بۆ جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکە دەیگرێت، ئەوانە فەرمانبەری حکومەتن و هەموو زانیارییەکیان هەیە و بە دوو ڕۆژ وردبینی دەکرێن، بەڵام نایكات و ئیرادەی نییە ئەو فەرمانبەرانە بكات بە هەمیشەیی، بە دڵنیاییەوە حکومەت ئەو پڕۆژەیە ڕەت دەکاتەوە و نایەوێت بکرێت.״
پێش خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە و لە 30/10دا، حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ڕەسمی وەڵامی نووسراوێكی پەرلەمانی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە كردووە كە بە هەمیشەییكردنی ئەو فەرمانبەرانە بارگرانی درووست ناكات.
كاوە عوبدولقادر، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״بە داخەوە بێئومێد بووین لە بە هەمیشەییكردنی ئەو 30 هەزار فەرمانبەرە گرێبەستەی كە بڕیار بوو بكرێنە هەمیشەیی، چونكە حكومەت نایەوێت بكرێنە هەمیشەیی.״
״ئەو پڕۆژەیە ڕەهەندی دارایی هەیە و پێشتر لەگەڵ حكومەت گفتوگۆ لەو بارەیەوە كراوە، بەڵام بارگرانیی دارایی لەسەر حكومەت درووست ناكات و پێویستبوو حكومەت ڕەزامەند بێت لەسەر بە فەرمیكردنی ئەو فەرمانبەرانە، بەڵام بە داخەوە وەك دیارە ئەو بابەتە پشتگوێ دەخرێت.״ کاوە عەبدولقادر وای وت.