15 هەزار ناوی دووبارە لە لیستەکەیاندا هەبووە
ئاژانس – سەلام هانەدنی
لیژنەی وردبینیی لە ڕاستودروستی لیستی کەمئەندامانی هەرێم لە کارەکانی بەردەوامە و تا ئێستا ١٥ هەزار ناوی دووبارەیان لە لیستەکە هێناوەتە دەرەوە، وەزارەتی کاریش پێشبینیی دەکات لە کۆی ١٢٢ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێم ٣٥ هەزاریان لە لیژنەی وردبینییەکەدا دەرنەچن.
بە مەبەستی وردبینیکردن لە لیستی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم ساڵی ٢٠١٦ لیژنەیەکی پێک هێنا تا لە ڕاستیودروستی ״کەمئەندام״ی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دڵنیا بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەر کەسێک ڕێژەی کەمئەندامییەکەی ٦٥% نەبێت لە لیستەکەدا دەسڕدرێتەوە.
هەمزە مەغدید، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێم بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״١٢٢ هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێم هەیە، بەڵام ئەو فۆرمەی پێیان دراوە پڕی بکەنەوە کەمتر لە ٧ هەزاریان پڕیان کردووەتەوە.״
وتیشی: ״لە قۆناغی یەکەمدا ١٥ هەزار ناوی دووبارە و ئەو کەسانە لابراون کە بەڵگەی پێویستیان پێ نەبوو.״
بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کار ڕێژەی کەمئەندامی دەبێت ٦٥% بێت، بەڵام بۆ کورتەباڵاکان و ئەوانەی نەخۆشییە درێژخایەنەکانیان هەیە ڕێژەکە بۆ ٦٠% کەم کراوەتەوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی کار وتیشی: ״بە پێی ئەو داتاو ئامارانە كە ئێستا هەن، پێشبینی دەكرێت، نزیكەی ٨٥ هەزار كەمئەندام بمێننەوە لە كۆتایی وردبینییەكەدا و زیاتر لە ٣٥ هەزاریان لاببرێن كە پێشتر مووچەیان وەرگرتووە.״
مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دوو جۆر بووە، ئەو كەسانەی كە لە دامودەزگا حكومییەكان دانەمەزراون مووچەكەیان ١٥٠ هەزار دینار بووە و ئێستا كەم كراوەتەوە بۆ ٩٠ هەزار، ئەو كەسانەش كە فەرمانبەری حكومەت بوون ١٠٠ هەزار مووچەیان وەرگرتووە و ئێستا كەم كراوەتەوە بۆ ٦٠ هەزار دینار. سامان حسێن، سكرتێری یەكێتیی كەمئەندامانی كوردستان بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو ڕێژەیەی كە دیاری كراوە ٦٥%، زۆر زۆرە و ژمارەیەكی زۆر كەمئەندام لەو لیستە لادەبرێن.״
وتیشی: ״ساڵونیوێکە لیژنەکە کارەکانی خۆی تەواو نەکردووە، کەمئەندامانیش نیگەرانن لەوەی ئەو ڕێژە زۆرە داندراوە و ناڕەزایەتیان هەیە.״
بەهۆی خراپی باری دارایی هەرێم و دواکەوتنی مووچە، حکومەتی هەرێم مووچەی ١٢ مانگی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان قەرزدارە، ئەو بودجەی پێش پاشەکەوتکردنی مووچە بۆ ئەو چینە داندرابوو ١٤ ملیار دیناری بووە، بەڵام ئێستا بۆ ٩ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن کەم کراوەتەوە.
پەری ساڵح، بڕیاردەری لیژنەی کار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی كوردستان ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، زۆرێک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پەیوەندیان پێوە دەکەن و سکاڵایان هەیە و ئەوانیش بەدواداچوون دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ״ئێمە سکاڵاکان دەگەیەنین و تێبینیی خۆمان دەدەین، بەڵام دڵنیاین گوێمان لێ ناگیرێت و وەزارەت وەڵاممان ناداتەوە.״