ناكۆكیی نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا لە ئەستۆی پارتیدایە
سازدانی: ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
ئارێز عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای دەكات، ئەو بڕگانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا بۆ كورد دیاری كراون بە جێبەجێكردنیان كێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر دەبێت، سەبارەت بە بایكۆتكردنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیش لە لایەن فراكسیۆنی پارتییەوە دەڵێت: ״پارتی لەبەر نەوت بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی كرد نەك پێشمەرگە.״
ئارێز عەبدوڵڵا لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا ئاماژە بەوە دەکات، تەنها پارتی ناكۆك بووە لەسەر ئەو خاڵانەی لە بودجە دیاری كراون و ڕایدەگەیەنێت، ״ناكۆكیی نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا لە ئەستۆی پارتیدایە.״
ئاژانس: پێتان وایە پڕۆژەكەی یەكێتیی لە پەرلەمانی عێراق ڕۆڵ ببینێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؟
ئارێز عەبدوڵڵا: بەڵێ ڕۆڵی گرنگی هەیە ئەگەر حكوومەتی هەرێم پێوەی پابەند بێت، ئێمە هەوڵمان دا باری قورسی سەر خەڵكی هەرێم كەم بكەینەوە و سەروەریی حكوومەتی هەرێم بپارێزین، لە كاتێكدا كە حكوومەتی هەرێم بێباك بووە، بەڵام ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە جێبەجێ بكرێت كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر دەكات.
ئاژانس: پڕۆژەكە چی گرنگی تێدایە؟
ئارێز عەبدوڵڵا: وەك ساڵانی ڕابردوو بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت دەدرێتە عێراق، خاڵێكی تێدایە كە حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێم پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، بۆ مووچەی پێشمەرگە و پێداویستییەكانیان شتێك باشترە لە ساڵانی ڕابردوو، ئەگەر حكوومەتی هەرێم یاسای بودجەی عێراق جێبەجێ بكات ئەركێكی گەورە لەسەر خۆی لا دەدات.
ئاژانس: بۆچوونت لهسهر بەیاننامەكەی حكوومەتی هەرێم چییه كە باسی پابەندنەبوون دەكات بە یاسای بودجەی عێراقەوە؟
ئارێز عەبدوڵڵا: ئەوەی حكوومەتی هەرێم كارێكی باش نەبوو، دەبوو خۆی لە مەیدان بوایە و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە بەغدا بوونایە بۆ ئەوەی زۆرترین پشك بۆ هەرێم لە بودجەدا جێگیر بكەین، ڕاستی حكوومەتی هەرێم گومانێكی گەورەی لەسەر خۆی درووست كردووە، وەكو خۆی ناتوانێت خەرجییەكانی هەرێم دابین بكات بەو بڕەنەوتەی كە هەناردەی دەكات، لەگەڵ عێراقیش ڕێك ناكەوێت بۆ ئەوەی ئۆباڵەكە بخاتە سەر عێراق.
ئاژانس: بۆچی حكوومەتی هەرێم نایەوێت پەیوەست بێت بە یاسای بودجەی عێراقەوە؟
ئارێز عەبدوڵڵا: دوو لێكدانەوە هەیە، حكوومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ داهاتوو نەوت وەك چەكێك لە بەردەستیان بێت، لێكدانەوەیەكی تر ئەوەیە نەوت لەژێر دەستیدا بێت بۆ ئەوەی تەخشانوپەخشان بە داهاتی نەوتەوە بكات و بەرژەوەندیی هەندێ كەس و گرووپ و لایەن بپارێزێت.
ئاژانس: فراكسیۆنی پارتی لەسەر پشكی پێشمەرگە بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كرد، بۆ لەگەڵیان نەهاتنە دەر؟
ئارێز عەبدوڵڵا: هەموو فراكسیۆنەكان بەرگریمان لە پشكی پێشمەرگە كردووە و دڵسۆز بووین، بەڵام پارتی لەسەر پشكی پێشمەرگە لە بودجەی عێراق بایكۆتی نەكردووە، بەڵكو ئەوەی كردە بیانوو، پارتی لەسەر هەڵوێستی نەوت بایكۆتی كرد، لە ناردنی 550 هەزار بەرمیلەكەدا گرفتی هەبووە، بڕێك لە شایستە داراییەكانی هێزە وشكانییەكانی عێراق بۆ هێزی پێشمەرگە دیاری دەكرێت، بە پێی نیسبەت بە مەرجێك گرەنتیی پێدانی مووچەی پێشمەرگە بكات، بەڵام ژمارەی هێزی پێشمەرگە دیاری نەكراوە و ئێمە داوامان كرد كە 100 هەزار پێشمەرگە دیاری بكرێت، ئەوان ڕازی نەبوون، لە كاتێكدا 120 هەزار حەشدی شەعبی جێگیر كرا لە پڕۆژەكەدا، بەڵام ئەو بڕەی كە پەیوەندیی بە مووچەی پێشمەرگەوە هەیە پێویستی بە گفتوگۆیە، عێراق بڵێت هیی 50 هەزار دەدەم و حكوومەتی هەرێم داوای 100 هەزار بكات ئەوە پێویستی بە ڕێككەوتنە.
ئاژانس: ئەو پڕۆژەیە چی لێ هات كە بڕیار بوو فراكسیۆنە كوردییەكان ببنە هاوپەیمان و بۆ پرسێكی ئاوا گرنگ بوو؟
ئارێز عەبدوڵڵا: كاتی خۆی هەوڵێكمان دا، من بە نێچیرڤان بارزانیم وت ئێوە بوون بە ڕێگر لە بەردەم هاوپەیمانێتییەكە و ئەویش وتی دیراسەی دەكەین، بەداخەوە تا ئێستا پارتی وەڵامی نەداوینەتەوە. ئەوەی كە نەیهێشت یەكدەست بین لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە كە پەرلەمانی كوردستانی پەك خستووە و قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێمی درووست كردووە، لە ئەستۆی ئەو كەسەیە كە خۆی بە حوكمڕان دەزانێت و كێشەكانیش چارەسەر ناكات.
ئاژانس: هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتی پەیوەندیی بە ڕێككەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و توركیاوە هەیە؟
ئارێز عەبدوڵڵا: ڕێككەوتنی 50 ساڵەی حكوومەتی هەرێم و توركیا لای ئێمە سۆتەكەیەكی جگەرە ناهێنێت، ئەو ڕێككەوتنە هیچ جۆرە شەرعییەتێكی نییە، لەبەر ئەوەی ناوەڕۆكەكەی نەزانراوە و لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند نەكراوە، ڕێككەوتنێكی ژێربەژێر ناكرێت پشتی پێ ببەسترێت، بێگومان توركیا بەرژەوەندیی ئابووریی گەورەی تێدا هەیە، ڕەنگە لە داهاتوودا عێراق بەرژەوەندییەكی لەوەی هەرێم گەورەتر بدات بە توركیا، پێم وایە ئەوەی كە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاییندەی گەلی كورد دەوڵەتی توركیایە.