کنێر عه‌بدوڵڵا
له هه‌ر وڵاتێک‌دا ئازادیی ڕاده‌ربڕین، به یه‌کێک له بنه‌ماکانی دیموکراسی و مافه‌کانی مرۆڤ داده‌نرێت؛ به‌ده‌ر له‌وه‌ی به پێوانه داده‌نرێت بۆ ڕاده‌ی پێشکه‌وتن و گه‌شه‌کردنی هه‌ر وڵاتێک و به داخوازییه‌کی شه‌رعی و به‌هایه‌کی مرۆیی داده‌نرێ که به‌رجه‌سته‌ی ئازادیی مرۆڤ ده‌کات؛ بۆیه هه‌ر خه‌فه‌کردنێک له‌و ئازادییه، به مانای که‌مکردنه‌وه‌ی به‌های مرۆڤه‌کان دێت؛ ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی پیاده‌کردنی ئه‌و ئازادییه، بێ هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتی، بێ‌مانا ده‌بێت.
ئازادیی ڕاده‌ربڕین؛ ده‌رخستنی بیروڕای مرۆڤه‌کانه بۆ خه‌ڵک له‌ڕێی ئامرازه‌کانی گوزارشتکردنه‌وه که جیاوازترن له ڕووی ئامرازه‌کانی تری وه‌ک نووسین، هونه‌ر، زمانی جه‌سته و….هتد که له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی مافه سیاسییه‌کانی مرۆڤدا هاتووه.
ئازادیی ڕاده‌ربڕین، یه‌کێکه له مافه‌کانی مرۆڤ و کۆڵه‌که‌یه‌کی سه‌ره‌کی دیموکراسییه و له هه‌مان کاتدا توانای گوزارشتکردنی تاکه، سه‌باره‌ت ده‌رخستنی تێڕوانین و بۆچوونه‌کانی، به به‌کارهێنانی یه‌کێک له‌و ئامرازانه‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه له ڕێی قسه‌کردن، یان نووسین یاخود کارێکی ته‌کنیکی و هه‌ر ڕێگه‌یه‌کی گونجاوی تر، بێ بوونی چاودێری، یان کۆت و به‌ندێک که ببێته ڕێگر له به‌رده‌م مرۆڤه‌کاندا؛ به مه‌رجێ نه‌چێته چوارچێوه‌ی سه‌رپێچیکردنی یاسا، عورفی ده‌وڵه‌ت، یان ببێته مایه‌ی زه‌ره‌ری هیچ که‌سێک. به‌پێی پێوانه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، له‌نێو هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا گه‌ر تاکه‌کان نه‌توانن گوزارشت له ڕا و بۆچوونه‌کانیان بکه‌ن، به ئازاد ناودێر ناکرێن.
کۆمه‌ڵه مه‌رجێک هه‌ن که ده‌بنه هۆی دیاریکردنی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، له‌وانه: ئازادی له هه‌ڵبژاردندا، که به‌شێکه له ئازادیی گوزارشتکردن، بۆ نموونه ״مافی هه‌موو مرۆڤێکه پیشه‌ی خۆی هه‌ڵبژێرێت که ده‌یه‌وێت کاری تێدا بکات״ هه‌روه‌ها قایل‌بوونی که‌سێتی: واته مرۆڤ باوه‌ڕی به‌و شته هه‌بێت که ده‌یكات و ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی بدات، بێ هیچ گوشارێک له لایه‌ن که‌سانی تره‌وه و، تێگه‌یشتن له ڕێزگرتنی مافه‌کانی ئه‌وانی دی؛ واته ده‌بێت هه‌ر که‌سێک له کۆمه‌ڵدا ڕێز له مافه‌کانی ئه‌وانی دی بگرێت هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ڕێز له مافه‌کانی خۆی بگیرێت. هه‌روه‌ها دوورکه‌وتنه‌وه له به‌کارهێنانی ئازادیی ڕاده‌ربڕین به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵه وه‌ک به‌کارهێنانی توندوتیژی، ناوزڕاندنی ئه‌وانی دی و تاوانبارکردنیان به تاوانی نادروست و ناڕاست.
ئازادیی ڕاده‌ربڕین بۆ مرۆڤ به‌رپرسیارێتی وگرنگییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه، به‌شێکی جیاکه‌ره‌وه نییه له که‌رامه‌تی مرۆڤ، هه‌روه‌ها یه‌کێکه له ئامرازه‌کانی یارمه‌تیده‌ر له‌سه‌ر ئاڵوگۆڕی بیر و بۆچوون و ڕاکان و ڕێزگرتنی دید و تێڕوانینه جیاوازه‌کانی تایبه‌تن به هه‌ر تاکێک، هه‌روه‌ها یه‌کێکه له بناغه گرنگه‌کانی گفتوگۆی نێوان که‌سه‌کان و سه‌رچاوه‌ی به‌ده‌ستهێنانی زانیارییه‌کان، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی گرنگیی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، ته‌نیا له‌وه‌دا خۆی نابینێته‌وه که مافێکه، به‌ڵکو بۆ به‌دیهێنانی مافه‌کانی تری مرۆڤ له‌سه‌ر ئاستی تاک و وڵات گرنگی و کاریگه‌ری هه‌یه، بۆیه گرنگی ئازادیی ڕاده‌ربڕین، خۆی له سێ هۆکاری سه‌ره‌کیدا ده‌بینێته‌وه:
- مافی ده‌ربڕین زهروورهتهو خه‌سڵه‌تێکی سهرهکییهبۆ پاراستنی که‌رامه‌تی مرۆیی.
٢. باشترین ڕێگه‌یه بۆ گه‌یشتن به ڕاستی و خۆی له ״بازاڕی بیرۆکه‌کاندا״ ده‌بینێته‌وه؛ به شێوه‌یه‌ک به‌ئازادانه ئاڵوگۆڕی بیر‌و ڕا و تێڕوانینه‌کان ده‌کات.
٣. هیچ وتووێژ و گفتوگۆیه‌کی کراوه و ئاشکرا، بێ بوونی ئازادییه‌ک که پشتئه‌ستوور بێت به زانیاریی ڕاست و دروست، نایه‌ته دی.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه؛ ئازادیی ڕاده‌ربڕین له هه‌ر کۆمه‌ڵه و وڵاتێک‌دا گرنگی و ئامانجی خۆی هه‌یه؛ بۆیه پیاده‌کردنی پێویست به کاردانه‌وه‌ی دوو جۆر هۆشمه‌ندی هه‌یه: له لایه‌ک هۆشیاریی تاک که گوزارشت له ڕاو بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌کانی خۆی ده‌کات له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی هۆشیاری، له لایه‌کی دیکه، هۆشیاریی کۆمه‌ڵ به گشت پێکهاته جیاوازه‌کانییه‌وه و بوون و ئاوێته‌بوون و په‌یوه‌ندی و به‌یه‌کگه‌یشتنی هۆشیاریی هه‌ر دوو لایه‌نه‌که گرنگی و کاریگه‌ریی خۆی هه‌یه بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی زیاتری ئازادیی ڕاده‌ربڕین له هه‌ر کۆمه‌ڵێکدا که دواتر هێماو ئاماژه‌و بنه‌مایه‌کی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کییه بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی دیموکراسی و گه‌شه‌دان و په‌ره‌پێدان به تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ و نیشتمان.