ئاژانس
خانمە هونەرمەندێکی پەیکەرساز ڕایدەگەیەنێت پڕۆژەیەکی بە دەستەوەیە کە تێیدا پەیکەر بۆ سەرجەم شاعیرە کوردەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان درووست دهکات.
ئاسۆز جاف لە بارەی پڕۆژەکەی بە “ئاژانس”ی وت: “سەرقاڵی پڕۆژەیەکی گەورە و فراوانم بۆ درووستکردنی پەیکەر بۆ سەرجەم شاعیران و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد و لە ئیستادا پەیكەرم بۆ شەماڵ سائیب و ئیبراهیم ئەمین باڵدار درووست کردووە و بە نیازم بە زنجیرەیەک بۆ زۆرێک لە کەسایەتییەکانی دیکەی درووست بکەم.”
ئاسۆز جاف وتیشی: “هونەری پەیکەرسازی کات و ئارامیی زۆری دەوێت بۆ تەواوکردنی کارەکە و گەر عەشقت بۆی نەبێت ناتوانیت تێیدا سەرکەوتوو ببیت، منیش لە خۆشەویستیم بۆ کارەکەم بەردەوام بووم تێیدا، لە کاتێکدا ئەم کارە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بۆ ئافرەتان ئەستەمترە وەک لە پیاوان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هونەری پەیکەرسازی لە کوردستان بەرەوپیشچوونی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە.”
ئاسۆز جاف ٢٨ ساڵ، دەرچووی بەشی پەیكەرسازییە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی و تا ئێستاش زیاتر لە ٣٥ کاری هونەریی هەیە و یەکێکە لە پەیکەرسازە دیارەکان لە کوردستاندا.