هەر نەفەرێك بە 700 دۆلار دەپەڕێندرێتەوە
ئاژانس – ڕۆژئاوا
كاری قاچاخچێتی بە ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانەوە دەكرێت، كە لە ترسی ژیانی خۆیان ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، هەر نەفەرێك بە 700 دۆلار دەهێنرێنە خاكی هەرێمەوە و تەنیا لە چەند ڕۆژێكدا زیاتر لە 1000 كەس داخڵ بوون و 700 هەزار دۆلاریان لێ وەرگیراوە، تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەش بە وتەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای كوردستان ٣٦٧٢ ئاوارە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئەم بازرگانییەش لە سنووری فیشخابوور دەكرێت.
توركیا لە 8ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە، ئۆپراسیۆنێكی فراوانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەست پێ کردووە و بە درێژایی سنووری خۆی لەگەڵ ڕۆژئاوا بڕیارە 30 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سووریاوە، بۆیە بە هۆی بۆردومانی فڕۆكە و تۆپببارانەوە خەڵكێكی زۆر ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە و نەتەوەیەكگرتووەكانیش هۆشداری دا كە نزیكەی 300 هەزار كەس ئاوارە دەبن، كە زۆربەیان لە ناوچە كوردنشینەكانن.
(شاكر.ص.س) كە ئاوارەیەكی ڕۆژئاوایە و تەمەن 30 ساڵە و خەڵكی سەرێ كانییە، بەر لە قسەكردن بۆ ״ئاژانس״ داوای كرد ناوی ئاشكرا نەكرێت و دەڵێت: ״بە ناچاری 1950 دۆلارمان داوەتە قاچاخچییەكان بۆ ئەوەی بۆ سەر سنووری باشووری كوردستان تێپەڕین و بگەینە گوندی سحێلە״.
״ئێمە سێ سەر خێزانین و بۆ هەر ئەندامێكی خێزانەكەم 650 دۆلارمان داوە و بە نیازین لە یەكێك لە كامپەكان بمێنینەوە و نازانین ڕوو لە كوێ بكەین״، ئاوارەكەی سەرێ كانی وای وت.
لە ڕۆژی 15ی ئۆكتۆبەرەوە تاکو ئێستا بە هۆی ئۆپراسیۆنی سەربازیی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، ئاوارەیەكی زۆر لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بە تایبەتی لە ناوچەكانی قامیشلۆ و حەسەكە و دیرێك-ەوە هاتوونەتە باشووری كوردستان و لە كامپەكانی دۆمیز لە دهۆك و بەردەڕەش لە نزیكی هەولێرەوە نیشتەجێ بوون.
(مەهدی.ع.م) تەمەنی 57 ساڵە و بە 5 سەر خێزانەوە لە ڕۆژئاواوە ئاوارەی هەرێم بوون و ئێستا لە كامپی ئاوارەكانی دۆمیز جێگیر بووە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە ترسی ژیانی خۆمان ماڵ و حاڵمان بەجێ هێشتووە و بۆ هەرێم هاتین، بەڵام دەبێت لە ڕێی ئەو قاچاخچییانەوە بێت كە ئاوارەی ڕۆژئاوا دەهێنن بۆ هەرێم ئەویش بە پارەیەكی زۆر״.
״ئەوانەی قاچاخچێتی دەكەن بەشێكیان خەڵكی ناوچەكانی دهۆكن و هەندێکیشیان لە پێشمەرگەی ڕۆژن، لەوبەریشەوە لە سنووری ڕۆژئاوا كەسانێكن لە شاری دێرێكی ڕۆژئاوای كوردستان کە هاوسنووری فیشخاپوورە و فەرمانبەری ئیدارەی زاتین و هەردوو لا بە هاوكاریی ئەو كارە دەكەن و ئێمە لە ڕێی ئەوانەوە بۆ هەر نەفەرێك 700 دۆلاریات وەرگرت״، مەهدی.ع-ی ئاوارە وای وت.
زیاتر لە هەزار پەنابەری كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە كەمپی دۆمیز و بەردەڕەش نیشتەجێ بوونەتەوە، كە زیاتر خەڵكی سەرێ كانی و گرێسپی بە ڕەگەز كوردن و لە كوردەكانی عەفرینن كە لەو ناوچانە وەك پەنابەر لە دوای داگیركردنی عەفرین نیشتەجێ ببوون، بەڵام لە دوای شەڕی سەرێ كانی و گرێسپی ناچار بوون كە ئیتر بێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەشێك لە پەنابەرەكانی عەفرین گەیشتوونەتەوە سلێمانی.
حاجی عەفرینی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پەنابەرانی ڕۆژئاوای كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەندێك بازرگان باری لاری ئاوارەكانی شەڕ و پەلاماری توركیایان قۆستووەتەوە و ئاوارەكان بە قاچاخ و پارەیەكی زۆر دەپەڕێننەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەر نەفەرێك 700 دۆلار وەردەگرن، لەو ڕەفتارە چاوچنۆكییە نیگەرانین و ئاگادارین״.
״قاچاخچییەكانی سەر سنووری ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان ڕەوشی خراپی ئاوارە و دەربەدەرەكانی ڕۆژئاوا دەقۆزنەوە و بازرگانییان پێوە دەكەن، تا ٢٢ی ئەم مانگە ٣٦٧٢ ئاوارە بە قاچاخ پەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێم و بۆ هەر یەکێکیشیان ٧٠٠ دۆلاریان لێ وەرگیراوە، واتە ٢ ملیۆن و ٥٧٠ هەزار دۆلار لە ئاوارەی ماڵوێران و دەربەدەر وەرگیراوە״، حاجی عەفرینی وا دەڵێت.
ئەو ئاوارانەی ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، تەنیا كەمێك خۆراكی ڕێگە و جلوبەرگیان پێیە و بە ناچاری و دەردەسەرییەكی زۆر دەگەنە سنووری هەرێم، حاجی عەفرینی سوپاسی بەدەنگەوەچوون و كامپینی هاوكاریی خەڵك دەكات و هیوای خواست ڕێگەی فیشخاپوور و سێمێلكا بە ڕووی لێقەوماواندا بكرێتەوە و بەرپرسانی هەرێمیش ڕێگری لە كاری قاچاخچێتی بە ئاوارەكانەوە بكات.