ئەو پێكهاتەیە ناتوانێت ناكۆكی مەزهەبیی سوننە و شیعەی نێوخۆی تێپەڕێنێت
ئاژانس – حەسەن شەنون
كۆبوونەوەی توركمانەكان لە كۆنگرەیەكدا لە بەغدا نەیتوانی كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان بهێنێت كە ویستیانە لەو ڕێگەیەوە گوتاری سیاسییان بۆ قۆناغی دوای داعش ڕێك بخەنەوە.
ئەوان بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك مەترسییان لێ نیشتووە و دەیانەوێت شارەكە بكەنە هەرێمێكی سەربەخۆ و دووزخورماتوو و تەلەعفەریشیان بۆ بكرێتە پارێزگا بەڵام پێناچێت بتوانن لە یەك لیستدا پاڵێوراوەكانیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق كۆ بكەنەوە.
لە 17ی ئەم مانگەدا توركمانەكان بە هەردوو مەزهەبی سوننە و شیعەیەوە بۆ یەكەمجار لە كۆنگرەیەكدا لە بەغدای پایتەخت كۆ بوونەوە، كە لە لایەن نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی)یەوە سەپەرشتی دەكرا.
ئەوان ویستیان گوتاری سیاسییان یەك بخەن بۆ قۆناغی دوای داعش كە دیارترین داواكارییەكانیان ئەوە بوو هەر دوو قەزای تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا و قەزای دووزخورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ ئەو پێكهاتەیە بكرێتە پارێزگا و كەركوكیش بەرە و هەرێمی سەربەخۆ بچێت.
لە ناوەڕۆكی كۆنگرەی توركمانەكاندا دەركەوت كە ئەوان زیاتر چاویان لەوەیە ڕێژەی 32% بۆ دابەشكردنی پۆست و دەسەڵاتەكان لە كەركوك بۆ هەر یەك لە پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان بێتە دی.
عەباس بەیاتی پەرلەمانتاری توركمانی شیعە كە لە كۆنگرەكەدا لەبری حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران وتاری خوێندەوە وتی: ״توركمانەكان نەتەوەیەكی بنەڕەتین لە عێراق و ناكرێت جیا بكرێنەوە و پڕۆژەی سیاسیش بە بێ بەشدارییان نیوەناچڵ دەبێت و هەوڵیش هەیە بۆ پەرتەوازەكردنی توركمانەكان بە نانەوەی ئاژاوەی مەزهەبیی لە نێوانیاندا״.
توركمانەكان بە هەر دوو مەزهەبی سوننە و شیعەوە ناكۆكییەكانیان بردە كۆنگرەكە بێ ئەوەی بتوانن كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״دەبێت لە نێوان خۆماندا وەك توركمان ئاشت بینەوە لە پێناو ئاییندەمان و بەدەستهێنانەوەی مافەكانمان لە كەركوك و نەینەوا״.
ئەرشەد ساڵحی وتیشی: ״ڕێكخستنی نێوماڵی توركمانیی مانای ئەوە نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كوردە بەڵكو زیاتر لە دژی ئەو لایەنانەیە كە مافەكانی توركمانی بردووە״.
جگە لە پارتە شیعە و سوننەكانی توركمان چەندین كەسایەتی سەربەخۆی ئەو پێكهاتەیە بەشدارییان كرد و بانگهێشتی زۆربەی بەرپرسە باڵاكانی وەك سەرۆکكۆمار و سەرۆكی پەرلەمانیان كرد تا ئەوانیش ئاگاداری سروشتی داواكاییەكانیان بن.
جاسم محەمەد جەعفەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا كە توركمانێكی شیعەیە ئاماژە بەوە دەكات كە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك پاڵنەری سەرەكی سازدانی كۆنگرەی توركمانەكان بوو لە بەغدا و دەڵێت: ״ئەو هەنگاوە بە هەڕەشەی جیابوونەوە دەزانین״.
جاسم محەمەد جەعفەر بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەمەودوا توركمانەكان دەست بە جوڵە دەكەن بۆ ڕێگرتن لە ویستەكانی كورد و بەهێزبوونیان״.
ئەو كۆنگرەیە بە پێچەوانەی ویستەكانییەوە بۆ یەكخستنی وتاری سیاسی لایەنە توركمانەكان ناڕەزایی لە نێو خودی ئەو پێكهاتەیەشدا لێ كەوتەوە.
نەهلە هیبابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پێكهاتەی توركمان لە بەیاننامەیەكدا ڕۆژێك لە پاش كۆنگرەكە ڕایگەیاند: ״ئەو كۆنگرەیە جگە لە بانگەشەی هەڵبژاردن هیچی تر نەبوو بۆ هەندێك لە كەسایەتییەكان لە پارتە توركمانەكان و ئەگەرێكی دووریشە سەرجەم لایەنە توركمانەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بە یەك لیست بەشداریی بكەن״.
محەمەد مەهدی بەیاتی، كە یەكێكی ترە لە سیاسەتمەدارە توركمانە شیعەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ״كۆنگرەی توركمانەكان بانگەشە بوو بۆ دوو حزبی توركمانیی و سەرجەم حزبە توركمانەكانی تر پەراوێز خران و بە دووریش نازانرێت ئەگەر پەیوەندیی نێوان لایەنە توركمانەكان بەو شێوەیەی ئێستا بێت ڕەوتی نوێی توركمان و پارتی سیاسیی نوێ درووست دەبێت״.
لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردووی عێراقدا دابەشبوونی پێكهاتەی توركمان بەسەر مەزهەبەكانیدا ئاشكرا بوو بەو پێیەی توركمانە شیعەكان چوونە نێو لیستە شیعەكانەوە و توركمانە سوننەكانیش لەگەڵ عەرەبی سوننەدا بوونە هاوپەیمان״.
نەجم قەساب، پسپۆڕی سیاسیی شارەزا لە كاروباری توركمانەكان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە دوای ساڵی 2003ەوە توركمانەكان نەیانتوانیوە بە پێی قەبارەی خۆیان پۆست و پلە وەربگرن و نزیكبوونەوەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كاریگەریی دەبێت״.
قەساب وتیشی: ״هەڵبژاردنی داهاتوو تاقیكردنەوەی قورس دەبێت بۆ توركمانەكان كە ئەگەر بتوانن بە یەك لیست بەشدار بن و دەشتوانن نێوماڵی خۆیان ڕێك بخەنەوە״.
بەیانی كۆتایی كۆنگرەی توركمانەكان بەشێك لە ویستەكانیانی دەرخست بۆ ئاییندە ئەگەرچی بە هۆی ئاڵۆزیی پەیوەندیی نێوانیان پێناچێت هەروا ئاسان ئەو داواكارییانە بهێنێتە دی.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە پێویستە توركمانەكان ئەو زەویانەیان وەربگرنەوە كە بە وتەی خۆیان لە سنووری چەند پارێزگایەك دەستیان بەسەردا گیراوە و ئەو توركمانانەش بگەڕێنەوە كە ئاوارە بوون، ئەوە جگە لە پڕچەككرنی حەشدی توركمانی وەك هێزێكی سەربازیی بۆ ئەو پێكهاتەیە״.