چوونی وهفدهكهى بارزانی بۆ به‌غدا له‌ژێر فشارى جه‌ماوه‌رى هه‌رێمدا بوو
سازدانى: ئاژانس
ئاڵا تاڵه‌بانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى له په‌رله‌مانى عێراق جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه چوونى وهفدى مه‌سعود بارزانى بۆ به‌غدا له‌ژێر گوشارى جه‌ماوه‌رى هه‌رێمدا بووه و ڕه‌خنه له‌وه‌ش ده‌گرێت كه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد له‌وێ كۆ نه‌بوونه‌ته‌وه و ده‌شڵێت: ״بهسهرنهكردنهوهى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌ڵه‌یه‌كى گه‌وره بوو وه‌فده‌كه كردوویانه״.
ئاڵا تاڵه‌بانى له چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا باس له سرووشتى په‌یوه‌ندیى نێوان لایه‌نه كوردییه‌كان ده‌كات له به‌غدا و ئاشكرای ده‌كات كه له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كان هاوڕا نین و ده‌شڵێت: ״له‌سه‌ر ئاستى به‌غدا نزیكى له‌بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كان له نێوان یه‌كێتیى و گۆڕاندا زۆر زیاتر بووه وه‌ك له كوتله‌ى پارتى.״
ئاژانس: سه‌ره‌تا له سه‌ردانى وهفدى ئه‌مجاره‌ى هه‌رێمه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین، ئه‌و سه‌ردانه چۆن ده‌بینن وه‌ك نوێنه‌رانى كورد له به‌غدا؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: ئێمه هه‌میشه وه‌كو یه‌كێتیى خاوه‌نى ئه‌و بۆچوونه بووین كه په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا نابێت گرژیى تێدا بێت و ده‌بێت ئاسایى بێت، هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه نه‌بووین مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ندیى به‌غدا و هه‌رێم نه بۆ دیعایه‌ى هه‌ڵبژاردن نه بۆ ته‌سعید به‌رژه‌وه‌ندیى لایه‌ك به‌كار بهێنرێت، چونكه بوونى كورد له به‌غدا به‌گشتى بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى كورده، به نه‌تیجه بۆچوونه‌كه‌ى ئێمه ڕاسته ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایى بێت.
ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین وهفدى كورد بێت بۆ به‌غدا، هه‌ندێ جار یه‌كێتیى له‌سه‌ر ئاستى حزبى سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى سوننه و شیعه و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى ده‌كرد له به‌غدا، ده‌یان تۆمه‌تمان بۆ درووست ده‌كرا كه یه‌كێتیى ده‌چێت سه‌فقه‌ى خۆى ده‌كات یان به‌ته‌نها ده‌ڕوات، به‌ڵام ده‌رچوو كه یه‌كێتیى بۆ ئه‌وه هاتووه په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایى بێت، چونكه كێشه‌كانمان له به‌غدایه.
ئه‌و هاتنه‌ى وهفدى مه‌سعود بارزانى له‌ژێر فشارى جه‌ماوه‌رى هه‌رێم درووست بووه، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و زۆربه‌ى وڵاتانى ده‌ره‌وه و فشاریان كردووه چونكه ته‌ئكید له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یى خاكى عێراق ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌رى كێشه‌ى نه‌وت ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت له سه‌روبه‌ندى شه‌ڕى موسڵ ئه‌مه‌ریكا كه سه‌رۆكى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه بۆ شه‌ڕى تیرۆر ده‌یه‌وێت به هه‌موو كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى بڵێت كه عێراق وه‌زعى باشه و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا ئاساییه.
ئاژانس: ڕاوێژ به نوێنه‌رانى كورد كرا له‌سه‌ر ئه‌و سه‌ردانه؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: ئێمه ئاگادار نه‌بووین كه ئه‌و وه‌فده هاتوون و پرس و ڕاوێژیشمان پێ نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌و بانگهێشته‌ى حكوومه‌تى عێراقى بۆ كۆ بوونه‌وه له‌گه‌ڵ عەبادى ئه‌ندامێكى وه‌فده‌كه وتبووى پێویست ناكات سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان و نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌كان به‌شدار بن و بێن، به‌ڵام ناتوانم ناوه‌كه‌یت پێ بڵێم ببووره.
دیاره به هه‌موو ئه‌و تێبینییانه‌ى له‌سه‌ر وهفدى كوردى هه‌بووه بۆ به‌غدا ڕه‌خنه‌ى توند له‌وه ده‌گرم كه په‌رله‌مانیان ئیهمال كردووه، چونكه هه‌ر ڕێكکه‌وتنێك بكرێت دێته‌وه په‌رله‌مان و لاى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، بهسهرنهكردنهوهى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئه‌مه خه‌له‌لى گه‌وره بوو، ئه‌مه ئیستخفافه به ده‌نگى خه‌ڵك، غهڵهتێكى گه‌وره بوو وه‌فده‌كه كردوویانه، هۆكاره‌كه‌ى پارتى و مه‌سعود بارزانى بوون به دیارىكراوى کە موقاته‌عه‌ى په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانیان كرد چونكه پێیان وایه سه‌لیم جبوورى بووه هۆكارى متمانه‌سه‌ندنه‌وه له هوشیار زێبارى، ئه‌مه حه‌قیقه‌ت نییه و كارى یاسایى كراوه له په‌رله‌ماندا.
ئاژانس: ئه‌و سه‌ردانه پێت وا نییه به‌شێك بێت له سهفقهیهكى سیاسى بۆ درووستكردنى هاوپه‌یمانیى نوێ ئه‌وه‌نده‌ى كه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌رێمى كوردستان چووبن؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: له میدیا فهڕمییهكانى پارتى و پهرلهمانتارهكانیشیان باسیان كردووه كه هاتنى مه‌سعود بارزانى بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانێتییه‌كه له دژى ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى مالیكى و سوننه‌و هه‌ندێك له كورده‌كان كه باس له یه‌كێتیى و گۆڕان ده‌كه‌ن كه تێیدایه، باس له هاوپه‌یمانێتییه‌ك ده‌كه‌ن كه ئوسامه نوجێفى و حه‌كیم و عه‌للاوى و مه‌سعود بارزانى تێدا بێت، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتى به كۆبوونه‌وه‌ى یه‌ك كاتژمێرى ناكرێت، هه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌ك هه‌بێت ده‌بێت جێبه‌جێكردنى داواكانى كوردى تێدا بێت، نه‌ك ڕێکكه‌وتن بكرێت بۆ دژایه‌تیكردنى لایه‌كى تر.
ئاژانس: چوونى وهفدى كورد بۆ به‌غدا له سایه‌ى ناكۆكیى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له هه‌رێم له قورساییهكهى كه‌م نه‌كردووەته‌وه؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: به دڵنیاییه‌وە له قورساییهكهى كه‌م كردووەته‌وه و جوانتر بوو هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى تێدا بوایه كه نوێنه‌ریان هه‌یه له په‌رله‌مانى عێراق، به‌تایبه‌ت په‌رله‌مانى كوردستان شوێنیان له‌ناو حكوومه‌ت هه‌یه و قاعیده‌ى جه‌ماوه‌ریان هه‌یه، نه‌هاتنى خه‌له‌لێك بوو له قورساییهكهى كه‌م كردووەته‌وه و كه‌س ناتوانێ ئینكاریى لێ بكات.
ئاژانس: سه‌نگى كورد له به‌غدا چى لێ هاتووه، هه‌ست ناكه‌ن كورد له به‌غدا به ته‌واوی دابه‌ش بووه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: ناتوانم بڵێم له هه‌موو مهسهلهكاندا یه‌ك هه‌ڵوێستین، ئه‌گه‌ر وا بێت شیعاراته، هه‌تا سوننه‌و شیعه‌ش یه‌ك نین، بۆچوونه‌كانمان جیاوازه.
ئاژانس: ده‌نگدانى تۆ وه‌ك سه‌رۆكى فراكسیۆن به لادانى هوشیار زێبارى قسه‌ى زۆرى به دواى خۆیدا هێنا له لایه‌ن پارتییه‌وه، ڕه‌خنه‌تان لێ گیرا، ئه‌وه‌ى كردت ئیجتیهادى شه‌خسى بوو یان ڕاى حزبه‌كه‌شت بوو؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: به كوتله‌ى پارتیم وتووه كاك هوشیار به زۆرینه‌ى ده‌نگى په‌رله‌مانتاران ده‌رچووه، لابردنى له وه‌زیرى ده‌نگى زۆر زیاترى هه‌بوو له هیى متمانهپێدانى وه‌ك وه‌زیر، ده‌بوو فراكسیۆنى پارتى به خۆیان و په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا بچنه‌وه، چه‌ندین كوتله به سهرۆكهكانیشهوه ده‌نگیان بۆ لابردنى هوشیار زێبارى داوه به سوننه و شیعه‌وه، پێم وایه بچووكردنه‌وه‌ى ده‌نگى من له لابردنى هوشیار زێبارى ئه‌وه مه‌وزووع نییه، حزب ئه‌گه‌ر زیندوو بێت ده‌بێت باوه‌ڕى به‌وه هه‌بێت كه له شوێنێكدا شكست ده‌هێنێت و له شوێنێكدا سه‌ركه‌وتن به ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ڵام پارتى ده‌یانه‌وێت له هه‌موو پڕۆسهیهكدا یه‌كه‌م بن و سه‌ر بكه‌ون ئه‌گینا یه‌كێتیى پێش چه‌ند ساڵێك له هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان شكستى هێنا، به‌ڵام نه ده‌ستى تۆمه‌تمان بۆ هیچ لایه‌ن و كه‌سێك درێژ كرد و نه ئۆباڵهكهیمان خسته سه‌ر تاكه‌كه‌سێك، به‌ڵكو یه‌كێتیى به سیاسه‌تى خۆیدا چووه‌وه و خۆى ئاماده كرد بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق، ده‌نگه‌كانى زیادى كرد و كورسییهكانیشى زیادى كرد، پارتى فێرن ده‌یانه‌وێت له هه‌موو شتێك بیبه‌نه‌وه‌و براوه بن، له جیاتى ئه‌وه‌ى بێن پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تى خۆیاندا بكه‌نه‌وه، سیاسه‌تیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كان له به‌غدا یه‌كێتیى و گۆڕان و ئیسلامییه‌كان موراجه‌عه بكه‌نه‌وه نه‌ك ئه‌وه‌ى مه‌سه‌له‌ى كاك هوشیار بخه‌نه ئه‌ستۆى یه‌ك كه‌س یان تاكهحزبێك.
ئاژانس: ئه‌ى ده‌نگدانى خۆت به لابردنى هوشیار زێبارى؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: ئه‌مه ڕاى شه‌خسیى خۆم بووه و به پشتبه‌ستن بووه به هه‌ندێ شت كه ده‌نگم به متمانهسهندنهوهى داوه.
ئاژانس: ڕێكکه‌وتنى ستراتیژیى یه‌كێتیى و پارتى له‌سه‌ر ئاستى به‌غدا بوونى ماوه؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: هه‌ر ئێمه نین، سوننه و شیعه‌ش هاوپه‌یمانێتییان هه‌یه به‌ڵام مه‌رج نییه یه‌ك قه‌ناعه‌ت و یه‌ك ڕه‌نگ بن، ئه‌مڕۆ حاڵه‌تێكى نوێ له‌ناو په‌رله‌مانى عێراق هه‌یه، له دواى ئه‌و هێرشه‌ى كرایه سه‌ر بیناى په‌رله‌مانى عێراق له لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه هاتنه سه‌ریان كه به‌كارى خۆى هه‌ڵناسێت، كار ناكات و موساوه‌مه ده‌كات، ئه‌مڕۆ حه‌ره‌كه‌یه‌ك له‌ناو په‌رله‌ماندا هه‌یه مه‌رج نییه گوێ له‌سه‌روو خۆى بگرێت، ئه‌گه‌ر بزانێت لە به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵكدا نییه، چاكسازى موحارهبهكردنى گه‌نده‌ڵییه، جا ئه‌مه نه‌ك له‌ناو فراكسیۆنه كوردییه‌كان له‌ناو هه‌موو كوتله‌كاندا هه‌یه.
ئاژانس: هه‌ست ده‌كرێت ڕێكکه‌وتنى گۆڕان و یه‌كێتیى ئه‌كتیڤتره له ڕێكکه‌وتنى ستراتیژی له به‌غدا؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: له‌سه‌ر ئاستى به‌غدا نزیكى له بۆچوونه‌كان هه‌ڵوێسته‌كان له نێوان یه‌كێتیى و گۆڕان زۆر زیاتر بووه وه‌ك له كوتله‌ى پارتى، درووستكردنى ڕێكکه‌وتنێك له نێوان گۆڕان و یه‌كێتیى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى پته‌وتر كرد بۆ كارى هاوبه‌شمان.
یه‌كێتیى و گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى له به‌شێكى زۆرى شته‌كاندا تا ئێستا موته‌فقین، براده‌رانى یه‌كگرتوو له هه‌ندێ شت له‌گه‌ڵماندا موتهفقن له هه‌ندێ شت ڕه‌نگه له ئێمه‌وه نزیك نه‌بن، به‌ڵام ئاساییه، ئه‌و حاڵه‌ته نه‌ماوه بۆ هه‌موو شته‌كان یه‌كده‌نگ بین.
ئاژانس: ڕه‌خنه له ڕۆڵى سه‌رۆکكۆمار ده‌گیرێت به‌وه‌ى كارا نییه به‌و شێوه‌یه‌ى كه پێویسته؟ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ئه‌و ڕه‌خنه‌یه بوونى هه‌یه، كه وه‌ك تاڵه‌بانى نییه؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: غه‌در ده‌كه‌ین كاك دكتۆر فوئاد به مام جه‌لال موقاره‌نه بكه‌ین، چونكه مام جه‌لال كه‌سایه‌تییه‌كه‌ى خۆى واى كرد دیار بێت، سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق كورسییه‌كه‌ى كردوویه‌تى به‌و كه‌سه، به شانازییه‌وه مام جه‌لال ناوى دابوو به كورسیى سه‌رۆككۆمار، ده‌نا به پێى ده‌ستوور سه‌رۆككۆمار ئه‌وه‌نده ده‌سه‌ڵاتى نییه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه سه‌رۆككۆمار ئه‌و هه‌موو ڕووداوه‌ى له عێراقدا ڕوو ده‌دات ڕۆڵى نه‌بێت له هه‌ندێ له مهسهلهكاندا، بۆ نموونه ئه‌و كارانه‌ى توركیا ده‌یكات له چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا وه‌كو په‌رله‌مانى عێراق بڕیارمان ده‌ركرد سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراق باسى كرد كه هاتنى سوپاى توركیا نایاساییه، ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى به سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌مه‌ریكا، بوونى جه‌یشى توركیى به نایاسایى باس كرد، به‌ڵام سه‌رۆككۆمار ده‌بێت ده‌ستوور بپارێزێت، حه‌ق وا بوو مهوقیفێكى وازحى هه‌بوایه له‌سه‌ر هاتنى سوپاى توركیا بۆ ناو عێراق، ئه‌مه گله‌یى هه‌مو لایه‌نه‌كانه نه‌ك ته‌نها گله‌یى یه‌كێتیى خۆى بێت.
ئاژانس: باس له ناردنى هه‌ندێ سولفه له لایه‌ن به‌غداوه بۆ هه‌رێم ده‌كرێت، تا چه‌ند پێت وایه به‌غدا پاره ده‌نێرێت یان هێشتا ڕوون نییه؟
ئاڵا تاڵه‌بانى: تا ئێستا ڕوون نییه ڕێكکه‌وتن كراوه یان ده‌كرێت، باس له هاتنى پاره بۆ هه‌رێم تا ئێستا گومانم لێى هه‌یه، ئه‌مڕۆ عێراق ئهزمهى مالى و ئابووریى گه‌وره‌ى هه‌یه، نازانم له‌ژێر چ ناوێك حه‌یده‌ر عەبادى پاره بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، ناردنى هه‌ر ئیستحقتقێك بۆ هه‌رێمى كوردستان پابه‌نده به ته‌سلیمكردنى نه‌وتى كه‌ركوك و هه‌رێمه‌وه، ئه‌گه‌ر ڕێكکه‌وتن له‌سه‌ر نه‌وت نه‌كرێت ناردنى پاره به‌م شكڵه ئاسایى نییه، كه‌ى وهفدى حكوومه‌تى هه‌رێم هاته به‌غدا ڕێكکهوتنێكى شه‌فاف نه‌كرێت له موازنهدا جێگیر نه‌كرێت و نه‌یه‌ته په‌رله‌مان، پێم وایه ناردنى پاره تا ئێستا ته‌نها قسه‌یه.