چه‌مكى ״ڕێكخستنى جیهانی״ـی ئیخوان موسلیمین و تایبه‌تمه‌ندییه جیهانییه‌كانى دنیاى نوێ
ئاژانس
هه‌ر له سه‌ره‌تاى درووستبوونى ڕێكخراوى ئیخوان موسلیمینه‌وه له ساڵانى 1920ـەوە له‌سه‌ر ده‌ستى حه‌سه‌ن به‌نناو هاوڕێكانى، ئه‌و ڕێكخراوه بۆ ئه‌وه درووست نه‌كرا كه ته‌نها گۆڕانكاریى له وڵاتێكى ئیسلامیى وه‌ك میسڕدا بكات، به‌ڵكوو خه‌ونى ئه‌و ڕێكخراوه زۆر له‌وه گه‌وره‌تر بیرى ده‌كرده‌وه، ئه‌و هه‌موو جیهانى ئیسلامى و پاشان گۆى زه‌ویى له‌بیردا بوو.
ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رچى وه‌ك ئه‌ده‌بیات سه‌رنجڕاكێش بوو، به‌ڵام به دیوه مێژووییه‌كه‌یدا نه‌ك ته‌نها گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ مێژووى دێرینى ئیسلام، به‌ڵكوو ״ڕاگرتنى مێژوو بوو״ وه‌ك توێژه‌رى عه‌ره‌بیی سامیح ئیسماعیل باسی ده‌كات.
هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه له هۆكانى ئه‌وه‌ى كه پاش سه‌ده‌یه‌ك له خه‌بات ئیخوان موسلیمین نه‌یتوانى له هیچ شوێنێك سه‌ركه‌وتوو بێت، وه‌ك دواهه‌مین كه‌وتن له میسڕ.
بنه‌ماكانى چه‌مكى به‌جیهانیبوون لاى ئیخوان
بیرۆكه‌ى جیهانیبوونى ئیخوان موسلیمین له‌سه‌ر دوو بنه‌ماى ئاسایی دامه‌زراوه، ئه‌وانیش جیهانێتیى خودى ئایینى ئیسلام، كه وه‌ك ئایدیۆلۆژیاى سیاسى و فیكریی ڕێكخراوه‌كه‌یه، هه‌روه‌ها خودى ڕێكخراوه‌كه و درووستبوونى له كاردانه‌وه‌ى كه‌وتنى خه‌لافه‌تى عوسمانى وه‌ك دواهه‌مین پێگه و ده‌سه‌ڵاتى ئیسلامى سیاسی‌دا هات ئه‌مه‌ش واى كرد كه ڕێكخراوه‌كه دان به‌و سنوورانه‌دا نه‌نێت كه كۆڵۆنیالیزم له پاش هاتنى بۆ جیهانى ئیسلامى درووستى كرد.
له سه‌ره‌تاكانى درووستبوونى ئیخواندا، ئیخوان موسلیمین به پراكتیكى كه‌وته جێبه‌جێكردنى پلان و نه‌خشه‌ى به‌جیهانیبوون.
نێردراوه‌كانى ئیخوان موسلیمین دواى ئه‌وه‌ى ئیخوان له میسڕ ڕه‌گى داكوتا، كه‌وتنه سه‌ردانكردنى زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان، بۆ گه‌یاندنى به‌رنامه و بانگه‌وازى ئیخوان موسلیمین و ئیمامه‌كه‌یان حه‌سەن ئه‌لبه‌ننا. ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌شێك له باوه‌ڕبوون به ״عاله‌میه‌ت״ى ״یونیڤیرساڵیی״ ئیسلام و باوه‌ڕ نه‌بوون به سنووره‌كانى نێوان وڵاتانى ئیسلامى.
له‌و شوێنانه‌ش كه ئیخوان موسلیمین سه‌ردانى كرد عێراق و كوردستان بوون، كه به چه‌ند سه‌ردانێك توانییان خشتەى یه‌كه‌مى ڕێكخستهنكانى خۆیان درووست بكه‌ن.
نووسه‌رى میسڕى سامیح ئیسماعیل پێى وایه، ئیخوان موسلیمین ڕێكخراوێك نییه باوه‌ڕى به‌و چوارچێوه سیاسییانه هه‌بێت، كه له دواى جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌م و دووه‌م له ناو جیهانى ئیسلامی‌دا له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانى زلهێزه‌وه دانراون.
ناوبراو له توێژینه‌وه‌یه‌ك به ناوى ״ئایا ئیخوان موسلیمین ده‌وڵه‌تى نیشتیمانییان قوت داوه״ باس له‌وه ده‌كات، كه بیرۆكه‌ى ئیخوان موسلیمین بۆ ده‌وڵه‌ت له بنه‌ماوه له‌سه‌ر دوو بنه‌ماى ده‌وڵه‌تى دینى و نادینى دامه‌زراوه و ئه‌و قوتابخانه‌یه باوه‌ڕى به ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه نییه، كه له پاش جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌م و پێشتریش مرۆڤایه‌تى به‌ره‌و ئه‌و جۆره له ده‌وڵه‌ت ملى ناوه.
ئه‌و ده‌نووسێت: له كاتێكدا جیهان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕۆیشت، كه میلله‌تان له‌سه‌ر بنه‌ماى قه‌ومى و جوگرافیی ده‌وڵه‌ت دابمه‌زرێنن و جیهان به‌ره‌و جهمسهرگیرییهكى تووند له نێوان بلۆكى ڕۆژهه‌ڵات به سه‌رۆكایه‌تیى یه‌كێتیى سۆڤییه‌ت و بلۆكى ڕۆژئاوا به سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌مەریكا و به‌ریتانیا ده‌ڕۆیشت، ئیخوان موسلیمین هاتن و به پێچه‌وانه‌ى ڕێره‌وى مێژوو، مرۆڤایه‌تییان دابەش كرد به‌سه‌ر دوو ده‌وڵه‌تدا، ده‌وڵه‌تى كوفر و ده‌وڵه‌تى ئیسلام.
وه‌همى ״مامۆستایهتیكردن״ى جیهان
سامیح ئیسماعیل له‌و توێژینه‌وه‌یه‌ى، كه له پێگه‌ى حهفریات بڵاوى كردووەته‌وه ده‌نووسێت ״له كاتێكا جیهان به‌ره‌و تایبه‌تمه‌ندێتى و فه‌ردانییه‌ت ده‌ڕۆیشت و میلله‌تان له‌سه‌ر بنه‌ماى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى خۆیان ده‌وڵه‌تیان درووست ده‌كرد، ئیخوان موسلیمین هات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بنه‌ماى ئایینى و تیۆرى كه زیاتر له وه‌همه‌وه نزیك بوو تا له واقیع، جیهانى بۆ ده‌وڵه‌تى دینى و نادینى دابه‌ش ده‌كرد و باسى له پێشڕه‌وایه‌تیى ئیسلام و مامۆستایه‌تى مسوڵمانانی بۆ جیهان ده‌ركرد و پێیان وا بوو ئه‌وان مامۆستاى جیهانن و چه‌مكى ״استاذیه العالم״ مامۆستایه‌تى، یان پێشڕه‌وایه‌تیی جیهانیان ڕاده‌گه‌یاند، به‌ڵام ئه‌مه‌ش وه‌همێك زیاتر هیچى تر نه‌بوو چونكه جیهان به‌ره‌و جیگایهكى تر هه‌نگاوى ده‌نا و میلله‌تانى مسوڵمانیش به ده‌ست هه‌ژارى و دواكه‌وتنه‌وه ده‌یانناڵاند.
توێژینه‌وه‌كه‌ى سامح ئیسماعیل تاكه توێژینه‌وه نییه له‌و بواره‌دا. به‌ڵكوو چه‌ندین توێژه‌رى تریش باسیان له چه‌مكى جیهانیبوونى ئیخوان كردووه.
خودى ئه‌ده‌بیاتى سیاسى و فیكریی ئیخوان موسلیمین و ته‌نانه‌ت ڕێكخستنهكهشى هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دامه‌زراوه، به‌ڵام هه‌ر خودى ئه‌م شمولییه‌ت و به‌جیهانى بیركردنه‌وه‌یه له زۆر كات و ساتى مێژوویی‌دا و له زۆر شوێن زیانى به خودى ڕێكخراوه‌كه له میسڕ و له زۆر شوێنى تریش گه‌یاندووه.
جیهانیبوونى ئیخوان خاڵى لاوازى و به‌هێزیی
ئه‌م بیرۆكه‌ى به‌جیهانیبوونه له یه‌ک كاتدا هه‌م خاڵێكى به‌هێز بوو بۆ ڕێكخراوه‌كه و هه‌م خاڵێكى لاوازیش بوو له ڕووى پراكتیكییه‌وه.
خاڵى به‌هێز بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌و بیرۆكه‌یه ئیخوان موسلیمین توانیان له سه‌رتاسه‌رى جیهانى ئیسلامی‌دا هه‌وادار و دۆست په‌یدا بكه‌ن، له هه‌موو نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا ڕێكخستن و باڵ دابمه‌زرێنن، ئه‌مه له كاتێكدا جیهانى ئیسلامى به ته‌واوى دابه‌ش و لاواز ببوو، به هۆى داگیركاریى كۆڵۆنیالیزمه‌وه تووشى داڕووخان و لهیهكپچڕان ببوو، به‌ڵام ئیخوانه‌كان توانییان له‌مسه‌رى ڕۆژهه‌ڵات بۆ ئه‌وسه‌رى ڕۆژئاوا جیهانى ئیسلامى به یه‌كه‌وه ببه‌ستنه‌وه و ڕێكخستن و قوتابخانه درووست بكه‌ن.
به‌ڵام خاڵى لاوازییش ئه‌وه بوو كه خودى ئه‌م ڕێكخستنه جیهانییه بێسنووره بووه هۆى ئه‌وه‌ى هه‌موو وڵاتان هه‌ست به‌وه بكه‌ن، كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى هاوبه‌ش چوارده‌ورى داون و پێویسته ئه‌وانیش بۆ له‌ناوبردنى یه‌ك بگرن.
هه‌ر بۆیه كاتێك ڕێكخراوه‌كه له میسڕ یا سوریا یا عێراق ده‌چووه پێشه‌وه هه‌موو حكومه‌ته‌كان هاوبه‌شییان ده‌كرد له سه‌ركوتكردنى ئه‌و ڕێكخراوه و هێنانهدواوهى.
نزیكترین نموونه سه‌ركه‌وتنى محەمەد مورسی بوو له میسڕ، كه چۆن ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئیمارات و سعودیه و زۆرێكى تر له وڵاتانى دیكه‌ى هێنایه سه‌رخه‌ت بۆ خستنى محەمه‌د مورسی و سه‌رۆكه ئیخوانییه‌كه، چونكه ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى ئیخوان بووژانه‌وه‌ى ڕێكخستن و شانه و پۆله‌كانى ئیخوانى به‌دوادا ده‌هات له‌و وڵاتانه، هه‌ر بۆیه هه‌موو ئه‌و وڵاتانه ده‌ستیان وه‌ردایه میسڕ بۆ له‌ناوبردنى حكومه‌ته‌كه‌ى محەمەد مورسی و سه‌ره‌نجام خستیان.
خاڵێكى تر‌ى لاوازیى جیاوازیى كێشه سیاسییه‌كان و جیاوازییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه له‌م وڵات بۆ ئه‌و وڵات، ئه‌مه‌ش له مەسهلهى كورد له هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستان به ڕوونى ده‌ركه‌وت، كه چۆن هه‌ڵوێستى ئیخوان موسلیمین له وڵاتانى دیكه به خراپ به‌سه‌ر هه‌وادارانى ئیخوان له كوردستان یان له وڵاتێكى تر ده‌شكێته‌وه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه هه‌ڵوێستى ئه‌وانیش نه‌بێت.
لاوازیى پراكتیكى
خاڵێكى تر نه‌بوونى مهركهزییهتى ڕێكخراوه‌یی بوو له‌م ڕێكخستنه نێوده‌وڵه‌تییه‌دا، ئایا به ڕاستى ئیخوان موسلیمین تواناى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و تۆڕه زه‌به‌لاحه‌یان هه‌یه؟ كه بێگومان نه‌خێر هه‌ر بۆیه ده‌بینین هیچ كات ئیخوان موسلیمین نه‌یتوانیوه به‌م ڕێكخستنه نێوده‌وڵه‌تییه هیچ كه‌یسێكى خۆى به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت، یان له وڵاتێكه‌وه لۆبى بۆ وڵاتێكى تر بكات.
له‌م باره‌یه‌وه عه‌بدوڵڵا، ڕێشاوى نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر له بوارى پارته ئیسلامییه‌كان بۆ ״ئاژانس״ وتى: ״سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین چه‌مكى جیهانیبوونى ئیخوان له سه‌ره‌تاوه په‌یوه‌ندیى به تێگه‌یشتن و هه‌ست و سۆزى مسوڵمانانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه هه‌بووه، سه‌رده‌مى دواى كه‌وتنى خه‌لافه‌ت، سه‌رده‌مێك هێشتا سیاسییه ئیسلامییه‌كان باوه‌ڕیان به هێنانه‌وه‌ى خه‌لافه‌ت هه‌بوو، باوه‌ڕیان به سنووره ده‌ستكرده‌كان نه‌بوو، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى هه‌موو جیهانى ئیسلامی‌یان به یه‌ك ده‌زانى، سه‌رده‌مێك هێشتا چه‌مكى ناسیۆنالیزم له ناو جیهانى ئیسلامی‌دا به تایبه‌ت لاى ئیسلامییه‌كان ڕهتكراوهبوو.״
به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا و واقیعه جیاوازه‌كانى جیهانى ئیسلامى، ڕووداو و پێشهاته‌كان، جیاوازیی بیركردنه‌وه و جیاوازیى واقیعى سیاسی له‌م وڵات بۆ ئه‌و وڵات، هه‌روه‌ها جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی، جیهانێتیى ئیخوان موسلیمین كاڵ بوویه‌وه و تووشى گرفت هات.
جیهانیبوونى ئیخوان نه‌یتوانى له‌گه‌ڵ جیاوازییه واقیعییه‌كانى كۆمه‌ڵگە مسوڵمانه‌كاندا كه ته‌نها ئایینیان یه‌كه ڕێ بكات، بۆیه ئه‌م ڕێكخستنه نێوده‌وڵه‌تییه ته‌نها وه‌ك ئه‌فسانه‌یه‌كى لێهاتوو و له ڕووى عه‌مه‌لییه‌وه كاریگهرییەكى ئه‌وتۆى نه‌ما.
له زۆر وڵاتیش سه‌ركرده ئیسلامییه‌كان تایبه‌تمه‌ندیى خۆیان ڕاده‌گه‌یاند و جیاوازیى خۆیان له‌گه‌ڵ ئیخوان ئاشكرا ده‌كرد وه‌ك ڕاشید غه‌نوشى و بزووتنه‌وه‌ى نه‌هزه له توونس.
عه‌بدوڵڵا ڕێشاوى پێى وایه، ״ئه‌م ڕێكخستنه جیهانییه زیاتر له خه‌ونێك ده‌چێت كه لاى ئیخوانه‌كان خه‌ونێكى خۆشه و لاى نه‌یاره‌كانیشیان مۆته‌كه‌یه‌كى بێزاركه‌ره.״
ناوبراو پێى وایه، ئیخوان موسلیمین له‌و ڕێكخستنه جیهانییه زیاتر زیانى بینیوه نه‌ك قازانج و ده‌پرسێت: كه ئیخوان موسلیمین ئه‌و هه‌مووه زوڵم و نه‌هامه‌تییه‌ى له میسڕ به‌سه‌ر هات بۆچى ڕێكخستنه‌كانى له وڵاتانى تر نه‌جوڵاند تا فشارێك له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كان درووست بكه‌ن یان لانى كه‌م قونسڵخانهكانى میسڕ له وڵاتان بخه‌نه ژێر فشار و ههڕەشهوه؟
له ڕاستیدا له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تییه‌كانى ئیخوان له میسڕ، ئێمه كاردانه‌وه‌یه‌كى وامان نه‌بینى كه كاردانه‌وه‌ى ڕێكخستهكانى ئیخوان بێت له دنیا، ئه‌وه‌ى بینیمان ته‌نها هاوسۆزى و هاوخه‌میى ئه‌و مسوڵمانانه بوو كه تهعاتوفێكى ئایینى و فیكرییان له‌گه‌ڵ ئیخوان هه‌یه. ئه‌ویش ته‌نها له‌و وڵاتانه‌ى ئه‌ورووپا كه جالیه‌ى میسڕییى لێیه، له‌گه‌ڵ پاكستان كه تهعاتوفێكى جه‌ماوه‌رى ئیسلامى بۆ هه‌موو كه‌یسه‌كانى جیهانى ئیسلامى له‌و وڵاته هه‌ر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زه‌وى كاریگه‌رییه‌كى درووست نه‌كرد.
به بۆچوونى ناوبراو ڕێكخستنى نێوده‌وڵه‌تیى ئیخوان ئه‌گه‌ر وجودێكى فیعلیی هه‌بوایه وه‌ك ئه‌وه‌ى دۆست و دووژمن باسى ده‌كات، ئه‌وا له سه‌رده‌مى كه‌وتنى ئیخواندا یان له سه‌رده‌مى له‌ناوبردنى ئیخواندا به‌ردێكیان له جێى خۆى ده‌جوڵاند، بۆیه ده‌پرسێت: كه‌واته ئه‌م ڕێكخستنه له كوێیه و ئیشى چییه و بۆ كه‌ى خۆى هه‌ڵگرتووه؟ یان وه‌ك چه‌قۆى كابرا بۆ ڕۆژى ڕه‌ش هه‌ڵگیراوه؟
له ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌و لێدانانه‌ى به‌ر ئیخوان موسلیمین كه‌وتووه له میسڕ، هه‌روه‌ها به هۆى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه و وڵاتێك، ئه‌وا ڕێكخستنى نێوده‌وڵه‌تیی ئیخوان موسلیمینش زیانى زۆرى به‌ركه‌وتووه و پێده‌چێت ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى مێژوو و قوتابخانه و ئه‌ده‌بیاتى ئایینى–سیاسى ، ئیخوانه‌كان هاوبه‌شیان مابێت و چه‌مكى جیهانێتیى ئیخوان ورده ورده له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانى جیهاندا به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ڕۆیشتووه.