د.سەردار عەزیز
لێرەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە بوونیاد بنێم ئەگەر هێزە عەلمانییە ناسیونالیستە تورکەکان لەسەر دەسەڵات بوونایە تورکیا بەو جۆەر پەلکێشان و فراوانخوازی و خەونی ئیمپڕاتۆرییەت لە کەڵکەڵەی نەدەدا.
تورکە ناسیونالیستەکان، تەنها ناسیونالیست نەبوون، بەڵکوو وەک زۆر لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی دەری دەخات، هەتا ئاستێک زۆر ڕەگەزپەرست بوون. وەک کوردێک ئێمە ڕەنگە پێویست بە توێژینەوە نەکات بۆ ئەوەی لە ئەمە تێبگەین. بەڵام تورکە ناسیونالیستەکان دونیابینییان لە ئیسلامییەکان جیاواز بوو. هەرچەندە هەندێک هەن لە تورکیا دەڵێن کە شتێک هەیە بەناوی سینتەسییسی ئیسلامی ناسیونالیستی: بە مانای تێکەڵکردنی هەردووکیان. ئەم خەڵکانە کەمالییەکان و تۆرانییەکان دەخەنە دەرەوە. بەڵام کەمالییەکان و تۆرانییەکان بەشی هەرە زۆری ناسیونالیستە تورکەکان پێک دەهێنن. بەم پێیە جیاوازی هەیە لەنێوان کەمالییەکان و ئیسلامییەکاندا، سەرباری بوونی هاوبەشیی زۆر.
یەکەم، دیدی ستراتیژیی کەمالییەکان لە وتەکەی ئەتاتورکدا کورت دەبێتەوە؛ کە دەڵێت: ئاشتی لە ناوەوە، ئاشتی لە دەرەوە. بەو مانایە تورکیا دەبێت فۆکەس بکات لەسەر ناوەوەی. ئەگەر لە ناوەوە ئاشتی هەبێت ئەوا لە دەرەوەش ئاشتی دەبێت. ئیسلامییەکان، بە تایبەت داودئۆغڵوو، ئەمە بە هەڵە دەزانن و وەها دەبینن، کە دەبێت تورکیا بکشێت بۆ دەرەوە بۆ ئەوەی ناوەوەی بپارێزێت. ئەگەر تورکیا نەکشێت بۆ دەرەوە، ئەوا ناتوانێت ناوەوەشی بپارێزێت. بەم پێیە داودئۆغڵوو و ئیسلامییەکان پەلکێشان و فراوانخوازی و داگیرکاری وەک ڕێگایەک دەبینن بۆ بەهێزکردنی تورکیا. دیارە ئەم پڕۆسەیە بە هەردوو شێوازی ئاشتی و بازرگانی لەگەڵ سەربازی و تووندوتیژیدا بەڕێوە دەچێت.
کەواتە لەم خاڵەدا کەمالییەکان و ئیسلامییەکان دژ بە یەکن.
دووەم، کەمالییەکان و ئیسلامییەکان خاوەنی دوو یادەوەری و خەیاڵی داهاتووی تەواو پێچەوانەن. بۆ کەمالییەکان عوسمانییەکان ئەو ڕابردووەیە، کە دەبێت لەبیر بکرێت. بۆ ئیسلامییەکان عوسمانییەکان ئەو ڕابردووەیە کە دەبێت یاد بکرێتەوە. لێرەدا جوگرافیای خەیاڵی هەردوو گرووپەکە دەردەکەوێت. لای کەمالییەکان دەبێت تورکیا پشت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و بەرەو ڕۆژئاوا بڕوات. ئەفسانەی کەمالییەکان وەهایە، کە ئەوان چەندین سەدەیە بەڕێگاوەن بەرەو ڕۆژئاوا. لەم ڕوانگەیەوە، کەمالییەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کەمتر دەبینن و خۆیان بە باڵاتر دادەنین. تورکە ئیسلامییەکان بە پێچەوانەوە هاتنەوە بۆ سەرزەمینەکانی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی بەو جۆرە دەبینن، کە دەبێتە مایەی خێر و داهات و بەهێزبوونیان. بە جۆرێک پاش باڵابوونیان بەسەر ئەم پانتاییانەدا، ئەوا دەتوانن هاوتای ڕۆژئاوا بن و بە هێزەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکەن. بەم جۆرە، ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا خەونی کەمالییەکان بوو، هەتا ببنە ئەورووپی، کە سەدەیەک خەونی پێوە دەبینن. بۆ ئیسلامییەکان هاتنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و بوون بە کوێخای ڕۆژهەڵاتییەکان وەهایان لێ دەکات کە بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاودا بکەن.
سێیەم، سوپای تورکی کە ئەیجینتی سەرەکیی کەمالییەکانە، خاوەنی جۆرێکی تایبەتە لە سیستمی مەدەنی- سەربازی، یان خاوەنی جۆرێک لە سیستم بوو. چونکە کەمالییەت سەرەتا بە سەربازی دەستی پێ کرد، سوپا وەک کۆڵەکەی ئەم ڕەوتە مایەوە. هەتا ئەمڕۆ سوپای تورکی زۆر لە هەموو بوارەکانی تری حکومەت لە لای خەڵک جێگەی ڕێزە. بەڵام سوپای تورکی تەنها سوپا نەبوو. سوپا، پارێزەری دەوڵەت و حکومەت بوو. حکومەتی ڕاستەقینە بوو. سوپا خاوەنی پشکی گەورەی ئابووری بوو. هەروەها سوپا خوازیاری شەڕ نەبوو. وەک بۆڵتن لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ دەدات سوپای تورکی حەزیان لەوە نەبوو کە بچنە ناو سوریا. بەڵام ئیسلامییەکان پەیوەندییەکی دژایەتی و ئاڵۆزیان هەیە لەگەڵ سوپادا. گەرچی ئیسلامییەکان سوپا بە درێژەی سوپای عوسمانی دەزانن و هەموو سەربازێكی تورکی ناوێکی سیمبوولی هەیە کە مەهمەتە. بەڵام سوپای تورکی ئەندامی ناتۆ و سێکویلار بوو. وەک دەزانرێت سێکویلارە تورکەکان کەمینەن. بۆیە سوپا هەمیشە ئیسلامییەکان وەک نەیار و مەترسی دەبینێت. ئەمە بە هەمان شێوەی لای ئیسلامییەکانیش وەهایە. بۆیە بێبڕواییەک هەیە لەنێوان سوپا و ئیسلامییەکاندا. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا هەوڵ دراوە کە سوپا بکرێتە ئیسلامی. ئەم بێبڕواییەیە کە ئیسلامییەکان هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە سوپای هاوتەریب دروست بکەن، چەکدارکردنی موختار و هەروەها چەکدارکردن و بە یاساییکردنی پاسەوانانی شەو هەموو لە پێناو ئەم ئامانجەدایە. لەسەر بنەمای ئەم ئارگومێنتە، ئەگەر ئیسلامییەکان لەسەر حوکم نەبوونایە ئەوا سوپای تورکی ئەجێندای فراوانخوازیی نەدەبوو، چونکە لە ڕووی خۆشگوزەرانی و سودمەندی و ئەندامێتیی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا بەسوودی نەدەشکایەوە. بەڵام ئیسلامییەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی شەڕەوە سوپا سەرقاڵ بکەنەوە لە ناوخۆ.
چوارهەم، لە پرسی کورددا ڕەنگە دۆخێکی تایبەتی هەبێت. تورکە ئیسلامییەکان باوەڕیان وەهایە، کە لە ڕێگەی ئیسلامەوە دەتوانن ناسیونالیزمی کوردی کۆتایی پێ بهێنن و کورد بکەنە بەشێک لە پڕۆسەکەیان. ئەم ستراتیژە لە هەردوو باکوور و باشوور کار دەکات. پەیوەندیی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە باشوور بەم ئاڕاستەیە، هەروەها پەیوەندیی ئاک پارتی و پارتە ئیسلامییەکان لە باشوور. ئاک پارتی وەها دەبینێت کە لە باکوور دەتوانێت لە ڕێگەی کۆنزێرڤەتیزمی ئیسلامییەوە کورد بۆخۆی ڕابکێشیت. ئەم دیدەیە کە پەکەکەی وەها لێ کردووە لە پڕۆسەی ئاشتی بترسێت. پەکەکە وەها دەبینێت کە ئاک پارتی بۆیە ئاشتیی دەوێت یان دەیوست بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاشتییەوە ڕۆڵی پەکەکە نەهێڵێت. بۆیە خیتاب و کرداری پەکەکە بە پێچەوانە بووەوە. بەم پێیە ئیسلامییەکان وەها دەبینن، کە دەتوانن کورد بکەن بە ئیسلام و بیکەنە بەشێک لە پڕۆژەی خۆیان. کەمالییەکان ناتوانن دان بە کورددا بنێن. ئەم بنەمایە دەمانبات بۆ ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەگەر ئیسلامییەکان لەسەر حوکم نەبوونایە و تورکە کەمالییەکان لەسەر حوکم بوونایە، پەیوەندیی تورکیا و باشوور چۆن دەبوو؟
لە ساڵی ٢٠١٢ لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە، لەگەڵ فاروق لۆگئۆغڵوو دانیشتم. فاروق نەک هەر ئەو کاتە جێگری سەرۆکی جەهەپە بوو، بەڵکوو یەکێکە لە گەورە دیپلۆماتەکانی تورکیا. بە دیدی ئەو ئەگەر ئەوان لەسەر حوکم بوونایە ئەوا تەنها لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا مامەڵەیان دەکرد. بەو مانایە دانیان بە حکومەتی هەرێمدا نەدەنا. بەڵام بە مانای ئەوە نییە کە دەستوەردانیان نەدەکرد. چونکە مێژوو پێمان دەڵێت کە شەڕی ناوخۆی کوردی بووە هۆکاری ئەوەی کە تورک بێن بۆ باشوور و بنکە دابنێن. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە بەرجەستەکردنی دووئیدارەیی لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی واشنتۆنەوە. هەموو ئەمانە دەری دەخەن، کە تورکیای عەلمانی لە دیدی ناوخۆییەوە دەرەوەی دەبینێت، ئامانجی گرتن و بردن و دەستبەسەرداگرتن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و گۆڕینی جوگرافیا و دیمۆگرافیا نییە. تورکە عەلمانییەکان دڕندەن بەرامبەر کوردەکان لەناو تورکیا، بەڵام دەیانەوێت خۆیان بپارێزن لە کوردەکانی دەرەوە. ئەم دیاردەیە لە پرسی موسڵەوە دەست پێ دەکات. بەڵام ئیسلامییەکان تینووی سامان و خاک و دەسەڵات و خەلافەتن و سڵ ناکەنەوە لە هیچ ئامڕازێک لەم پێناوەدا.