ئەوەی بە ناوی دەستوورەوە دانراوە بۆ قڕکردنی کوردە
سازدانی: هێمن حەسەن
ئایشە ئاکار باشاران، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان ״هەدەپە״ لە پەرلەمانی تورکیا، ئاشکرای دەکات زیاتر لە ٦ ملیۆن کورد لە تورکیا بە ״نەخێر״ دەنگ بە دەستوور دەدات لە ڕیفراندۆمی ١٦ـی ئەم مانگەدا و دەڵێت: ״دەستوورەکەی ئەکەپە لە ڕیفراندۆمدا شکست دەهێنێت.״
پەرلەمانتارەکەی هەدەپە لە چاوپێکەوتنێکی ״ئاژانس״دا هۆکاری ڕەتکردنەوەی دەستوور لە لایەن کوردەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، ״دەستوورەکە بۆ قڕکردنی کوردە و تەنیا لە خزمەتی ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێداندایە.״
ئاژانس: ئێستا كاروچالاكییەكانی گەلی كورد لە باكووری كوردستان بۆ ڕاپرسیی 16ی نیسان چۆن بەڕێوە دەچێت؟
ئایشە ئاكار باشاران: خەبات و تێكۆشانی ئێمە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمی شانزەی نیسان بەردەوامە، بەڵام خەباتێكی قورس لە بەردەمماندایە، پارتی داد و گەشەپێدان ״ئەكەپە״ كێشە و بەربەستی زۆر درووست دەكات و میتینگەكان هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەندام و لایەنگرانمان دەستگیر دەكات، ئەو كەسانە دەستگیر دەكەن كە درووشمی نا بەرز دەكەنەوە یان كاری بۆ دەكەن، بەڵام کوردەکان پێیان وتوون ئەگەر ماڵەکانیشمان بسووتێنن ئێمە هەر بە نەخێر دەنگ بە دەستوور دەدەین، ئێمەش هەر بەردەوامین، پشتیوانییەكی زۆر لە لایەن گەلەوە هەیە بۆ ڕەتكردنەوەی دەستوورەكەی ئەكەپە.
ئاژانس: مەبەستی دەوڵەتی ئەكەپە چییە لەو فشارانەی دەیكات لەسەر گەلی كورد ئایا بۆ ترساندنی گەلی كوردە؟
ئایشە ئاكار باشاران: هەم بۆ ترساندنی گەلی كوردە، هەمیش لە ترسی بێهیوابوونی خۆیانە، چونكە بۆیان دەركەوتووە گەلی كورد و گەلی توركیاش زۆرینەی لەگەڵ نەخێرە بۆ دەستوور، بۆیە ئەكەپە لە پاشەڕۆژی خۆیان دەترسن، دەشزانن كورد بەربەستە لە بەردەم ئەو خەونەی ئەكەپە و بە هەموو جۆرێك دژایەتیی گەلی كورد دەكەن.
ئاژانس: مانگرتنی هاوسەرۆكی هەدەپە و پەرلەمانتارانی دیكە لەسەر چی بوو، تا ئێستا بەردەوامە؟
ئایشە ئاكار باشاران: بەڵێ بەردەوامە، مانگرتنی ئەوان لەسەر ڕەوشی زیندانەكانە، ژمارەیەكی زۆر لە زیندانەكاندا لە بارودۆخێكی خراپدا ژیان دەگوزەرێنن، چونكە لە زیندانەكانیش هێرش لەسەر گەلی کورد هەیە و زیندانییەكانمان ئەشكەنجە دەدرێن، سەڵاحەدین دەمیرتاش یەكێكە لە مانگرتووەكان، بەڵام ئەو ئێستا مانگرتنەكەی شكاندووە، چونكە گفتوگۆ و دانیشتن لە زیندانەكەی ئەو لە ئەدرنە درووست بوو، بۆیە مانگرتنەكەی شكاند، بەڵام لە زیندانەكانی دیكە مانگرتن بەردەوامە.
ئاژانس: ئەو فشارانەی بۆ سەر گەلی كورد زیاد بوون پەیوەندییان بە ڕاپرسیی 16ی نیسانەوە هەیە؟
ئایشە ئاكار باشاران: بەڵێ پەیوەندیی بە ڕاپرسیی دەستووریشەوە هەیە، چونكە ئەكەپە دەیەوێت سیستمێك دابمەزرێنێت كە جگە لە خۆی هیچ كەسێك بە تایبەت كوردی تێدا نەبێت، ئەكەپە دەیەوێت یەك میللەت هەبێت ئەویش تورك بێت، یەك كەس فەرمانڕەوا بێت ئەویش ئەردۆگان بێت و كەسی تر قبووڵ ناكەن، ئێمەش دەڵێین ئەم عەقڵییەتە ڕەت دەكەینەوە و قبووڵی ناكەین.
ئاژانس: ئێستا بڕیاری كورد لەسەر ڕاپرسیی 16ی نیسان چییە؟
ئایشە ئاكار باشاران: بڕیاری گەلی كورد ڕەتكردنەوەیە، چونكە خەڵك كۆمەڵكوژ دەكرێت، خەڵك دەخرێتە زیندانەكانەوە، شار و گوندەكان وێران كران، ئەگەر بێت و دەنگ بەو دەستوورە بدرێت ئەوەندەی تریش گەلی ئێمە كۆمەڵكوژ دەكرێت، ئیرادەی گەلی كورد لەناو دەبرێت، ڕێگە نادرێت یەك شاریش كورد خۆی بەڕێوەی ببات لە حاڵەتێكی ئاوادا چۆن گەلی كورد بۆ دەستوور بڵێت بەڵێ؟
ئاژانس: تەنیا ئەمانە هۆكارن بۆ ڕەتكردنەوەی دەستوور یان مەترسییشتان لە ئاییندە هەیە؟
ئایشە ئاكار باشاران: بێگومان گەلی كورد دەزانێت كە دەنگی بەڵێ سەركەوت چی ڕوو دەدات، ئێمە لە پێش چاومانە، ئەو كۆمەڵكوژییەی لەسەر كورد هەیە ئێستا لە دوای دەرچوونی دەستوور بە بەڵێ گەورەتر دەبێت، ئەو كاتە سیستم بەرەو دیكتاتۆری دەچێت، یەك كەس فەرمان دەكات كە ئەردۆگانە، ئەویش بڕیاری لەناوبردنی كوردی داوە لە هەرچوار پارچەی كوردستان، بۆیە كورد ئامادە نییە دەنگ بە دەستوورێك بدات كە دەزانێت مەرگی خۆی بە دواوە دەبێت.
ئاژانس: بە بڕوای ئێوە چەند میلۆن كورد دەستووری توركیا ڕەت دەكاتەوە ئەگەر بە ژمارەیەک بیخەیتە ڕوو؟
ئایشە ئاكار باشاران: ناتوانم ژمارەیەكی دیاریكراو بدەم، چونكە تا ئێستا ڕاپرسییەكە نەكراوە، بەڵام زیاتر لە شەش ملیۆن كورد ئەو دەستوورە ڕەت دەكاتەوە، دەتوانم بڵێم لە سەدا نەوەدونۆ و نیوی كورد بە نەخێر دەنگ دەدات.
ئاژانس: بەس ژمارەیەك زۆر گەورە لە دەنگی كورد لەگەڵ ئەكەپەیە، ئەمە مەترسیی نییە بۆ سەركەوتنی ڕیفراندۆم؟
ئایشە ئاكار باشاران: ئێستا بەشێكی زۆریان بۆچوونیان گۆڕاوە، چونكە لە دوای هەڵبژاردن ئەكەپە هیچی بۆ نەكردن، ئنجا بینییان دەوڵەتی تورك چی بەسەر كورد دێنێت، بەشێكی زۆریان كشانەوە لە ئەكەپە، هەروەها كە بینییان ئەكەپە لەگەڵ مەهەپە بوونە یەك لەسەر هەندێ مەسەلە، بەشێكی زۆر لە كوردەكان وازیان لە ئەكەپە هێنا، بۆیە ئەوان كە لەسەریشەوە لەگەڵ ئەكەپە بن، لەگەڵ دەستوورەكە نین، چونكە زۆریان لەوانەی لەناو ئەكەپەدان ڕەخنەی توندیان لە دەستوور گرتووە.
ئاژانس: بە پێی پێشبینییەكانی ئێوە ئەگەر دەستوور لە توركیا ڕەت بكرێتەوە چی ڕوو دەدات؟
ئایشە ئاكار باشاران: گەلی توركیا بە كورد و توركەوە دەتوانێت بەرەیەكی فراوان پێك بێنێت و ڕووبەرووی پێشێلكارییەكانی ئەكەپە بێتەوە، هێزی ئەكەپە كەم دەبێت، ڕێككەوتنی ئەكەپە و مەهەپەش هەڵدەوەشێتەوە، ڕەنگە ئەكەپە داوای هەڵبژاردن بكات.
ئاژانس: لە ئەگەری ڕەتكردنەوەی دەستوور پێت وایە ئەكەپە پەنا بۆ هەڵبژاردن بەرێت؟
ئایشە ئاكار باشاران: پێم وایە پەنا بۆ هەڵبژاردن بەرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە ڕێی پەرلەمانەوە دەستوور تێپەڕێنێت، بەڵام لەمەشیاندا سەركەوتن بە دەست ناهێنێت، بۆیە ئەو ناتوانێ لە هەڵبژاردن ڕێژەی یاسایی كورسی بهێنێت.
ئاژانس: دەستوور پێویستی بە چەندە بۆ ئەوەی سەركەوتن بە دەست بهێنێت؟
ئایشە ئاكار باشاران: سەركەوتنی دەستوور پێویستی بە پەنجا زائید یەكە، ئەمڕۆ لە توركیا دەنگی نەخێر لە سەدا پەنجاوپێنجیش زیاترە.
ئاژانس: ئەمڕۆ لە توركیا هیچ هەوڵێكی جددی هەیە بۆ داخستنی ״هەدەپە״؟
ئایشە ئاكار باشاران: بەڵێ دەوڵەتی ئەكەپە هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی نەك هەدەپە گەلی كورد كۆمەڵكوژ بكات، دەبینین هاوسەرۆكی هەدەپە لە زیندانن، پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکان لە زیندانن، بە هەزاران ئەندام و لایەنگری هەدەپە لە زیندانن، ڕێگە لە كۆبوونەوە و كۆنفڕانسەكانمان دەگیرێت، ئامانە هەمووی هەوڵن بۆ ئەوەی هەدەپە دابخەن و نەهێڵن كار بكات.