کنێر عه‌بدوڵڵا
ئه‌و کاته‌ی ڕۆژێک له دوای ڕۆژێکی هاوشێوه له ژیانی مرۆڤه‌کاندا خۆی دووباره ده‌کاته‌وه.. پاشان ڕۆژه‌کان که‌ڵه‌که ده‌بن و ده‌بنه هه‌فته‌یه‌ک.. دوای ئه‌وه‌ش هه‌فته‌یه‌کی هاوشێوه‌ی هه‌مان هه‌فته‌ی پێشتر دێت و تێده‌په‌ڕێت.. دواتر ههفتهکانیش که‌ڵه‌که ده‌بن بۆ مانگ و مانگه‌کانیش یه‌ک له‌دوای یه‌ک گوزه‌ر ده‌که‌ن و تا ساڵێك دێت و تێده‌په‌ڕێت و پاشان ساڵێکی هاوشێوه له هه‌موو شتێکدا خۆی دووباره ده‌کاته‌وه.. له‌و نێوه‌نده‌دا ژیانی مرۆڤه‌کان به شێوه‌یه‌ک ده‌بێت که ده‌خه‌ون تا به‌خه‌به‌ر بێن و به‌خه‌به‌ریش دێن تا بخه‌ونه‌وه، نان ده‌خۆن تا بمێنن و له پێناو مانه‌وه‌شدا خواردن ده‌خۆن و به‌و شێوه‌یه درێژه به ژیانیان ده‌ده‌ن له پێناو ژیانکردندا.
له‌و جۆره ژیانکردنهدا مرۆڤه‌کان کاتێک به‌ئاگا دێن که ڕۆژانێکی زۆر له ژیان و ته‌مه‌نیان هه‌ڵده‌وه‌رێن، بێ هیچ تازه‌گه‌رییه‌ک، بێ هیچ گۆڕان و هیوا و ئامانجێک، هتد… مرۆڤه‌کان کاتێک به‌خۆیان ده‌زانن که ژیانێک گوزه‌ر ده‌که‌ن ته‌نها له‌پێناو مانه‌وه‌و ژیاندا تا ئه‌ندازه‌ی بێزاربوون و خه‌مۆکی و تا ڕاده‌ی له‌ده‌ستدانی هه‌ستکردنیان به ژیان و خۆشییه‌کانی، تا ئه‌ندازه‌ی به‌فیڕۆدانی کات و له‌ده‌ستدانی واتاکانی مانا ده‌به‌خشن به ژیان؛ به‌وه‌ش شته‌کان له ڕۆح و ده‌روون و ناخی مرۆڤه‌کاندا خۆیان دووباره ده‌که‌نه‌وه و له‌وێدا واتای شته‌کانیش یه‌کسان ده‌بنه‌وه، خۆشییه‌کان وه‌ک ناخۆشییه‌کان و خۆشه‌ویستی وه‌ک کینه‌و ڕق، خه‌وتن وه‌ک به‌خه‌به‌رهاتن، پێکه‌نین وه‌ک گریان و ژیانیش وه‌ک مردن، شته‌کانیش وه‌ک نه‌بوون. کت‌وپڕ ئه‌وه‌ی به‌دی ده‌کات که هه‌موو شتێک له ناوه‌وه‌یدا بۆته به‌سته‌ڵه‌ک یان په‌رشوبڵاو بۆته‌وه؛ به‌و واتایه‌ی نه فرمێسک، نه ئازار‌و سۆز و نه په‌رۆشی و نه خه‌ون و ئامانجه‌کان و نه ئینتما و نه هیچ شتێکی دی مانای خۆی ناگه‌یه‌نێت، هێدی هێدی ونبوون له ناخی مرۆڤه‌کاندا په‌ره ده‌سێنێ؛ بێ ئه‌وه‌ی د‌رکی پێ بکات و بێ ئه‌وه‌ی به‌ئاگا بێت له خۆی و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی.
له چوارچێوه‌ی هه‌موو ئه‌و واقع و هه‌ستانه‌دا شتێک نامێنێته‌وه ناوی په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌کان بێت، به‌و مانایه‌ی هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ک گه‌ر له چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستی بێت یان هاوڕێیه‌تی و براده‌ری یاخود هاوسه‌رێتی و هتد که گرنگن و بوونی هه‌ریه‌که‌یان مانایه‌کی خۆی ده‌به‌خشێت له ژیانی مرۆڤه‌کاندا، به‌ڵام به‌پێی واقعه‌که ماناکانی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌ستکردنیش پێیان مه‌حاڵ ده‌بێت، به بوونی ئه‌و واقعه‌ش ژیان هیچ گرنگی و بایه‌خ و واتایه‌ک به مرۆڤه‌کان نابه‌خشێت و مرۆڤه‌کانیش هیچ خۆشی و مانایه‌کیان بۆ ژیان نامێنێت، چونکه ده‌رئه‌نجام به‌هۆی نه‌بوونی هیچ خه‌ون و ئامانجێک لای مرۆڤه‌کانه که وا ده‌کات ژیان خۆی دووباره بکاته‌وه و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به هیچ ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وتێک بکه‌یت، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی مرۆڤ به سروشتی خۆی وه‌ک بونه‌وه‌رێکی زیندوو ناتوانێت به ته‌نها ژیان بکات؛ به‌و واتایه‌ی بوونی هاوڕێ، خۆشه‌ویست، خزم و هاوسه‌ر و خێزان که هه‌ریه‌که‌یان مانا و هه‌ست و واتایه‌کی جیاواز به ژیان ده‌به‌خشن زۆر گرنگ و پێویستن و بێ تێگه‌یشتن و ڕه‌فتارکردن و مامه‌ڵه‌کردنی ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که‌یان به‌شێوه‌و شێوازی خۆی بێگومان ژیان واتای خۆی له‌ده‌ست ده‌دات و چه‌مکه‌کانیش ئاڕاسته‌ی خۆیان ده‌گۆڕێت و ماناکانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و لێکدانه‌وه‌ش لێیان جۆرێکی تر ده‌گرێته خۆی. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه گرنگی مرۆڤه‌کان له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت که کامیان هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ خۆی ژیانێکی بێ ئامانج و بێ خه‌ون و دوور له په‌یوه‌ندییه‌کان یان ژیانێکی مانادار که هه‌ریه‌ک له‌وانه ئاڕاسته‌ی سروشی خۆی وه‌ربگرێت و ژیان جوانتر‌و مانادارترو ڕازاوه‌تر بکه‌ن. ئه‌مه وێرای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌ک له‌وانه‌ش بێ ململانێ و بێ به‌رپرسیارێتی و بێ کۆشش و هه‌وڵدان نایه‌ته دی.