ئاژانس – شیروان محەمەد ئەمین
حکومەتی ھەرێمی کوردستان خەرجیی بەنزینی ٣٨ ھەزار ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی خەرج دەکات، کە ساڵانە دەگاتە ١2 ملیار دینار، ئەوەش بە پێی بەدواداچوونێکی “ئاژانس”، کە لەو بارەیەوە ئەنجامی داوە.
بە پێی زانیارییەکانی “ئاژانس”، ئەو پرسە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە مشتوومڕێکی گەرم لە ئەنجوومەنی وەزیراندا، کاتێک زانیارییان لەسەر ئەو بڕە پارەیە وەرگرتووە کە ساڵانە دەدرێتە بەنزینی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان .
بە پێی ڕێنماییەکانی ھاتووچۆ، ئۆتۆمبێلەکانی حکومەت، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی بە کار دەھێنرێن، وەزارەتەکانی تریش دەتوانن ڕۆژانە تەنھا دوو کاتژمێر پاش دەوامی فەرمی لەسەر شەقامەکان بن، بە پێچەوانەوە شۆفێرەکانیان سزای دارایی دەدرێن .
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین بۆ “ئاژانس” وتی: “لە ھەرێمی کوردستان بەبێ ئۆتومبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، کە تا ئێستا بە تەواوەتی لای ئێمە تۆمار نەکراون، زیاتر لە ٣٨ ھەزار ئۆتۆمبێلی حکومی ھەیە، کە ڕۆژانە فەرمانبەرانی وەزارەت و دامەزراوەکانی فەرمی بە کاریان دەھێنن.”
وتیشی: “بە پێی وردبینییەک کە وەزارەتمان کردوویەتی، ساڵانە ئۆتۆمبێلی حکومی زیاتر لە ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار خەرجییان ھەیە.”
ئەو ئۆتۆمبێلانە لە وەزیرەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و بەشێک لە کارمەندەکانیان بە کاریان دەھێنن.
سەرچاوەیەکی تر لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتووچۆی ھەرێم، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکەین بۆ “ئاژانس” وتی: “لە کوردستان نزیکەی ھەشت ھەزار ئۆتۆمبێلی حکومەت بە زیادە دراون بە فەرمانگەکان، بۆیە بڕیارە لە پاش ئاساییبوونەوەی دەوام، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کار بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلە زیادەکان بکرێت.”
وتیشی: “بە پێی ئەو خشتەیەی کە کۆتایی ساڵ لەسەر سەرپێچیی ئۆتۆمبێلی حکومی دەینێرین بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان، زۆرینەیان بەر لێبووردنی تایبەت کەوتوون و ژمارەیەکی کەم غەرامەی ھاتووچۆ کراون، چونکە زۆرینەی ئەوانەی غەرامە کراون بەرپرسی یەکەم و بەڕێوەبەری فەرمانگە جیاوازەکان بوون، بۆیە پێویستە حکومەت بڕیارێکی نوێ بۆ ڕێکخستنەوەی بەکارھێنانی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان بدات”.
بە پێی زانیارییەکانی “ئاژانس”، ئەنجوومەنی وەزیران بەنیازە ژماەرەیەکی زۆر لەو ئۆتۆمبێلانە لە وەزارەت و فەرمانەکان وەربگرێتەوە، لەوانە بەڕێوبەری فەرمانگەکان بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی بەنزینی ئەو ئۆتۆمبێلانە.