د.هیوا ئەحمەد
پێشەكی
هێرشی سەر ڕەققە، پایتەختی ڕاگەیەنراوی داعش، بەبێ هەڵایەكی گەورەی میدیایی دەستی پێ كرد. چوار هێزی سەرەكی بەشداری دەكەن: بەڵام ڕۆڵی سەرەكی دراوە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات كە یەكینەكانی پاراستنی گەل ״یەپەگە״ زۆرینەی پێك دەهێنن، ئەمە سەرباری پشتیوانیی بەردەوامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەوەی جێگەی سەرنجە توركیا لەم چوارچێوەیەدا بوونی نییە، ئەگەرچی هێشتا بە ئومێدەوەیە ڕۆڵێكی پێ بدرێت.
جەنگی ڕەققە و ململانێكانی سوریا
ڕەققە، خاڵی كۆكەرەوەی چەندین هێزی سەربازیی ناوخۆیی و دەرەكیی خاوەن ئەجیندای جیاواز دەبێت لە سوریا. شاری ڕەققە هاوشێوەی سوریایەكی بچووككراو ناوەندی گۆڕانكاریی سەربازیی بووە لە نێوان گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گرووپە جیهادیستییەكانی ئەو وڵاتە. بە جۆرێك دوای نزیكەی دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆی سوریا لە ئازاری 2013، سوپای سوریای ئازاد (FSA) كە چەندین گرووپی چەكداریی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی سوننی لە خۆ دەگرێت– كە پشتگیریی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا و توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی هەیە- كۆنتڕۆڵی شارەكەی كرد. بەڵام، دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای سوریای ئازاد بەسەر شارەكە زۆری نەخایاند و دوای پێنج مانگ لە ئابی 2013، چەكدارانی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی- داعش توانی دەست بەسەر شارەكەدا بگرێت و لە ینایهری 2014ەوه، كردی بە پایتەختی یەكەمی خەلافەتەكەی لە وڵاتی شام.
لە سەروبەندی ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە بەشێوەیەكی فەرمی ململانێكانی نێوان ئەكتەرە بەشدارەكان توندتر دەبێتەوە– بە جۆرێك هەندێكیان مەرج بۆ بەشدارنەبوونی هێزی تر لە ئۆپراسیۆنەكەدا دادەنێن.
ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا دەیەوێت تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنە میانڕەوەكانی سوریا لە ئۆپراسیۆنەكە كۆ بكاتەوە بەبێ خستنەدەرەوەی هیچ لایەنێكی تر– بەڵام بەشداریی چەند هێزێكی هەرێمی هەنگاوەكانی دەستپێكی ئۆپراسیۆنەكەی قورستر كردووە.
لە دیارترین و كاریگەرترین ئەكتەرە بەشدارەكانی ئۆپراسیۆنەكە هێزەكانی سوریای دیموكراتە (the Syrian Democratic Forces) كە لە لایەن یەپەگە و یەپەژە– باڵی سەربازیی پەیەدەوە سەركردایەتی دەكرێت. هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەكی تاكلایەن خۆیان ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی دەوروبەری شاری ڕەققەیان ڕاگەیاند و لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوامن. وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات ״تەلال سیلۆ״ ڕایگەیاند كە ژمارەی تەواوی ئەندام و چەكداریان هەیە بۆ دەستپێكردنی ئەو ئۆپراسیۆنە و هێزەكانی ئەمهریكا و هاوپەیمانیی دژی داعش پشتگیریی ئاسمانییان بۆ دابین دەكەن– بەڵام هاوكات جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە ڕێگە بە توركیا نەدرێت بەشداریی ئۆپراسیۆنەكە بكات– هەرچەندە دواتر هاوپەیمانیی دژی داعش و ئەنقەرە لەسەر بەشداریكردنی توركیا لە ئۆپراسیۆنەكەدا ڕێك كەوتن.(1) ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا نەیشاردووهتەوە بەبێ بەشداریی كورد و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سەركردایەتی یەپەگە– كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری ڕەققە كارێكی ئاسان نابێت– چونكە تاكەهێزی حەقیقی كە توانیبێتی داعش و گرووپە جیهادییەكان لە سوریا تێك بشكێنێت بریتییە لە هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا. لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما– نێردەی سەرۆكی ئەمهریكا بۆ جەنگی دژ بە داعش ״برێت مەكگۆرك״ لە ئەیلوولی 2016دا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانی كرد و چاوی بە بەرپرسانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە كۆبانی كەوت و پشتگیری و هەماهەنگیی بەردەوامی ئەمهریكا و هاوپەیمانی دژی داعش بە كوردەكانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند.(2) هەروەها، ڕاستەوخۆ دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، سەرۆكی نوێی ئەمهریكا هەستا بە جێبەجێكردنی بڕیارێكی پێشووی ئیدارەی ئۆباما تایبەت بە پڕچەككردنی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و ئامادەكردنیان بۆ ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری ڕەققە– لەو چوارچێوەیەدا سەرۆكی ئەمهریكا بڕیاری دا بە ناردنی چەك و ئۆتۆمبێلی سەربازی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕۆژئاوای كوردستان– باكووری سوریا.(3) بە كورتی، ئەمهریكا بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوا دەبەستێت لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی پایتەختی داعش لە سوریا، ئەمەش جێگەی نیگەرانی توركەكانه بە جۆرێك وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند كە نایانەوێت گرووپە هەڵەكان- wrong groups بەشداری بكەن لە ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكەدا، هەروەها، ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەمهریكا دڵنیایی داوەتە ئەنقەرە كە ئەو گرووپانە (وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕڤانانی یەپەگە) تەنیا ڕۆڵیان لە تەوقكردنی شارەكە دەبێت و ڕێگەیان پێ نادرێت بچنە ناو شارەكەوە.(4) هەرچۆنێك بێت پێویستە ئەمهریكا بڕیار بدات لە نێوان بەشداریپێكردنی كوردەكان یان جێبەجێكردنی خواستی توركیا. بەڵام پێی ناچێت ئەمهریكا مل بۆ داواكارییەكانی ئەنقەرە بدات، بەڵكو زیاتر لە هەوڵی ڕازیكردنی توركیایە لەسەر بەشداریپێكردنی كوردەكان و پێدانی ڕۆڵی سەركردایەتیكردنی ئۆپراسیۆنەكە بۆ گۆشەگیركردنی چەكدارانی داعش لە شارەكە، بۆ ئەم مەبەستەش لە نۆڤەمبەری 2016، گەورە بەرپرسێكی پنتاگۆن سەردانی توركیای كردووە و لەگەڵ هاوتا توركییەكەی تاووتوێی ئەو پرسەیان كردووە.(5)
هەرچی تایبەتە بە بەشداریپێكردنی هێزەكانی تری ئۆپۆزسیۆنی سوریا– بەتایبەت هێزەكانی سوپای سوریای ئازاد (FSA)، ئەمهریكا ناڕازی نییە لەسەر بەشداریپێكردنیان، بەڵام لە هەمان كاتدا ناتوانێت پشت بەو هێزانە ببەستێت، چونكە شارەكە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەدا بوو، دواتر شارەكەیان ڕادەستی چەكدارانی داعش كرد. بەڵام، توركیا و وڵاتانی كەنداو دەیانەوێت هێزەكانی سوپای سوریای ئازاد سەرمەشقی ئۆپراسیۆنەكە بكەن و داهاتووی شارەكە بكەوێتە دەست ئەو هێزانە، ئەمەش وەك هەنگاوێك بۆ ڕێگریكردن لەوەی شارەكە بكەوێتە دەست هێزە كوردییەكان.
هەرچی تایبەتە بە بەشداریی ڕوسیا لە ئۆپراسیۆنەكە، مۆسكۆ دەخوازێت ڕۆڵی سەرەكی تێدا هەبێت، چونكە ڕوسیا نەیشاردووهتەوە كە باكووری سوریا بەشێكە لە ناوچەی هەژموونی وڵاتەكەی.(6) ئەمەش ئەگەری پێكدادانی سەربازی و درووستبوونی ململانێی سەربازیی زیاتری لێ بكرێت لە ئەگەری غیابی هەماهەنگیی سەربازی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی لۆجستی و مەیدانی لە نێوان هێزەكانی ئەمهریكا و توركیا لە لایەك و هێزەكانی ڕووسیا لە لایەكی ترەوە.
بە گشتی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری ڕەققە– هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ، ئۆپراسیۆنێكی ئاڵۆز دەبێت و چەندین ئەكتەری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕۆڵی تیادا دەگێڕن. زۆربەی ئەو هێزانەش لە ڕووی هەماهەنگیی سەربازی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگری و لۆجستی گاپی گەورە لە نێوانیاندا هەیە– ئەمەش ئەندازەی فراوانبوونی پێكدادانی سەربازی لە نێوان ئەو هێزانەدا زیاتر دەكات، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە كوردەكانی سوریا تاكەئەكتەری پشتپێبەستراوی ئەو ئۆپراسیۆنەن.
بۆچی ئەمەریكا، سەرەڕای نیگەرانییەكانی توركیا، بەردەوامە لە هاوكاریكردنی كوردانی سوریا؟
لەگەڵ درووستبوونی جەنگی نێوخۆی سوریا و هەمەچەشنبوونی ئەكتەرەكانی ئەو جەنگە، كوردەكانی سوریا توانییان ببن بە یاریكەرێكی سەرەكیی جەنگەكە و دواتر توانییان ڕۆڵیان هەبێت لە گۆڕاندنی نەخشەی ململانێكانی ناوخۆی سوریا. ئەوەی یارمەتیی كوردەكانی سوریای دا تا ببن بە هێزێكی كاریگەر و تا ڕادەیەكی زۆر سەركەوتووی جەنگی ناوخۆی سوریا لە لایەكەوە (أ) پەیوەندیی بە سیاسەتی سەركردەكانی كوردانی ڕۆژئاواوە هەیە كە توانییان هێڵی سێیەم هەڵبژێرن، واتا نە ببن بە بەشێك لە ڕژێم و نە ببن بە بەشێك لە نەیارانی ڕژێم كە زیاتر لە ئۆپۆزسیۆنی سوری و سوپای سوریای ئازاددا خۆی ئەبینییەوە (ب) لە لایەكی ترەوە، دوای دەركەوتن و بەهێزبوونی داعش، كوردەكان یەكەم هێز بوون لە ڕووی سەربازی و ئایدیۆلۆجییەوە ڕووبەڕووی داعش بوونەوە، بۆیە لێرەدا هەوڵ ئەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ״بۆچی ئەمەریكا، سەرەڕای نیگەرانییەكانی توركیا، بەردەوامە لە هاوكاریكردنی كوردانی سوریا؟״.
هۆكارە سەربازییەكان
كوردەكان لە كاتی ڕووبەڕوونەوەیان لەگەڵ داعشدا لە عێراق و سوریا ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند كە هێزێكی كاریگەرن و توانایان هەیە ڕووبەڕووی هێزێكی دڕەندە و تیرۆریستی وەك داعش ببنەوە (7). كاریگەربوونی كورد لە جەنگی تیرۆردا ڕەنگە بە گشتی بۆ سرووشتی كورد خۆی بگەڕێتەوە كە، بە پێچەوانەی مێزی دانووستاندنەكانەوە، ״جەنگاوەرێكی باشی״ مەیدانی جەنگەكانە.
بە هۆی جەنگی كۆبانێوە، واشنتۆن و بەشێك لە پایتەختەكانی تری جیهان سەرسام بوون بە توانای سەربازیی یەپەگە و یەپەژە و پردێكی سەربازییان لە نێوان خۆیان و هێزە كوردییەكاندا درووست كرد و دەستیان بە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بە كوردانی ڕۆژئاوا كرد.
ئەمەریكا لەو باوەڕەدایە كە هێزە كوردییەكان بە گشتی و هێزەكانی سوریای دیموكرات بە تایبەتی هێزێكی سەربازی گاریگەرن و لە توانایاندا هەیە كە، هەروەك چۆن لە ڕابردوودا بە كردەیی سەلماندیان، لە جەنگی ڕەققەدا سەركەوتوو بن.
هۆكارە ئایدیۆلۆجییەكان
بە پێچەوانەی زۆربەی لایەنە ناكۆكهكانی ململانێ ناوخۆییەكانی سوریاوە، كوردانی سوریا خاوەن بیروبۆچوونی جودا و ناتەبان لەگەڵ ئایدیۆلۆجیای ئایینیدا. هێزەكانی ڕژێم و هاوپەیمانەكانی بۆ بەردەوامبوونیان لە جەنگەكەدا پشت بە شیعەگەرایی ئەبەستن و مەزهەبی شیعە بەكار ئەهێنن بۆ بەهێزكردنی باوەڕی جەنگكردن لە گیانی بەشێكی زۆر لە سەربازەكانیاندا و ڕاكێشانی هێزی شیعەی بیانی هاوشێوەی شیعەكانی لوبنان (حزب اللە) و عێراق (عصائب اهل الحق) و ئەفغانستان و پاكستان بۆ نێو ململانێكانی سوریا. لە بەرانبەردا نەیارەكانی ڕژێمەكەی ئەسەدیش، بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد، پەنایان بۆ ئایدیۆلۆجیای سوننەگەرایی برد و مەزهەبی سوننەیان كردووە بە بنەمای چالاكییە سیاسی و سەربازییەكانیان.
كوردەكانی سوریا بە هۆی تێڕوانینە ستراتیجییەكانیانەوە و باش تێگەیشتنیان لە سرووشتی ململانێكانی سوریا، سەرەڕای فشارەكان، نەبوون بە بەشێك لە بەرەی ڕژێم و بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو كوردەكانی سوریا بە هۆی نەتەوەییبوونیان و هۆشیاریی بەشێك لە سەركردەكانیان توانییان هێڵی سێیەم هەڵبژێرن و نەخشەڕێگایەكی تایبەت بە خۆیان بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێكانی سوریا بخەنە ڕوو.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی كوردانی سوریا بە گشتی سیكۆلارن و ئامادە نین ئایین بكەن بە بنەما بۆ ڕێكخستنی ژیانیان. یەكێكی تر لە كارە بێوێنەكانی تری هێزە كوردییەكان لە سوریا بریتی بوو لە پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بە ژنان كە ئەم كارەیان لە ناوچەكە و سوریادا كەموێنە بوو و تا ڕادەیەكی زۆر سەرنجی جیهانی ڕاكێشا، ئەمە لە لایەك، لە لایەكی تر سەركردایەتیی بەشێك لە جەنگەكانیان بە ئافرەتان سپارد (8). ئەم هۆكارانە وای لە هێزە ڕۆژئاواییەكان بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی كرد كە كوردی سوریا، سەرەڕای نیگەرانییەكانی توركیا، بكات بە هاوپەیمانی خۆی لە جەنگی داعشدا.
هۆكارە سیاسییەكان
كوردەكانی سوریا وەك سەرجەم هێزەكانی نێوخۆی ئەو وڵاتە خاوەن دیگای سیاسیی تایبەت بە خۆیانن. هێزە كوردییەكان، بە پێچەوانەی بەشێك لە پێشبینییەكانەوە، كوردبوونیان نەكرد بە بنەمایەك بۆ سیاسەتكردن و هەوڵی درووستكردنی هەرێمێكی كوردی یان دەوڵەتێكی كوردی بدەن، بەڵكو ״برایەتیی گەلانیان״ كرد بە بنەمای بڕیارە سیاسییەكانیان و هەوڵیان دا بەشداریی سیاسی و سەربازی بە هەموو پێكهاتەكانی نێو ڕۆژئاوا و باكووری سوریا بكەن. ئەم سیاسەتەی كوردانی سوریا وەك خاڵێكی ئەرێنی ئەبینرێت و بووە هۆی هەوێنی درووستكردنی هێزێكی سەربازی فرەنەتەوە و ئایین بە نێوی هێزەكانی سوریای دیموكرات. سیاسەتەكانی كوردانی سوریا كە دژایەتیی هیچ پێكهاتەیەكی نێو كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا ناكات و زیاتر جەخت لەسەر بنەمای برایەتیی گەلان ئەكاتەوە بە یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی كوردانی سوریا دائەنرێت و ئێمە پێمان وایە ڕۆڵی هەبووە لە بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان كوردانی سوریا و ئەمەریكا.
دەرئەنجام
سپاردنی ئۆپراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ڕەققە بە هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕێگەی هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، جیا لەوەی كۆتاییهاتنە بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی مەترسیدار لەسەر پانتاییەكی فراوان، هاوكات ئەو پەیامە دەداتە جیهان كە كوردەكان سومبلی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێكەژیانن، ئەوە ئەوانن لە جیاتی جیهان شەڕی تیرۆر دەكەن، پێدانی ئەم دیدگایە بە كورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە خزمەت بەرەوپێشبردنی مەلەفی كوردانە بە ئاڕاستەی چارەسەكردن و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ ئەم كێشە هەستیارە كە سەدان ساڵە لەژێر پاساو و ئەجێندای جیاوازدا كپ كراوە، ئەگەرچی ئەركی كوردانی سوریا لە شەڕی ڕەققەدا قورسە، بەڵام بە قەدەر قورسایی شەڕەكە كاریگەریی ئیجابی دەبێت لەسەر ئاییندەی پرسی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان.
سەرچاوەكان:
1- Syria›s Kurds say to ‹lead› Raqa fight, reject Turkish
2- role, (November 3, 2016), Al-monitor, Read more: http://www.al-monitor.com/pulse/afp/2016/11/syria-conflict-kurds-raqa.html#ixzz4bgS0ltKy
3- Kurdish Question, US Envoy McGurk Visits SDF in Rojava, Pledges Support, (06/09/2016), http://kurdishquestion.com/article/3413-us-envoy-mcgurk-visits-sdf-in-rojava-pledges-support
4- Middle East Eye, Kurd-led Syrian militia says Trump sent it armoured vehicles, (January 2017), http://www.middleeasteye.net/news/kurd-led-syrian-militia-claims-trump-government-sent-armoured-vehicles-1743395167
5- Reuters, Turkey wants to ensure ‹wrong groups› do not participate in Raqqa operation: minister, (Tue Nov 8, 2016), http://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-syria-turkey-minister-idUSKBN1330TS
6- The guardian, US seeks Turkish backing for Kurdish-led operation in Raqqa, (6 November 2016), https://www.theguardian.com/world/2016/nov/06/kurdish-led-forces-plan-retake-raqqa-isis
7- Metin Gurcan, Will Turkey get its way in Raqqa? (February 20, 2017), Al-Monitor, http://www.al-monitor.com/pulse/en/originals/2017/02/turkey-syria-raqqa-operation-wii-be-much-more-difficult.html
8- Dearden, L. (2015). Kurdish fighters celebrate victory over Isis in Kobani with traditional dance through streets. Retrieved from http://www.independent.co.uk/news/world/middle-east/kurdish-fighters-celebrate-victory-over-isis-in-kobani-with-traditional-dance-through-streets-10018377.html