ئاژانس – حەسەن شەنون
گرتە ڤیدۆیییەکانی خراپیی تەندروستیی نەخۆشانی کۆرۆنا بە ھۆی نەبوون یان کەمیی ئۆکسجینەوە لە نەخۆشخانەکانی عێراقدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گەرم کردووە، ئەو قەیرانە بێ جیاوازی زۆربەی نەخۆشخانەکانی ناوەڕاست و باشووری گرتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە نرخەکەی فڕیوە و دە ھێندەی نرخی پێشووی بەرز بووەتەوە.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ڕێژەی مردن بە ھۆی کۆرۆناوە لە عێراق زیاتر لە ٤٣٠٠ کەسی تێپەڕاندووە، کە بەشێکیان بە ھۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە گیانیان لە دەست داوە .
ئەو قەیرانە لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا ترسێکی زۆری لە بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست کرد و بە ھۆیەوە بەشێک لە نەخۆشانی کۆرۆنا گیانیان لە دەست دا.
وەک عەرەب خۆیان دەڵێن: “نەھامەتیی ھەندێک بۆ ھەندێکی دیکە سوودمەندە”، بەو پێیەش کارگە ئەھلییەکان دەستیان دایە بینەقاقای نەخۆشانی کۆرۆنا و نرخی پڕکردنەوەی بتڵی ئۆکسجینیان بەرز کردەوە و نرخەکە لە پێنج ھەزار دینارەوە بوو بە زیاتر لە پەنجا ھەزار.
حەیدەر یەعقوبی، دانیشتووی شاری موسەننا بە “ئاژانس”ی وت: “ئەو دۆخە لە نەخۆشخانەی حسێنییەی شارەکەمان وای کرد کە ژمارەیەک لە بووتڵەکانی ئۆکسجین بدرزێن و لە دەرەوە بە ٥٠٠ ھەزار دینار فرۆشراونەوە بە نەخۆشانی کۆرۆنا.”
بەشێک لە نەخۆشانی کۆرۆنا لە قۆناغێکی ھەستیاردا پێویستیان بە بەکارھێنانی ئۆکسجینە بە ھۆی دابەزینی ئاستی ئۆکسجین لە خوێنیاندا، یان تەنگەنەفەسبوونیان کە بەشێکیان بە ھۆی چارەسەرنەکردنی ئەو دۆخەوە گیان لە دەست دەدەن.
لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق دانی بەوەدا نا کە نرخی بووتڵی ئۆکسجین بەرز کراوەتەوە، کە لە لایەن کارگەکانی کەرتی تایبەتەوە بۆ وەزارەتی تەندروستی ئامادە دەکرێت، زۆربەی کارگەکانی ئەو بوارەش ھەرچەندە سەر بە وەزارەتی پیشەسازین، بەڵام دراونەتە دەست وەبەرھێنەران و ڕۆژانەش ناتوانن بڕێکی دیاریکراو لە ئۆکسجین ئامادە بکەن.”
بەشێک لە پێداویستییەکانی ئۆکسجین و بووتڵەکانی لە ئێران و کوەیتەوە ھاوردەی عێراق دەکرێن، بەڵام ئەوەش فریای کێشەی بەرزبوونەوەی نرخەکەی نەکەوتووە.
عەبدولعەون عەبادی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق بە “ئاژانس”ی وت: “سیستمی تەندروستی لە عێراق بە تەواوی خاپوور بووە، بۆیە ئاساییە نرخی ئۆکسجین بەو شێوەیەی لێبێت یان ڕێژەکەی کەم ببێتەوە و ئەوەیش کاریگەریی خراپی ھەبووە لەسەر تووشبوانی کۆرۆنا.”
وتیشی: “بە پێی بەدواداچوونی ئێمە بە ھۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە بەشێک لە تووشبوانی کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.”
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرۆکی عێراقی گرت و لە پاڵ قەیرانی داراییدا دۆخی ھاووڵاتییانی ئاڵۆزتر کردووە.
حازم جومەیلی، بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ کاروباری ھونەری بە “ئاژانس”ی وت: “کەمبوونەوەی ئۆکسجین بە ھۆی زۆریی ویست لەسەری و بێتوانایی کارگە ناوخۆییەکانی وەزارەتی تەندروستی و کەرتی تایبەتە.”
جومەیلی وتیشی: “بەردەوام لە کارداین لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و کارگەکانی کەرتی تایبەت بۆ دابینکردنی ئۆکسجین و بە هۆی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆناش گەیشتنی ئۆکسجین لە کوەیتەوە کەمتر بووەتەوە و یەکێک لەو کارگانەی ئێرانیش کە ئۆکسجینمان لێیان ھاوردە دەکرد پەکی کەوتووە.”