ئاژانس – ئیسماعیل حەمەڕەحیم
بابه‌تی ئیمامه‌تی ئافره‌تان یه‌كێكه له پرسه‌كانی سه‌رده‌م، مامۆستایه‌كی ئایینی ده‌ڵێت به هیچ شێوه‌یه‌ك له ئیسلامدا ڕێگه‌ی پێ نه‌دراوه، مامۆستایه‌كی تریش كه به‌رپرسی هه‌ردوو ڕادیۆی سوننه‌ت و قورئانی پیرۆزە له شاری سلێمانی ده‌ڵێت: ״ئیمامه‌ت ده‌كرێت به سێ به‌شه‌وه له دوو به‌شدا ئافره‌تان ده‌توانن پێشنوێژی بكەن.״
مامۆستا وشیار جافه‌رانی بانگخواز و ئیمامی مزگه‌وتی جافه‌ران، له لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی ״ئاژانس״ ده‌ڵێت: ״به هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه به ئافرەتان نادرێت ئیمامه‌ت بۆ موسڵمانان بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و نوێژخوێنانه پیاو بن.״ هەروەها جه‌ختی كرده‌وه بابه‌تی ئیمامه‌ت و وتاربێژی له كاری پێغه‌مبه‌رانه و ئه‌وه‌ش بۆ پیاوان دانراوه نه‌ك ئافره‌تان. مامۆستا عوسمان نوورسی كه وتاربێژی مزگه‌وتی نوورسییه له گه‌ڕه‌كی زه‌رگه‌ته‌ی شاری سلێمانی، لەو بارەیەوە ده‌ڵێت: ״ئافره‌تان ده‌توانن پێشنوێژی بۆ منداڵه‌كانی خۆیان بكه‌ن، به مه‌رجێك ئه‌و منداڵانه ته‌مه‌نیان نه‌گه‌شتبێته بلووغ و منداڵی خۆی بن و به مه‌به‌ستی زانستی فێركاری بێت.״
ئیمامه‌ت واته پێشنوێژیكردن، پێشنوێژیكردنیش واته ژماره‌یه‌ك نوێژخوێن له دوای ئه‌و كه‌سه‌وه نوێژی به‌كۆمه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ن، نوێژی به‌كۆمه‌ڵیش دوو جۆره، نوێژه‌كانی به‌یانی و مه‌غریب و عیشا به ده‌نگی به‌رز ده‌كرێت و نوێژه‌كانی نیوه‌ڕۆ و عه‌سریش به نهێنی و به ده‌نگی نزم ده‌خوێنرێت.
ئافره‌تان ده‌توانن پێشنوێژی بۆ منداڵه‌كانی خۆیان بكه‌ن، به مه‌رجێك ئه‌و منداڵانه ته‌مه‌نیان نه‌گه‌شتبێته بلووغ
مامۆستا عه‌بدولحه‌سیب ئیمامی مزگه‌وتی سه‌یوانی یه‌كه‌م ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئیمامهتكردن كاری پیاوانه، نه له سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر نه له قورئان نه‌بینراوه و نه‌بیستراوه ئافره‌تێك ئیمامه‌تی بۆ كۆی موسڵمانان بكات. لای خۆشییه‌وه دكتۆر شاخه‌وان سیامه‌نسووری به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆی قورئان و ڕادیۆی سوننه‌ت له لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی ״ئاژانس״ بابه‌تی ئیمامه‌تی ئافره‌تانی كردووه به چەند به‌شه‌وه، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی فیقهی ئیسلامی و لەو بارەیەوە باس لە ڕاجیایی زانایانی ئیسلامیی دەكات و ده‌ڵێت ״من لێرەدا بە كورتی تێڕوانینی زانایان بۆ ئەم بابەتە بە كورتی ئەخەمە ڕوو بە دوو بەش، بەشی یەكەم: پێشنوێژیكردنی ئافرەت بۆ پیاو، زانایانی ئیسلام دەربارەی ئیمامەتی ئافرەت بۆ پیاو دوو بۆچوونیان هەیە، كە بەم شێوەیە: بۆچوونی یەكەم، هەریەك لە حەنەفییەكان، مالیكییەكان، شافعییەكان، حەنبەلییەكان، زەیدییەكان و زاهیرییەكان دەڵێن درووست نییە ئافرەت ئیمامەتی بۆ پیاوان بكەن.
بۆچوونی دووەم پێیان وایە درووستە ئافرەتان ئەو كارە ئەنجام بدەن، ئەم بۆچوونەش دەگێڕنەوە لە هەریەكە لە ئەبی سەور، ئیمامی تەبەری، ئیبن ڕوشد، ئیمامی نەوەوی و ڕیوایەتێك لە ئیمامی ئەحمەدییشەوە، ئەوان دەڵێن درووستە لە نوێژی سوننەتدا وەك تەراویح، یاخود پێشنوێژی بۆ خزمانی بكات، یان لە جێگەیەدا لەنێو پیاواندا كەسی وەك ئەو خوێندەواری تێدا نەبێت.
بەشی دووەم: پێشنوێژیكردنی ئافرەت بۆ ئافرەتان، ئەمە درووستە و هیچ دەقێكمان نییە قەدەغەی كردبێت، بەڵكو لە هەر كۆمەڵگایەكدا مزگەوتێك شوێنی نوێژێك تایبەت كرا بە ئافرەتانەوە بۆیان درووست و ڕەوایە لە نێوان خۆیاندا وتاری هەینی و نوێژە بەكۆمەڵەكان بۆ خۆیان بكەن و ناشبێت ڕێگرییان لێ بكرێت.
به وته‌ی بانگخواز و شاره‌زایانی ئایینی ئیسلام هه‌موو جەستەی ئافره‌تان و ده‌نگه‌كه‌شی عه‌وره‌ته و نابێت به‌رچاوی پیاوان بكه‌ون و ده‌نگیشیان ببیسترێت له لایه‌ن كه‌سانی نامه‌حره‌مه‌وه. لەو ڕوەوە مامۆستا وشیار جافه‌رانی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئافره‌ت ده‌نگ و له‌شولاری عه‌وره‌ته و نابێت ئیمامه‌ت بكات، له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئافره‌ته‌كه چووبووه ته‌مه‌ن و ده‌نگیشی به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گۆڕا و له ناسكی ده‌رچوو؟ ده‌كرێت ببێته ئیمام؟ جافه‌رانی وتی؟ نه‌خێر ناكرێت ببێته ئیمام و وتاربێژ.
مامۆستا عوسمان نوورسی و جافه‌رانی و مامۆستا عه‌بدولحه‌سیب جه‌ختیان له‌وه كرده‌وه كه ئافره‌تان ته‌نها ده‌توانن ئیمامه‌ت بۆ ئافره‌تان بكه‌ن، به مه‌رجێك ده‌نگیان له لایه‌ن پیاوانه‌وه نه‌بیسترێت. به‌ڵام ئیمامه‌تی ئافره‌تان بۆ پیاوان به ده‌قی فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر (دروودی خوای لێ بێت) قه‌ده‌غه كراوه. شایانی باسە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە شاری كۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارك مزگەوتێكی تایبەت بە ئافرەتان كرایەوە كە وتاربێژ و پیشەواكەی ئافرەتە، لەسەر ئاستی جیهان بەر لە سێ سەدە هاوشێوەی ئەم مزگەوتە لە وڵاتی چین بنیاد نراوە، ساڵی 1995 دانەیەكی تر لە باشووری ئەفریقا و ساڵی ڕابردووش لە ویلایەتی لۆس ئەنجلس لە ئەمەریكا مزگەوتێكی هاوشێوە درووست كرا، لە بەریتانیاش پلانی كردنەوەی مزگەوتی تایبەت بە ئافرەتان دانراوە.