هێزە کوردییەکان: ئاڵۆزی و پشێویی زیاتر ڕوو دەدات
ئاژانس
ئێران بە درێژایی سنوورەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان هێزی هێناوەتە سەر سنوور، حزبەكانی ڕۆژهەڵات دەڵێن، ئاگاداری جموجوڵەكانن و پێشبینیی ئاڵۆزیی زیاتر و پێشهاتی نوێ دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد بە گرنگ دەزانن.
ماوەیەكە ئێران هێزێكی زۆری سەربازیی ڕەوانەی ناوچە سنوورییەكانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردووە، ناوە ناوەش مانۆڕی سەربازی لە سنوورەکان ئەنجام دەدات. ئامانج لە کۆکردنەوەى ئەو هێزانە لەسەر سنوورەکان بە ڕوونى دیار نییە، بەڵام پارتەکانى ڕۆژهەڵات پێیان وایە کە ئێران لە ترسى ئەوان سنوورەکانى تەنیوە و دووریش نییە هێرش بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانیان لە برادۆست و ناوچەى کێلەشین.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرزاییەكانی سنووری شاری ماكۆ مانۆڕێکیان ئەنجام دا و محەمەد پاكپوور، فەرماندەی هێزە زەمینییەكانی سوپای پاسدارانیش ئاشکراى کرد، ئامانج لەو مانۆڕە بۆ لەناوبردنی مەقەڕەكانی حزبە كوردییەكان و پاككردنەوەی ناوچە سنوورییەكانە.
كاوە بەهرامی، بەرپرسی كۆمیسیۆنی نیزامی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە ״ئاژانس״ى ڕاگەیاند: كۆماری ئیسلامیی ئێران هێزەكانی بە تازەیی نەهێناوەتە ئەو ناوچانە، بەڵكوو لەمێژە ئەو هێزانەی لەوێ جێگیر كردووە، بەڵام لەم دوو ساڵەی كۆتاییدا هێزێكی زیاتری هێناوە و لەم چەند مانگەی كۆتاییش هێزەكانی زیاتر كردووە.
ئاماژەى بەوەش کرد، هێنانی ئەو هێزانە بۆ ئەوەیە ئێران ترسى بەرزبوونەوەى ناڕزایەتیى لە ناوخۆی كوردستان هەیە کە بۆ سەقامگیریی خۆی و مانەوەی خۆی هێزێكی زۆری بڵاو كردووەتەوە.
کۆکردنەوەى سوپا و هێزە ئەمنییەکانى ئێران لەسەر سنوور هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى ساڵیادى موشەکبارانکردنى قەڵای کۆیە و هاوکاتیشە لەگەڵ بوونى جموجۆڵەکانى پیشمەرگەکانى ڕۆژهەڵات لەسەر سنوورەکانى هەڵگورد و برادۆست، بەڵام تا ئێستا هیچ پێکدادانێکى تازە ڕووی نەداوە.
واسیق هاشمی، شارەزای بوارى ئەمنى و سەربازیى عێراق لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە وتارێکدا نووسیویەتى: ״دوور نییە ئێران لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان بە پڕۆسەی سەربازی وەڵامی ئەو هێز و گرووپانەی لە ناو خاكی كوردستانی عێراقن و چەكیان دژ بە ئێران هەڵگرتووە بداتەوە.״
ئەو شارەزا سەربازییە، ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، تاران و ئەنقەرە لە هەماهەنگیدان بۆ ئەوەى ڕووبەڕووی ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانە ببنەوە كە بنكە و بارەگایان لە ناوچەی هەولێر و سلێمانین، بەڵام بە دوورى دەزانێت عێراق هیچ هەماهەنگییەكی لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە هەبێت.
ئێران بە درێژایی ٥٠٠ کیلۆ مەتر سنوورى لەگەڵ هەرێمى کوردستاندایە، زۆرینەى چالاکییەکانى ئەو حزبانەش لە سنوورى پارتییەوەیە و تا ئێستا هیچ چالاکییەک لە سنوورى یەکێتییەوە نەکراوە لە کاتێکدا زۆرترین سنوورى ڕۆژهەڵات بە سنوورى یەکێتییەوەیە، بۆیە جموجۆڵى پێشمەرگەکانى ڕۆژهەڵات لەو مەودا بچووکەدا نەیتوانیوە مەترسیى ڕاستەقینە لەسەر ئێران درووست بکات.
خدر بەگ، بەرپرسى کۆمیتەى حزبى دیموکراتى کوردستان (حدک) باس لەوە دەکات، ئێران ترسى لە ناوخۆى ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵات هەیە کە ناڕەزایەتیى بتەقێتەوە و دەیەوێت هێزى خۆى پیشانى خەڵک بدات کە تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى بارودۆخەکەى هەیە.
خدر بەگ بە ״ئاژانس״ى وت: ״ئێران ڕۆژهەڵات و ئۆپۆزسیۆنى کوردى ئێران وەک خاڵى لاوازى خۆى دەبینێت، بۆیە دەیانەوێت بە کۆکردنەوەى هێزى سەربازى بیانەوێت پێش بگرن بە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتەوە.״
ئێران بە تەنیا لەسەر سنوورەکان هێزى بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵکوو لە سەرتاسەرى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لە ناو شار و گوندەکان و سەر ڕێگاکان هێزیان جێگیر کردووە و بنکە و بارەگایان دامەزراندووە، ئەوەش بۆ ئامادەباشیان لە ئەگەرى هەر ناڕەزایەتییەک لە شارەکاندا لە دژى ڕژێم.
ئامەد شاهۆ، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پژاك بە ״ئاژانس״ى وت: ״ئێران سیاسەتی دژە كوردە و قۆناغێكی نوێی پاكتاوكردنی دەست پێ كردووە و مەترسییە لەسەر كورد نەك تەنها حزبێك، ئاگادارین بە درێژایی سنوور هێزی هێناوە، ئێمە وەك پژاك هێزمان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەیە و كۆكردنەوەی هێزی ئێران لەسەر سنوور نابێتە بەربەست بۆ ئێمە.״
بەرپرسەکەی پژاك ئاماژەى بەوەش کرد، پێشبینیی ئاڵۆزتربوونی دۆخەكە دەكرێت و یەكڕیزیی ناو ماڵی كوردی باشترین وەڵامە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڕژێمى ئێران، پێشی وایە ئەگەر یەکگرتوو بن دەتوانن ڕێگە بە زۆر ڕووداو لە دژى پارتەکانى ڕۆژهەڵات بگرن.