ئاژانس – شیروان محەمەد ئەمین
کۆماری ئیسلامیی ئێران نێوەندگیریی نێوان دوو لایەنە ناکۆکەکەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەکات و بۆ ئەو ھەنگاوەش وەفدێکی ڕەوانەی ھەرێم کردووە و لەگەڵیان کۆبوونەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی “ئاژانس”، ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، وەفدێکی ئێران بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو بەرە ناکۆکەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی و گەڕانەوەی سەرکردە ناڕازییەکان، سەردانی ھێڵی گۆڕانکاریی بزووتنەوەی ئیسلامییان کردووە لە سلێمانی.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێک لەو دوو بەرەیە، کە لەبەر ھەستیاریی دۆخەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە “ئاژانس”ی وت: “ھەوڵی ئەو وەفدەی ئێرانیش بۆ یەکخستنەوەی دوو بەرە ناکۆکەکە بێئەنجام بووە”.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا، ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوە، بە پاساوی خراپیی ئەدای خودی ڕابەری ئەو بزووتنەوەیە و شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەکەیان، ھێڵی گۆڕانکارییان لەنێو پارتەکە ڕاگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەو ساڵەدا بە ھەمان ئاڵا و ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی/ ھێڵی گۆڕانکاری، لە شاری سلێمانی بارەگایان کردەوە، کە بە قسەی خۆیان ژمارەیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لە ١٩ کەس پێک ھاتووە.
بەکر تاماس، ئەندامی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی/ ھێڵی گۆڕانکاری، بۆ “ئاژانس” وتی: “لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئەندامانی مەکتەبی ھێڵی گۆڕانکاری لە سلێمانی کە پێک ھاتبووین لە بەندە و کەمال نووری، کاروان عەلی ساڵح، ئاسۆ نامیق، پێشوازیمان لە وەفدێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بە مەبەستی ھەوڵدان بۆ ئاشتەوایی ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی.”
وتیشی: “بە داواکاریی ئێرانییەکان ڕازی نەبووین، چونکە قسەکانیان زیاتر لە بەرژەوەندیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی ڕابەری بزوتنەوە بوو، کە دەیانویست سەرکردایەتیی بزووتنەوە لە بازنەی بنەماڵەدا بێت، بەڵام ئێمە ڕاشکاوانە وتمان لەم سەرکردایەتی و شێوازی بەڕێوەبردنەی ئێستای بزووتنەوە ناڕازین، بۆیە دەمانەوێت بە ڕێککەوتن بێت یان ھەڵبژاردن، دەستەیەکی نوێ بۆ سەرکردایەتی دابنرێت، وەفدی ئێران پێش ماڵئاواییکردنیان وتیان لە نێوەندگیریی نێوانتان بەردەوام دەبین، سەردانی خودی ڕابەر دەکەین، پاشان جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ لای ئێوەش.”
لە بەرانبەردا بەرەکەی دیکەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕەتی دەکاتەوە، کە ئەو وەفدەی ئێران سەردانی کردبن.
عەبدوڵڵا وەرتێ، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ “ئاژانس” دەڵێت: “ئێرانییەکان سەردانی ئێمەیان نەکردووە. “