ئاژانس
بە پێی ڕاپۆرتی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، كە لە بواری ئازادی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كار دەكات، لە دوو مانگی ڕابردوودا ئێران زیاتر لە 600 پێشێلكاریی مرۆیی بەرانبەر كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجام داوە و چالاكانی بواری مافەكانی مرۆڤیش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن و دەڵێن، ״ئەگەر ڕێگە بەو پێشێلكارییانە نەگیرێت، ئەوا مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی ئەو بەشەی كوردستان دەبێت.״
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، كە ڕێكخراوێكە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كارەكانی بە ناڕەسمی دەكات و حكوومەتی ئێران دان بە ڕاپۆرتەكانیدا نانێت، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا لەسەر ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات، دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستبەسەركردنی هاووڵاتیانی كورد بە دەستی هێزە ئەمنییەكان و هێزی ئاسایش، بە لەبەرچاونەگرتنی مافی كۆمەڵایەتی و سیاسی، بنبڕكردنی ئازادیی بیروباوەڕ و دەنگهەڵبڕین، قورخكردنی مافی ژیان و ئەمنییەتی تاكەكەسی، دەركردن لە ئەركی حكوومی و ئەشكەنجەی زیندانیانی سیاسی و لەبەرچاونەگرتنی مافەكان بنەڕەتی زیندانیانی سیاسیی لە دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 600 پێشێلكاریی ئەنجام داوە.
ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، هۆشداریی ئەوەی داوە، ״مانگ دوای مانگ پێشێلكارییە مرۆییەكان بەرانبەر كوردانی ڕۆژهەڵات ڕوو لە زیادبوون دەكەن و كۆماری ئیسلامیی ئێران گەنجان و چالاكوانە كوردەكانی بە ئامانج گرتووە.״
كەمال حەسەنی، چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوپەڕی خراپیدایە.
ئەو بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەسێدارەدان و گرتن و ئەشكەنجەدانی بێهۆ لە پێشێلكارییە لەپێشینەكانن، بە جۆرێك هەفتە نییە چەند چالاكوانێكی كورد لە سێدارە نەدرێن و دەیانی تریش بەند نەكرێن.״
ئەو چالاكوانە كوردەی بواری مافەكانی مرۆڤ ئەوەشی ئاشكرا كرد، چالاكوانان و هەڵسووڕاوانی بوارەكانی مافی مرۆڤ و چالاكانی سیاسی لە بەرەی پێشەوەی ئامانجەكانی ئێرانن بۆ گرتن و ئازاردانیان و دەڵێت، ״ئێران نایەوێت بە هیچ جۆرێك ئەو پێشێلكارییانە بچنە دەرەوە كە ئەنجامیان دەدات.״
ئەگەرچی هێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام باس لە ڕووبەڕووبوونەوە و بەگژاچوونەوەی حكوومەتی ئێران دەكەن بۆ كەمكردنەوەی پێشێلكارییەكانیان، بەڵام تا ئێستا هەوڵەكانیان نەیتوانیوە پێشێلكارییەكان بوەستێنێت.
حەسەن شەریفی، وتەبێژی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بۆ ״ئاژانس״ی ڕوون كردەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران درێغی لە پێشێلكاریكردن بەرانبەر بە كوردی ڕۆژهەڵات ناكات.
وتیشی: ״ئێمە وەك حزبی دیموكرات هەمیشە بەیاننامە و قسەمان دژی هەر پێشێلكارییەك هەبووە كە ئێران ئەنجامی داوە، لەو بارەیەشەوە بەردەوام لەگەڵ چالاكوانانی سیاسی و مافەكانی مرۆڤ لەسەر هێڵ بووین و هاوكاریان بووین بۆ بلاوكردنەوەی هەموو پێشێلكارییەكان.״
سەبارەت بە هەوڵەكانیشیان لەو بارەیەوە، شەریفی وتی: ״ئێران گفتوگۆ نازانێت و نایەوێت لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات دابنیشێت.״
بەڵام چالاكوانەكەی بواری مافەكانی مرۆڤ ڕەخنەی لە هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات گرت و ڕوونی كردەوە، هەوڵی ئەوان تەنها بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات و هەیمەنەی حزبەكەی خۆیانە نەك چاككردنی ڕەوشی مافی كورد لە ئێران.
كەمال حەسەنی ڕایگەیاند: ״سیاسییەكان و لایەنە سیاسییەكان ئامانجی سیاسییان هەیە، ئەگەر مافی مرۆڤ جێگەی بووەوە لە گەیشتن بە ئامانجەكەیان باسی دەكەن، ئەگەر جێگەی نەبووەوە ئەوا وازی لێ دەهێنن و باسی ناكەن.״
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان لەسەر پرسی ئازادی، دیموكراتی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كار دەكات و زیاتریش ڕاپۆرتەكانی لە دەرەوەی ئێران و بە چەندان زمانی جیاواز بڵاو دەكاتەوە.