״لە هەر شوێنێكەوە دژایەتیمان بكرێت، كاردانەوەی تووندمان بۆ هەمان شوێن دەبێت״
ئاژانس -شیروان محەمەد ئەمین
كۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاش كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سووپای پاسداران پەیامێكی نوێی ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، لەسەر پاراستنی سنوورەكانی نێوانیان و پێی ڕاگەیاندوون: ״له هەر شوێنێكەوە دژایەتیمان بكرێت، كاردانەوەی تووندمان بۆ هەمان شوێن دەبێت״ و بڕیاریشە بۆ تاووتوێكردنی هەستیاریی ناوچەكە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی تاران بكات.
لە پاش ڕووداوی كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سووپای پاسداران بۆ جارێكی دیكە ئاییندەی پرسی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و تاران گەرم بووەوە بە تایبەت كە لە لایەن هەرێمی كوردستان سنوورێكی زۆری لەگەڵ ئێران هەیە و لە لایەكی دیكەشەوە هێزە سەربازییەكانی ئەمهریكا لە سنووری هەرێمی كوردستان بنكە و بارەگای سەربازییان هەیە.
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״، لە دوای ئەو ڕووداوە كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێكی نوێی ئاڕاستەی هەرێم كردووە سەبارەت بە ئاییندەی ڕووبەڕووبوونەوە و مەترسییەكان لەم سنوورە.
سەرچاوەیەكی بەرپرس و ئاگاداری پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״چەند ڕۆژی ڕابردووی دوای كوژرانی قاسم سلێمانی، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و كونسوڵگەریی هەولێر و سلێمانی پەیامێكی نوێی بۆ حكومەتی هەرێم ناردووە، كە تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە بۆ دووەم جار حكومەتی هەرێم ئاگادار دەكەینەوە و دەمانەوێت هەردوولا پابەند بین بە ڕێكکەوتنی دوای 1997ی نێوان ئێران و هەردوو ئیدارەی ئەو کاتەی هەولێر و سلێمانیی حکومەتی هەرێم كە بۆ پاراستنی سنوورەكانی نێوانمان كراوە، ئەگەر دەتانەوێت ناوچەكەتان پارێزراو بێت، نابێت ڕێگە بدەن لە لایەن هیچ هێزێك بە تایبەتی هێزەكانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە زەمینی و ئاسمانی لە ڕێگەی فرۆكەخانەكان یان لە ڕێگەی بازگەی سەربازییەوە زیان بە كۆماری ئیسلامیی ئێران بگات، بە پێچەوانەوە لە هەر شوێنێكەوە دژایەتیمان بكرێت، كاردانەوەی تووندمان بۆ هەمان شوێن دەبێت.״
وتیشی: ״لەو پەیامەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە هەر كەسێك زانیاریی نهێنیی لەسەر هەر ئەندامێكی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەرێمی كوردستان بدات بە ئەمەریكا لە لایەن ئێرانەوە وەك تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.״
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشان داوە بە پابەندبوون بە ڕێكکەوتنی نێوانیانەوە، لە پاش كۆتاییهاتنی پرسەی قاسم سلێمانی، لە نێوان حكومەتی هەرێم و ئێران كۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت و وەفدێكی هەرێم سەردانی تاران دەكات.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران وێڕای ئەوەی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ ڕەت ناكەنەوە، هاوكات بە بیانووی هەستیاریی دۆخەكە ئامادە نین لەم بارەوە ڕوونكردنەوەی زیاتر بدەن.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی، سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״هیچ ڕوونكردنەوە و زانیارییەك لەم بارەوە نادەم.״
هاوكات نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״ئاگادار كراوین كە لەم ماوەیەدا لەبەر هەستیاریی دۆخەكە هیچ لێدوانێك نەدەین، بۆیە وەڵامی هیچ پرسیارێك نادەمەوە.״