ئهمهریکا له ڕۆژئاوا 2 ههزار سهرباز، 10 سهربازگه و 2 بنکهی ئاسمانیی ههیه
ئاژانس – هێمن حەسەن
لێدوانە چاوەڕواننەکراوەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەیان لە سوریا ترسی خستووەتە دڵی کوردەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام بەڵێنی فەڕەنسا بۆ ڕەوانەکردنی هێز بۆ مەنبەج و پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان دڵی کوردەکانی خۆش کردووە.
لە هەڵوێستێكی چاوەڕواننەكراودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریکا 30ی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند، بەم نزیكانە هێزەكانیان لە سوریا دەكشێننەوە و دۆخەكە بۆ لایەنەكانی تر جێ دەهێڵن، هەرچەندە دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بێئاگایی خۆی لە هەر جۆرە پلانێك بۆ كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا ڕاگەیاند، بەڵام ئەم قسانەی ترەمپ ترسی خستە دڵی كوردەوە ئەگەر جێبەجێ بكرێت، بڕیارەكە بۆ كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان زیانی گەورەی دەبێت و هاوكات ئیدارەی فیدراڵیی باكووری سوریا دەخاتە بەر دەم زەبری فڕۆكە و تۆپ و تەیارەی توركیا، بەڵام پێ دەچێت فەڕەنسا نەهێڵێت ئەو خەونەی تورکیا بەدی بێت.
سیهام قریۆ، هاوسەرۆكی دەستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كانتۆنی جزیرە، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، سەرۆكی فەڕەنسا بەڵێنی پێ داین هێزی سەربازیی ڕەوانەی منبەج بكات تا ئاسایشی باكووری سوریا بپارێزن.
ئاماژەی بەوەش كرد سەرۆكی فەڕەنسا پێی وتوون كار بۆ ئەوە دەكەن دۆخی سوریا نەگاتە ئاستێكی مەترسیدار، بۆ ئەو مەبەستەش بەڵێنی پێ داون هێزێك بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەكانیان و ڕێگرتن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش ڕەوانەی شاری منبەج بكات.
كاتێك ترەمپ ئەو لێدوانەی دا شاندێكی ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریا كە نوێنەرانی كورد، عەرەب و سریانی لەخۆ گرتبوو لە فەڕەنسا و لە كۆشكی ئەلیزێ لەگەڵ ئیمانیۆل ماكرۆن، سەرۆكی ئەو وڵاتە لە كۆبوونەوەدا بوون سەبارەت بە داهاتووی سوریا و بە تایبەت ڕۆژئاوای كوردستان.
دوای كۆبوونەوەكە ئاژانسی فڕانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەكی تایبەت بە خۆیەوە بڵاوی كردەوە سەرۆكی فەڕەنسا لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ شاندەكەی ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاندووە هێزێكی سەربازی ڕەوانەی منبەج دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان توركیا و یەپەگەدا دەدات.
كینۆ گابریل، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات ״هەسەدە״ بە ״ئاژانس״ی وت: ״هیچ ئاگادار نەكراوینەتەوە لە كشانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریکا كە لە چوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیماناندا لە سوریادا كار دەكەن״.
وتەبێژەكەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش كرد، فەڕەنسا هەمان بۆچوونی ئەمەریکای لەسەر هێرشی سەربازیی توركیا بۆ سەر منبەج هەیە و پێی وایە جێی قبووڵكردن نییە، جەختیشی كردەوە فەڕەنسا لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت.
ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای كوردستان نزیكەی دوو هەزار سەرباز و 10 سەربازگە و دوو بنكەی ئاسمانیی هەن، لە حەسەكە چوار بنكە و لە پارێزگای ڕەققە دوو بنكەی سەربازیی ئەمەریكی هەن، لە كانتۆنی كۆبانێش دوو سەربازگەی ئەمەریكی هەن، لە منبەجیش كە لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی توركیادایە دوو سەربازگەی ئەمەریكی هەیە.
لە كۆتایی ساڵی ڕابردووش ئەمەریکا بنكەیەكی دیكەی سەربازیی لە پارێزگای دەیرەزوور لە نزیك كێڵگەی نەوتی كۆنیكۆ درووست كرد، گرنگیی ئەم ناوچەیە بۆ ئەمەریکا وای لەو وڵاتە كردووە دوودڵ بن لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریکا لە سوریا، چونكە لە ڕووی سیاسی و نەوتیشەوە ستراتیژییە.
حاجۆ سەمیر، چاودێری سیاسیی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، بڕیاری سەرۆكی ئەمەریکا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە سوریا بۆ كورد زۆر مەترسیدار دەبێت، بەڵام پێشی وایە كە دەوڵەتانی زلهێز بەرژەوەندییان لەناو سوریا هەیە و ناتوانن بە تەواوەتی بكشێنەوە.
تا ئێستا وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمەریکا هیچ لێدوانێكی لەسەر قسەكانی ترەمپ نەداوە، بەڵام لەو كاتەوەی ترەمپ ئەو لێدوانەی داوە بەرپرسانی ئەو وڵاتە جەخت لەسەر پاراستن و پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانیان لەناو سوریا دەكەنەوە كە كوردە، هاوكاتیش شارەزایانی سەربازی پێیان وایە لە حاڵەتی جێبەجێکردنیشیدا ئەو پڕۆسەیە نزیكەی 5 ساڵی دەوێت.
حاجۆ سەمیر بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەسەر ئاستی ئیدارەی ترەمپ كۆدەنگی نییە بۆ كشانەوەی هەموو هێزەكانی ئەمەریکا لە خاكی سوریادا، چونكە پێیان وایە ئەمە تەسلیمبوونی ئەمەریکایە بە ڕوسیا، بۆیە قسەكانی ترەمپیش یەكلایی نەبووەتەوە.״