ڕووداوەکانی ئەم دواییە، ئەمەریکای جارێکی تر هێنایە ناو بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردی و کەسی کوردی. چۆنێتی تێگەیشتن لە ئەمەریکا بەشێکی کاریگەرە لە داڕشتنی سیاسەتی ئێمە، نەک تەنها لە ئاستی دیپلۆماسی و نیودەوڵەتیدا، بەڵکو لە ئاستی ئیقلیمی و ناوخۆشدا. دیارە پرسی تێگەیشتنی ئێمە لە دونیای دەورەبەرمان و دەرەوەمان پێش هەموو شتێکی تر پرسێکی مەعریفییە، کە بنەمای هەڵوێست و ئاگایی و دیدی ئێمەیە. بەڵام ئەم بنەما مەعریفییە کێشەی زۆرە، پێش هەموو شتێک لە ئاستی دونیای ئەمڕۆدا نییە، لە ئاستی ئاڵۆزی و خێرایی و واقیعیبینی دونیادا نییە. وەها دەردەکەوێت ئێمەی کورد وەهامان پێباشە کە دونیا وەها لێک بدەینەوە کە دەگونجێت لەگەڵ تێگەیشتن و دیدی خۆماندا یان دژ بە ئێمەیە. ئەم خۆگێلکردنە تەنها لە ئاستی گشتی یان کەلتوردا نییە، بەڵکو لە ئاستی نوخبەشدا زۆر بڵاوە. دیارە نوخبەی کوردی زۆرجار ئاستی مەعریفی زۆر لاوازترە لە خەڵكی سادە. بەشی زۆری بە دەست گرێی دەروونی و پەرچەکرداری شەڕی ناوخۆ و تێرنەخواردنی ماددی و سێکسییەوە دەناڵێنێت.
کێشەی گەورەی ئەم خراپ تێگەیشتنە ئەوەیە کە خەسڵەتێکی دینی هەیە. لێرەدا من قسەم لە دین نییە، بەڵکو دین وەک ئاستێکی ئاگایی دەبینم کە بڵاوترین جۆری ئاستی تێگەیشتنە لە دونیای ئێمەدا، کە تێکەڵەیەکە لە دەربڕینی هەست لە سیمبوڵدا. بۆ نموونە کاتێک ترس پاڵنەری تێگەیشتنتە لە دونیا، ئەوا تەفسیرت بۆ دونیا هەوڵدانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوترسەدا، ئەویش بە دروستکردنی پارێزەر و ڕزگارکەر.
دیارە ئەگەر بمانەوێت بزانین کە نوخبەی کورد و خەڵكی کورد چۆن بیردەکەنەوە لە ئەمەریکا پێویستمان بە ڕاپرسی و کۆکردنەوەی داتایە. بەڵام ئەوەی ئێمە پشتی پێدەبەستین ئەو دەربڕینە گشتیانەیە کە لە ئاستی سیاسی و میدیادا دەیبینین و دەیبیستین.
ڕووداوەکانی ئەم دواییە هەندێک خەسڵەتمان پێدەڵێن کە سەلمێنەری ئەوەیە کە تێگەیشتنی ئێمە بۆ ئەمەریکا تێگەیشتنێکی ئایینی ترسناکە. بەو مانایە جۆرێکە لە تێکەڵی نێوان هەست و سیمبول، بەبێ گەیشتن بە ئاستی چەمکاندن. دیارە هەتا ئێستا لە مێژووی کورددا دەقێکی نیە دونیا بچەمکێنێت. یان ڕۆشنبیرێکی کورد نیە خاوەن چەمکی خۆی بێت بۆ دونیا. بەبێ تێگەیشتنی چەمکیانە ئێمە ناتوانین ئامرازی خوێندنەوەی خۆمان هەبێت، بەلكو زیاتر پەرچەکردار و تێگەیشتنی ئایینییە، نەک زانستی .
ڕووداوەکانی ئەم دواییە چەند خەسڵەتێکیان پێ وتین:
یەکەم، ئەمەریکا لە پشت هەموو شتێکەوەیە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، یان بە فشارکردن، دەستتێوەردان، یان هیچنەکردن و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز.
دووەم، ئەمەریکا توانای بەسەر هەموو شتێکدا هەیە و هیچ شتێک لە دەرەوەی خواستی ئەو نابێت. بۆیە دەبێت ئەمەریکا ڕازی بکرێت، هەرگیز نەتۆرێنرێت.
سێیەم، ئەمەریکا چاکە یان خراپە، ئەم جۆرە تێگەیشتنە پێی دەڵێن کرۆکگەرایی (ئیسێنشالیست). ئەمە زیاتر دیدی خەڵکانی ئایدەلۆژی و ئاینی و کینەبازانە (بەشێکی زۆری کورد کە لە ئاستی ئەخلاقی و مەعریفیدا بونەوەرێکی خێڵکی سەرەتایین، پەیوەندی ڕق، باڵاترین جۆری پەیوەندییانە لە گەڵ دونیادا). توانای تەحەمولکردنی جیاواز بەشێکە لە بەهای سەردەم، ئێمە و کولتوورەکانی دەوروبەرمان هێشتا نیمانە.
چوارهەم، وێناکردنی ئەمەریکا لە ڕێگای ڕووداوێک یان تەنها لە ڕێگای مامەڵە لەگەڵ کورددا، ئەم جۆرە تێگەیشتنە دژ بە سرووشتی ئەمەریکا خۆیەتی کە ئەرکی خۆی لەوەدا دەبینێت ئیدارەی دونیا دەدات. ئەمە هەروەها لە ئاستی خۆبینیندا ڕاستە کە کورد پێکهاتەکەی بچووکە لە ئاستی دونیادا.
ئەم قەیرانە مەعریفییە سیاسییە چەند بنەمایەکی هەیە:
یەکەم، بێتوانایی لە بیرکردنەوەی دەوڵەتی. دەوڵەت تەنها کۆدەزگا یان سیستمێک نییە، بەڵکو بونێکی مەعریفی و سایکۆلۆژی و ئاگایی و ڕەفتارییە. لە بەر نەبوونی کورد پێی ئاشنا نییە. بۆیە کورد تێگەیشتنی شەخسی هەیە بۆ دەوڵەت. ئەمە لە کاتێکدا ئەمەریکا جۆرێکی تایبەتە لە دەوڵەت یان بان-دەوڵەت.
دووەم، تێگەیشتن لە واشنتون، وەک ناوەندێکی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی دەسەڵات، کە کۆمەڵەهێزێکی زۆر لە کێبڕکێدان بۆ فشارکردن لە سەر چۆنێتی بەڕێوەچونی دەوڵەت لە هەموو ئاستەکاندا. کە ئەمە لە ئەنجامدا گۆڕانکاری و کێبڕکێ و پشێویی و کاتی دەوێت. لە هەمانکاتدا مانای ئەوەیە هەرکەی وتمان ئەمەریکا وەها بیردەکاتەوە درۆ ئەکەین، چونکە هەرگیز ئەمەریکا بە یەک شێوە بیر ناکاتەوە.
سێیەم، تێنەگەیشتن لە دیموکراسی وەک پرۆسەیەکی ناسەقامگیر، کە ناوەو و دەرەوەی دەوڵەت پێکەوە گرێئەدات، هەروەها بڕیار دەداتە خەڵکانێک لە هەندێک ئاستدا کە هیچ گرنگیەکی نیە بۆیان. بەو مانایە دیموکراسی ماف دەدات بە کەسێک بۆ ئەوەی داکۆکی بکات لە خۆی لە هەناو سیستەمی سیاسیدا لە ڕێگای دەزگاکانی دەوڵەتەوە، بەڵام ئەم داکۆکیە لە خود، کاریگەری هەیە لە سەر دونیا. (جوتیارە خاوەن مەرەزەکانی ئەمەریکا، دژی هەر جۆرە سزایەک بون لە لایەن ئەمەریکاوە بۆ سەدام، لە بەرامبەر کیمیابارانی هەڵەبجە، چونکە ئەوە بە زیان بۆ فرۆشی برنج دەشکایەوە بۆیان، چونکە عێراق کڕیاڕی برنجی ئەمەریکی بوو.)
چوارهەم، نەبونی توانا بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ناڕوونی و ناسەقامگیریدا. لە بەر بوونی مەعریفی دینی، کە خەسڵەتی سەرەکی دڵنیایی و ڕوونی و تاک ڕەهەندیە، ئەوا ئەستەمە لەگەڵ ناسەقامگیری و پشێوی و ڕێژەگەرایی بکەین.