پڕۆژەکە لەسەر داوای ئەو حزبانە بووە بۆ پشتگیریکردنیان
ئاژانس
ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە ئێستادا کار بۆ ئەوە دەکات ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى بە یەکەوە کۆ بکاتەوە و لەسەر پڕۆژەیەکى سیاسى بۆ داهاتووى ئێران یەکیان بخات و بیکاتە بەدیل بۆ دەسەڵاتى ئێستاى ئەو وڵاتە.
بە پێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانى ئەمەریکا لە مانگى ڕابردوودا وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا چەند جارێک چاوی بە لایەن و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران کەوتووە و تیایدا لەبارەى داهاتووى ئێران گفتوگۆیان کردووە، هاوکات ئەمەریکا پڕۆژەیەکى داوە بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان.
هەرچەندە بە دیاریکراوى ناوەڕۆکى پڕۆژەکە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە لەسەر داواى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى بووە کە داواى پشتیوانیی ئەمەریکایان کردووە بۆ گۆڕینى دەسەڵات لە ئێراندا، لە بەرامبەردا ئەمەریکا بەڵێنى ڕووخاندنى بەو لایەنانە نەداوە، بەڵام بە پڕۆژەیک پشتیوانیی لە داواکارى و خەباتى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى کردووە.
بە پێی پڕۆژەکەى ئەمەریکا، واشنتۆن پشتیوانى لە مافى سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانى ئێران دەکات و یەکهەڵوێستى و یەکپڕۆژەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێرانى بە گرنگ زانیوە، پشتگیریی هەر پڕۆژەیەکى ئۆپۆزسیۆنیشى کردووە کە بۆ دیموکراسى و داهاتوو و ژیانى ئێرانییەکان باشتر بکات.
محەمەد بەهرامى، یەکێک لە نوێنەرانى بەلوچەکانى ئێران لە پاریسەوە بە «ئاژانس»ى ڕاگەیاند: ئەمەریکا پشتیوانیى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانی دەکات بۆ داهاتوو لە ڕووى بەڕێوەبردن و گۆڕینى سیستم، پڕۆژەى ئەمەریکا ئەوەیە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و یەک دەنگ و خاوەن یەک پڕۆژە بن.
بەهرامى ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا لە ڕابردوو بۆ ئێستا و داهاتووی ئێرانیش پڕۆژەى خۆی هەیە و ئۆپۆزسیۆنى ئێرانیش یەکێکە لەو ڕێگایانەى ئەمەریکا بیەوێت پڕۆژەکەى جێبەجێ بکات، بەڵام بە وتەى خۆى ئەمە کەوتووەتە سەر ئۆپۆزسیۆنى ئێران کە تا چەند لە دەورى یەک کۆ دەبنەوە و لەسەر پڕۆژەیەک ڕێک دەکەون.
مانگى ئازارى ڕابردوو کۆنگرەیەکى پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانى ئێران لە ئەڵمانیا بەڕێوە چوو کە بەشێک لە پارتەکانى ڕۆژهەڵاتى تێدا بوو و تیایدا باس لەوە کراوە نەتەوەكانی ئێران پێداگر بن لەسەر مافەكانیان و سیستمی فیدڕاڵی و ئێرانێكی دیموكراتی.
ئیبراهیم عەلى زادە، سكرتێری كۆمەڵە– ڕێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران بە «ئاژانس»ى ڕاگەیاند، ئۆپۆزسیۆنى ئێران و لە ناویشیاندا ئەو پارتانەى لە ناوەندى هاوکاریی حزبەکانى ڕۆژهەڵاتن خۆشباوەڕانە هەموو شتێکیان لەسەر سیاسەتەکانى ئەمەریکا بنیات ناوە، هەموویان بەو ئومێدە دانیشتوون ئەمەریکا بێت ناوچەکەیان بۆ ڕزگار بکات یان ڕژێم بڕووخێنێت، بەڵام ئەمەریکا هیچ پڕۆژەیەکى نییە بۆ ئۆپۆزسیۆنى ئێران.
ئاماژە بەوەش دەکات، بەوە نابێت کە هەیئەتێکى کوردى بچێتە واشنتۆن کارمەندێکى دەرەجە چەندى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا لەگەڵیان دانیشێت کە ڕەنگە هەر زانیاریان لێ وەربگرێت، پێشی وایە وڵاتان هەمیشە تولەڕێیەک دەهێڵنەوە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تەواوى پەیوەندییەکان ناپچڕێنن.
ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى پێکهاتوون لە پارتە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، موجاهیدنى خەلق، نوێنەرى بەلوچ، عەرەب، تورکمان، ئازەرى لەگەڵ چەند گرووپ و لایەنێکى دیکە، ئەوانەش ساڵانێکى زۆرە لە ئەورووپا و ئەمەریکا و هەرێمى کوردستان جێگیر بوون و خەبات لە دژى کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەکەن.
بەرپرسانى یەکەمى ژمارەیەک لە پارتەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زوو زوو سەردانى ئەمەریکا دەکەن، لە ماوەى سێ مانگى ڕابردوودا چەند جارێک بەرپرسانى هەردوو دیموکرات و کۆمەڵە سەردانى ئەمەریکایان کردووە و لەبارەى داهاتووى ئێران و ڕۆڵى کورد لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کردووە.
سۆران نوورى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى حزبى دیموکراتى کوردستان باس لەوە کات تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەکى ئەمەریکى بە دەست ئۆپۆزسیۆنى کوردى نەگەیشتووە و ئاگاداریش نین کە درابێتە ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى، بەڵام دەڵێت، وەک پارتەکانى ڕۆژهەڵات سەرقاڵى پڕۆژەیەکن بۆ داهاتووى ئێران.
سۆران نوورى بە «ئاژانس»ى وت: «ئەمەریکا بۆ بەرژەوەندییەکانى لە قۆناغى یەکەمدا پڕۆژە و بەرنامەى خۆی هەیە، بەڵام ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆن هەموو توانا و کارایی خۆمان لەسەر خەڵکى خۆمان هەڵچنیوە، بەڵام خافڵیش نەبووین لە ئەمەریکا و ئەورووپا بەردەوام سەردانمان کردوون و داواى هاوکاریمان کردووە.»