نوێنەرانی هاووڵاتییان گەندەڵ دەرچوون
ئاژانس
لە ماوەی ڕابردوودا دەستەی نەزاهەی عێراقی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 89 ئەندامی هەشت ئەنجوومەنی پارێزگای عێراق دەركردووە بە تۆمەتی گەندەڵی، لە كاتێكدا هەڵبژاردنیان وەك نوێنەری هاووڵاتییان بۆ ئەوە بووە ڕێگری لە گەندەڵی حكومەتە خۆجێییەكان بگرن، ئەو ڕەوشە كارێکی وای كردووە چارەنووسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەرەو ئاقارێكی نادیار بچێت لەگەڵ ئەوەی دەستوور ئاماژەی بە بوونیان كردووە.
ئەو 89 ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە پشكی پارێزگاكانی دیوانییە و كەربەلا و میسان و بابل و نەینەوان و هەریەك لە كەركوك و دیالە و واست زۆرترین ئەندامیان لە لایەن نەزاهەوە داوا كراون.
سەرجەم فەرمانەكانی دەستەی نەزاهە بۆ ڕاپێچكردنی ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە پێی ماددەی 340ی یاسای سزادانی عێراقییە، كە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و سزاكەی دەگاتە حەوتساڵ بەندكردن.
دەركردنی فەرمانی ڕاپێچكردنیان بۆ بەردەم دادگا بۆ ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە كاتێكدایە، بە پێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان، دەبێت ئەو ئەندامانە چاودێر بن بەسەر حكومەتی خۆجێیی شارەكانیان و وەك پەرلەمانێكی بچووككراوە مامەڵە بكەن و ڕێگری بكەن لە لادان و ڕوودانی گەندەڵی.
ئەو فەرمانانە ئەوەندەی تر هاووڵاتییانی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی تووڕە كردووە، لە پاش ئەوەی بۆیان دەركەوت نوێنەرەكانیان بەشدارن لەو لادانانەی كە لە پێناو ڕاگرتنیاندا خۆپیشیاندانیان ئەنجام دا.
لە هەشتی مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بە سڕكردنی كاری ئەنجوومەنی پارێزگانی عێراق تا وەكو ئەو كاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، كە بڕیارە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
عالیە نسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوونەتە چاڵی گەندەڵی و بەشێك لە ئەندامەكانی لە ڕێگەی گوشار و بەرتیلوەرگرتنەوە بەشدارن لە گەندەڵیدا، بۆیە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان گەیشتنە ئەوەی بوونی ئەو ئەنجوومەنانە گرنگیی نەماوە.״
وتیشی: ״ئەگەر زۆرە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو تەنها پارێزگار هەڵبژێردرێت.״
سەرجەم بڕیارەكانی نەزاهە بەبێ ناوهێنانی ناوی ئەندامەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانن، بەو پێیەی ئێستا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان و لە پاش یەكلاییبوونەوەی دۆسیەكانیان لە لایەن دادگاوە ناوەكانیان ڕادەگەیەندرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە ئاژانسی دەنگوباسی ڕەسمیی عێراق بڵاوی كردەوە، كە دادگایەكی تایبەت پێك هێنراوە بۆ گەندەڵی كە بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێكردندا درووست كراوە.
حسێن كەعبی، ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە پێی ئەو چاكسازییانەی پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، دەستەی نەزاهە چالاك دەكرێت بۆ بەدواداچوونی دۆسیەكانی گەندەڵی و سزادانیان، تەنانەت ئەگەر لە پۆستی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنیشیدا بن و ئەوەش پەیامێكی باشە بۆ خۆپیشاندەران.״
وتیشی: ״بەڵگەنامە هەیە سەبارەت بە گەندەڵیی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و شەقامیش بێزار بووە لە كاری ئەو ئەنجوومەنانە.״
ڕیا حەمدانی، شرۆڤەكاری عێراقی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەنجوومەنی پارێزگـاكانی عێراق گەیشتوونەتە ئاستێك كە لە لایەن هاووڵاتییانەوە بێزراو بوون، بۆیە ئەستەمە جارێكی تر هەڵبژێردرێنەوە بەو پێیەی ڕۆڵیان هەبووە لە پاراستنی گەندەڵكاراندا.״
بەڵام ڕێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژادرنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان عێراقیش ڕووبەڕووی كێشەی یاسایی دەكاتەوە.
عەلی تەمیمی، پسپۆڕی یاسای دەستووری بە ״ئاژانس״ی وت: ״بە پێی دەستوور دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگاكان بوونی هەبێت كە بە یاسا ڕێك بخرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە پەرلەمان پەسەند كراوە و ئەو ماددەیەی دەستووریش بە یاسایەك هەڵناوەشێتەوە.״
وتیشی: ״ئەگەر پەرلەمان كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكات دەبێت هەمواری دەستوور بكاتەوە یان یاسایەكی نوێی بۆ دەربكات و ئەوەش عێراق دەخاتە قەیرانێكی نوێوە.״