حكومەت بەم شێوەیەی ئێستا پێك بهێنرێت مامەڵەی لەگەڵ ناكەین
سازدانی:شیروان محەمەد ئەمین
محەمەد ئیلخانی، ئەندامی ئەو وەفدەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، كە هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ محەمەد عەللاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو كۆبوونەوە، چەندین زانیاری لەبارەی گفتووگۆكانیان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: ״عەللاوی وتی من كەسی بێلایەن دەهێنم بۆ ئەو وەزارەتانەی بەر كورد دەكەون و خۆشم كەسەكان دەستنیشان دەكەم، بۆیە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێم ڕازی نین و ئەگەر بەم شێوازە حكومەت پێك بهێنێت ناتوانین مامەڵەی لەگەڵ بكەین״.
محەمەد ئیلخانی، كە هاوكات سەرۆكی پارتی دیموكراتی گەشەپێدانی توركمانە، لە چاوپێكەوتنێكی ״ئاژانس״دا باسی لەوە كرد، كە هەر سێ وەزارەتی دارایی و بازرگانی و داد بۆ كورد داندراون، عەللاوی پێی وتین ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هاوكاریم نەكەن، سێ وەزارەتەكە بە بەتاڵی جێ دەهێڵم تاكو ئەو كاتەی لەگەڵ كورد ڕێك دەكەوین، بەڵام دەرفەتی ئەوەی نەدا وەڵامی قسەكانی بدەینەوە.״
ئاژانس: لە كۆبوونەوەتان لەگەڵ محەمەد عەللاوی هۆكار چی بوو كە نەگەیشتن بە ڕێكکەوتن؟
محەمەد ئیلخانی: سەردانی لیژنەی لایەنە سیاسییەكان بۆ بەغدا بە ئامانجی ئەوە بوو، كە هاوكاریی عێراق بكات، بۆ ئەوەی بە زووترین كات كابینەی نوێی حكومەت درووست بكرێت، بە جۆرێك نوێنەرایەتیی هەموو پێكهاتەكان بكات، بۆ ئەوەی عێراق لەم قەیرانە ڕزگاری ببێت، ئامادەكاریش بكرێت بۆ هەڵبژاردنێكی خاوێن، لە یەكەم شەوی سەردانەكەمان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی سوننە و شیعە داوایان كرد هەرێمی كوردستان بەشداریی حكومەت بكات، بەڵام پاش ئەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو كۆبووینەوە، باسی لەوە كرد خۆی لە جیاتی كورد وەزیرە كوردەكان دادەنێت، ئەمەش مامەڵەیەكی تەندروست نییە، ئێمەش وتمان كوردستان هەرێمێكی دەستوورییە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، پێویستە وەزیرەكان ئەگەر حزبی یاخود سیاسی و بێلایەن بن، لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە كاندید بكرێن، بەڵام سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو نایەوێت ڕێز لە ئیرادەی هەرێمی كوردستان بگرێت، بۆیە لە مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێم ڕازی نین، چونكە تا ئێستا لە گفتوگۆكانماندا نەگەیشتووین بە ئەنجام، ئەگەر بەم شێوازە حكومەت پێك بهێنێت ناتوانین لەگەڵ سەرۆكوەزیران مامەڵە بكەین.
ئاژانس: چیتان بە محەمەد عەللاوی وت سەبارەت بە كاندیدی وەزارەتە كوردەكان و ئەویش وەڵامی چی بوو؟
محەمەد ئیلخانی: داوامان كرد كاندیدی وەزارەتە كوردییەكان لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش بكرێت، مەرجیش نییە كەسانی ناو حزبە سیاسییەكان بن، بەڵكوو كەسی ئەكادیمی و شارەزا دیاری دەكەین، بەڵام محەمەد عەللاوی بە بیانووی ئەوەی كە داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەكات، وتی من كەسی بێلایەن دەهێنم و خۆشم كەسەكان دەستنیشان دەكەم، بۆیە بە هیچ شێوازێك ڕازی نەبوو هەرێم كاندید پێشكەش بكات. وتیشی ئەگەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێم هاوكاریم نەكەن، سێ وەزارەتەكە بە بەتاڵی جێ دەهێڵم تاكو ئەو كاتەی لەگەڵ پێكهاتەی كورد ڕێك دەكەوین.
ئاژانس: ئێوە ئەوەتان بە عەللاوی وت ئەگەر مەرجەكانی هەرێم قبووڵ نەكرێت پشتیوانیت ناكەین؟
محەمەد ئیلخانی: عەللاوی بۆ خوانێك میوانداریی ئێمەی كردبوو، لە پاش ئەوەی كە بۆچوونی ئێمەی زانی قسەكانی خۆی كرد و كۆتایی بە كۆبوونەوەكە هات، مەجالی ئەوەی نەدا وەڵامی قسەكانی بدەینەوە، بۆیە دەڵێم شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەرێم باش نییە، ئێمەش بڕیارمان داوە تاكو ئەو كاتەی مەرجەكانمان جێبەجێ دەكات بەغدا بەجێ دەهێڵین.
ئاژانس: بە بڕوای تۆ عەللاوی یان عەبدولمەهدی كامیان باشترن لە مامەڵەكردن لەگەڵ كورد؟
محەمەد ئیلخانی: عادل عەبدولمەهدی هەموو كێشەكانی كوردستانی چارەسەر نەكردووە، بەڵام باشترین سەرۆكوەزیران بوو بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵام محەمەد عەللاوی دوو كێشەی هەیە، كە ناتوانێت سەركەوتوو بێت، یەكەم ئەزمونی نییە لە ڕووی ئیدارەكردنی وڵات و بزووتنەوە سیاسییەكان، دووەمیش كەسایەتییەكی تەنهایە و هیچ گرووپ و حزبێكی سیاسیی نییە، هەر كەسایەتییەكیش لە عێراق بزووتنەوەیەك پشتیوانیی نەكات، ئەگەر حكومەتیش پێك بهێنێت سەركەوتوو نابێت، مەگەر لایەنە سیاسییەكانی شیعە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان پشتوانیی بكەن، كە دەبوو كەسایەتییەكی بەهێز ڕاسپێردرێت بۆ عێراق بە پێچەوانەوە لاوازترین كەسایەتیی سیاسی ڕاسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی.
ئاژانس: پێت وا نییە خۆپیشاندەران فەرزیان كردووە كە لایەنە سیاسییەكان نوێنەریان لە ئەنجوومەنی وەزیران نەبێت، یان كەسێكی وەك محەمەد عەللاوییان دەوێت؟
محەمەد ئیلخانی: شەقام بێزارە لە لایەنە سیاسییەكانی زۆرینە كە شیعەن، دەزانن ئەو بێلایەن نییە، چونكە لە عێراق سێ لایەنی سەرەكی هەیە، كورد و سوننە و شیعەیە، ئەویش تەنها لە لایەن شیعەكانەوە پشتوانیی لێ دەكرێت، كورد و سوننەش لە ئەدای عەللاوی ناڕازین.
ئاژانس: پێشنیاری چی كرا بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێکكەوتن؟
محەمەد ئیلخانی: ئێمە وتمان كێشەی ئەوەمان نییە حكومەت بێلایەن بێت، بەڵام پێداگریمان لەسەر ئەوە كرد، ئەگەر ئێمە وەزیرەكان دیاری نەكەین، هەر كەسێك ببێت بە وەزیر نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵام سەرۆكوەزیران لەم پرسەدا هاوكاریی ئێمە و سوننەكان نییە، ڕێگەچارەیەك نەدۆزرایەوە و ناڕەزایەتیی خۆمان دەربڕی، لە ئەدای عەللاوی ڕازی نین و ئامادە نین بەم شێوازە دانوستانی لەگەڵ بكەین، بۆیە جارێكی تر لە هەرێم لە نێوان سەركردایەتیی لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆ بۆ چارەسەری ئەم پرسە دەكەین، كە پێمان وایە بەم شێوازەش لە پێكهێنانی كابینەكەی سەركەوتوو نابێت، چونكە پێكهاتەكانی عێراق پشتوانیی ناكەن.
ئاژانس: عەللاوی ناوی وەزارەتەكان و پاڵێوراوە كوردەكانی بۆ وەزارەتەكان دیاری كردووە؟
محەمەد ئیلخانی: وەزارەتەكان وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی داد دەبن، بەڵام لەسەر ناوی پاڵێوراوی كورد كە خۆی كاندیدی كردبێت، هیچی بە وەفدی هەرێم نەوت.
ئاژانس: عەللاوی لەسەر وەزیرەكانی پێشوو، چ ڕەخنەیەكی خستە ڕوو، بۆچی بە كاندیدبوونەوەیان ناڕازییە؟
محەمەد ئیلخانی: هیچ ڕەخنەیەكی نەبوو، تەنها ئەوەیە كە بڕیاری داوە سەرجەم وەزیرەكان بێلایەن بن و خۆی دیارییان بكات.
ئاژانس: ئەو لایەنە سیاسییانەی وەفدیان ناردووە بۆ بەغدا، سەرەتا لە نێوان خۆیاندا ڕێکكەوتوون لەسەر دیاریكردنی كاندید؟
محەمەد ئیلخانی: هیچ لایەنێكی كوردستانی ناوی پێشكەش نەكردووە و كاندیدیان ئامادە نییە، چونكە لایەنە سەرەكییەكان پارتی و یەكێتیی و گۆڕان كێشەی كاندیدی وەزارەتەكانیان نییە.
ئاژانس: ئەو سێ لایەنەی هەرێم ڕێکكەوتوون لەسەر ئەوەی هەر یەكەیان وەزارەتێكیان هەبێت، یاخود پارتی بەوە ڕازی دەبێت؟
محەمەد ئیلخانی: زانیاریم لەسەر ئەوە نییە، چونكە تا ئێستا باسی ئەوە نەكراوە و خیلاف لە نێوانیاندا نییە، پێم وایە هەرسێ لایەن لە نێوان خۆیان ڕێكکەوتن دەكەن.
ئاژانس: بۆچی وەزیری سەربەخۆ بۆ شاندی كورد بووە بە كێشە، ئەی حكومەتی تەكنۆكرات نابێت بەو شێوەیە بێت؟
محەمەد ئیلخانی: لایەنە كوردییەكان كێشەیان لەسەر وەزیری سەربەخۆ نییە، هەرێم ئامادەیە هاوكاریی بەغدا بكات ئەگەر بۆ هەر وەزارەتێكیش دە وەزیر پێشكەش بە سەرۆكوەزیران بكرێت، چونكە وەزیر پەیوەندیی بە سیاسەت و ستراتیژی كوردستانەوە دەبێت، بەڵام ئەگەر محەمەد عەللاوی خۆی سێ كاندیدەكەی دیاری كرد، نوێنەرایەتیی هەرێم ناكەن، چونكە كەسێكی بێلایەن كە هیچ ئەزموونێكی نەبێت، خەمخۆر و داكۆكیكار نەبێت لە مافی هەرێم، كێشەمان بۆ درووست دەبێت لە ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان.
ئاژانس: لەسەر مووچە و بودجەی هەرێم عەللاوی چی پێ وتن؟
محەمەد ئیلخانی: سەرۆكوەزیران وتی ئەم گفتوگۆیانەش بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیی بە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانەوە نابێت، ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووی داوە دووبارە نابێتەوە و بەربەست بۆ ئەو پرسە درووست ناكەین.
ئاژانس: ڕەخنەی لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم هەبوو؟
محەمەد ئیلخانی: لەسەر مەسەلەی ئابووری و نەوتی هەرێم هیچ ڕەخنەیەكی نەبوو.
ئاژانس: لەسەر مەسەلەی خاڵە سنوورییەكان بۆچوونی چی بوو؟
محەمەد ئیلخانی: ئەوەش باس نەكراوە.
ئاژانس: ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت ڕاتدەستی بەغدا نەكات ئامادەیە بودجە و مووچە بنێرێت؟
محەمەد ئیلخانی: ئەگەر یاسای بودجە جێبەجێ بكرێت هەرێم كێشەی نییە و نەوت ڕادەست دەكات، بەڵام ئەگەر كەسێكی بێلایەن بۆ وەزارەتەكانی هەرێم دابنێت لە وردەكاریی جێبەجێكردنی ڕێکكەوتنەكانی نێوانمان تووشی چەندەها كێشەی ئیداری دەبین، چونكە هەندێك لایەنی شیعەی تووندڕەو هەن دەیانەوێت ڕێکكەوتنەكان تێك بدەن، بۆیە دەشێت ئەگەر وەزیری هەرێم لە ئەنجوومەنی وەزیران نەبێت، لەسەر داواكاریی شیعەكان سەرۆكی حكومەتی عێراق بودجە و مووچەی هەرێم ڕابگرێت.
ئاژانس: عەللاوی دەربارەی كەركوك چی وت؟
محەمەد ئیلخانی: خۆی بە شێوەیەكی گشتی باسی كرد، تەنها وتی یەكێك لەو مەلەفانەی كە بە هەڵواسراوی لە نێوان هەرێم و عێراق ماوەتەوە كێشەی ماددەی 140 بووە، كە هەوڵ دەدەم چارەسەری بكەم و باوەڕم بە مەبدەئی شەراكەت هەیە، بۆیە بە شێوەیەكی ڕوون و ڕاشكاوانە بەرچاوڕوونیی پێ نەداین.
ئاژانس: ئامادەیە پێشمەرگە بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە دابڕێندراوەكانی كەركوك و موسڵ و شوێنەكانی تر؟
محەمەد ئیلخانی: ئەو وردەكارییانە باس نەكرا.
ئاژانس: سەبارەت بە دۆخی كەركوك ئەوەتان كرد بە مەرج بۆ دەنگدان پێی كە پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت؟
محەمەد ئیلخانی: باسی ئەوەش نەكرا، چونكە بەستراوەتەوە بە چارەسەركردنی مەلەفی ماددەی 140.