ئاژانس – حەسەن شەنون
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی چوار لایەنی عێراقیدا؛ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پێی ڕاگەیاندوون، كە گرنگە یەكپارچەیی خاكی عێراق بپارێزرێت و داواشی كردووە هاوكاریی حكومەتی هەرێم بكرێت بۆ ئەوەی قەرزەكانی بداتەوە، ئەوەش بە پێی وتەی ئەندامێكی وەفدی ئەو چوار لایەنە، كە ئاماژە بەوەش دەكات یەكێتیی و پارتی پێیان ڕاگەیاندوون كە لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوابڕیاریان پێ ڕادەگەیەنن.
دووشەممەی ڕابردوو وەفدێكی لیستەكانی سائیروون و نەسر و حیكمە و وەتەنییە سەردانی هەولێریان كرد و دوو كۆبوونەوەی جیایان لەگەڵ وەفدی هاوبەشی یەكێتیی و پارتی پێكەوە و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیدا ئەنجام دا.
ڕەعد دەهلەكی نوێنەری هاوپەیمانیی وەتەنییە كە ئەندامی ئەو وەفدەكە بوو بە ״ئاژانس״ی وت: ״بارزانی مەرجی هەبوو بۆ ئەوەی بچێتە نێو كوتلەی زۆرینەی پێكهێنەری حكومەتەوە و جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە كە گرنگە یەكپارچەیی خاكی عێراق بپارێزرێت و بهشداریی ڕاستەقینەش هەبێت لە بڕیاری سیاسیدا ״.
وتیشی: ״بارزانی پێشنیاری كرد هاوكاریی حكومەتی هەرێم بكەن بۆ ئەوەی قەرزەكانی سەری بداتەوە״.
دەهلەكی ئاماژەی بەوەش دا كە لە میانەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی و پارتی پێیان ڕاگەیاندوون كە دەرفەتی دوو ڕۆژیان پێ بدەن بۆ ئەوەی دوابڕیاریان پێ ڕابگەیەنن سەبارەت بە بەشداریكردن لەو كوتلەیەی كە بڕیارە ئەو چوار لایەنە پێكی بهێنن بۆ پێكهێنانی حكومەت״.