هەناردەی نانی تیری بەهاكەی 100 ملیۆن دینارە
ئاژانس – سەلام هانەدنی
ساڵێكە نانی تیری لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكرێت، ئەمساڵ بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دینار (90 هەزار دۆلار) نانی تیری هەناردەی بەریتانیا و ئەڵمانیا و نەرویج لە ئەورووپا كراوە، بڕیاریشە قەبارەی هەناردەكە زیاتر بكرێت.
سەعد عەبدولغەنی، خاوەنی كارگەی نانی تیریی شەهاب لە سلێمانی بە ״ئاژانس״ی وت: ״سێ بازرگانی كورد لە ئەورووپا پەیوەندییان لەگەڵ ئێمە هەیە، نانی تیریی كارگەكەیان بردووە بۆ بەریتانیا و ئەڵمانیا و نەرویج بۆ پشكینن و دەرچووە، بۆیە بە پێی خواستی ئەو بازرگانانە نانیان بۆ هەناردە دەكەین، ئێستا سەرەتایە و ڕێژەیەكی زۆر نەڕۆیشتووە، بەڵام هەوڵ دەدرێت لە داهاتوودا ئاستی هەناردە زیاد بكرێت״، سەعد وای وت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە كارگەكە بۆ ״ئاژانس״ خرایە ڕوو، كارتۆنێك نانی تیری كە هەناردەی ئەورووپا دەكرێت 8 نانی تێدایە، بە نرخی 2 -3 دۆلار دەفرۆشرێت، تا ئێستا بە دوو جار 27 هەزار نان هەناردە كراوە.
خاوەنی كارگەی نانی تیریی شەهاب دەڵێت: ״ئەو نانەی درووستی دەكەین، لە پشكنینی ئەو سێ وڵاتە دەرچووە و بەم نزیكانەش لە بەرنامەدایە لە ڕێگەی بازرگانەكانەوە بۆ چەند وڵاتێكی تریش هەناردە بكرێت، بە پێی پشكنینەكان ئەو نانە تیرییەی ئێمە بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنێتەوە و خراپ نابێت״.
״لەو سێ وڵاتە خواست لەسەر نانی تیریی كوردی زۆرە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لە توركیاوە كەمێك بە زەحمەت بۆ بازرگانەكان هەناردە دەكرێن، چەند جار كێشەیان بۆ درووست كردوون، بۆیە نەتوانراوە زۆرتر هەناردە بكەن״، سەعد وای وت.
بە پێی ئاماری كارگەی نانی تیریی شەهاب، لەمساڵدا كە یەكەم ساڵی هەناردەیە چەندین جار لە ڕێگەی سێ بازرگانەوە نانی تیری هەناردە كراوە، كە قەبارەكەی بە زیاتر لە 100 میلۆن دینار مەزەندە دەكرێت.
عەتا شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و هەناردەی هەرێم بە ״ئاژانس״ی وت: ״ماوەیەكە لە ڕێگەی كارگەیەكی درووستكردنی نانی تیرییەوە، نان هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەكرێت، كە پێشتر لە وڵاتان پشكنینی بۆ كراوە و دەرچووە״.
״لەو وڵاتانەی ئەورووپا خواستی باش لەسەر نانی تیری هەیە، لەوێ بەسەر ماركێتەكان دابەش دەكرێت و كوردەكان بە تایبەت داواكارییان لەسەری هەیە، بۆیە دەبێت بازرگانەكان بۆ وڵاتانی تریشی هەناردە بكەن و بەرهەمی هەرێمی كوردستان ئاشنای ئەو وڵاتانە بكرێت״، عەتا شێخ محەمەد وای وت.
هەر كیلۆیەك ئارد، نزیكەی 10 بۆ 13 نانی لێ درووست دەكرێت، نانی تیری و هەورامی و نانی جۆ، سێ جۆری تایبەتی نانی تیرین.
نەسرین حەمەئەمینی تەمەن 38 ساڵ، ماوەی 3 ساڵە كارگەی نانی تیریی دامەزراندووە بە ״ئاژانس״ی وت: ״نانی تیری، هەموو كەسێك ناتوانێت درووستی بكات و لێزانینی دەوێت، چونكە درووستكردنی ئاسان نییە، زوو خراپ نابێت و بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێنێتەوە״.
״نانی تیری پێویستی بە ئارد و ئاو، خومرە و خوێ هەیە، وەك پێكهاتەی درووستكردنی، ئەگەر بە دەست لە لایەن ژنانەوە درووست بكرێت، پێویستی بە هەندێک كەرەستەی وەك تیرۆك، ساج و پنە كە دەبێت شێوە بازنەیی بێت بۆ پانكردنەوەی هەویرەكە״، نەسرین وا دەڵێت.
نانی تیری مێژوویەكی كۆنی هەیە و لە ناو كوردەواریدا زۆر درووست كراوە و خوراوە، بە پێی قسەی پسپۆڕانی تەندروستی نانێكی تەندروست و باشە ئاسان هەرس دەكرێت.
بە پێی ئامارێك لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێرگاكانەوە دەست ״ئاژانس״ كەوتووە، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 كارگەی درووستكردنی نانی تیری هەیە، كە ڕۆژانە هەزاران نان درووست دەكەن.
دكتۆر محەمەد فەتاح، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״خواردنی نانی تیری سودی زۆری هەیە، ڕیخۆڵە و گەدە بۆ نەخۆشییەكانی قۆڵۆن یارمەتی هەرسكردن دەدات، چونكە هیچ ماددەیەكی كیمیایی تێدا نییە، خواردنێكی زۆر باشە بۆ ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی شەكرە و پەستانی خوێنیان هەیە، چونكە ڕێژەی چەوری و شەکری كەمە یان سفرە״.