قەشەیەك: جادوو لە ئیمانەوە دوورە
ئاژانس – خومار عەبدولباقی
شەهیبە ناوی خوازراوی كچێكە دوای ئەوەی لەگەڵ خۆشەویستەكەی نێوانیان تێك دەچێ پەنا بۆ جادووگەرێك دەبات بە نیازی ئاشتبوونەوە و بە ״ئاژانس״ی وت: ״جادووگەرەكە داوای وێنەی خۆم و خۆشەویستەكەمی كرد بە پاساوی ئەوەی وێنەكە بسوتێنێ و نێوانمان چاك دەكاتەوە״.
״كەچی كابرای جادووگەر هەڕەشەی لێ كردم ئەگەر شووی پێ نەكەم، ئەوا خانەوادەكەم ئاگادار دەكاتەوە لەو پەیوەندییە، بۆیە بە ناچاری شووم بە جادووگەرەكە كرد״، شەهیبە وای وت.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك كاری جادووگەری و دەركردنی جنۆكە قەدەغە دەكات و داوا لە وەزارەتی ناوخۆش دەكات هاوكارییان بكات.
نەبەز ئسماعیل كەمال، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەم بڕیارە دوای بەدواداچوونێكی ورد بوو، چونكە چەندین بەڵگە لەبەر دەست بوون لە بابەتی بەكارهێنانی ئایینی پیرۆز بۆ مەرامی تایبەتی و بەرژەوەندیی شەخسی، سەرەڕای چەندین كێشەی خێزان و ئیستیغلالكردنی ئەو كەسانە لەژێر ناوی جیاجیا ئەم كارە دەكەن״.
״سۆزی خەڵك دەقۆزنەوە بە بەكارهێنانی ئایینی پیرۆز و فریودانیان بە هەندێ بابەتی كۆمەڵایەتی، بابەتەكە بۆ پەیداكردنی پارەیە بە ناشەرعی، تێكدانی شیرازەی خێزان و درووستكردنی كێشەیە بۆ گەنجان بە تایبەتی فریودانیان״، وتەبێژەكەی ئەوقاف وای وت.
وەزارەتی ئەوقاف توێژینەوە و بەدواداچوونی كردووە لەسەر دیاردەكە و بە مەترسیی لە قەڵەم داوە بۆ سەر ئاسایشی خێزانەكان و زۆربوونی سكاڵاش.
شێخ ئیبراهیم محەمەد تاهیر بەرزنجی، بەرپرسی ئیرشاد و توێژینەوە لە وەزارەتی ئەوقاف بە ״ئاژانس״ی وت: ״هەستمان كرد ئەو دیاردەیە زۆر ناشیاوە و كارەساتی زۆر دڵتەزێنی لێ كەوتووەتەوە، بە تایبەت لە ناو خێزانەكان لە ڕێی جادووكردن و چەندین سكاڵا و بابەت و دۆسیە لە ڕێگەی هاونیشتیمانیان گەیشتە دەستمان״.
״توێژینەوەیەكمان كرد لە ناو كۆمەڵگەدا لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم بۆمان دەركەوت، دیاردەکە پەرەی سەندووە و كەسانێك هەن بازرگانی بە ئایینەوە دەكەن بە بیانووی قورئان یا حەدیس و چەند بابەتێكی تر كەوا دوورە لە شەریعەتی ئیسلامەوە، دەیانەوێ خەڵكان بخەڵەتێنن پارە بە ناهەق لە خەڵك بسەنن و تەعدای ناموس و گەوجاندنی عەقڵی خەڵكان بكەن״، شێخ ئیبراهیم وای وت.
ئەوقاف بە نووسراوی ژمارە ١٥٣ی ١٤/١٠/٢٠١٩ ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە و داوای هاوكاری دەكات بۆ بنەبڕكردنی دیاردەی جادووكردن.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە ئەوقافەوە بە ״ئاژانس״ دراوە، چەند كەسێك دەستگیر كراون كە خەڵكیان فریو داوە.
بەرپرسی ئیرشاد و توێژینەوە دەڵێت: ״دۆسیە و بەڵگە هەیە كە چەندین كەس بە جادوو تووشی زیان بوون، بۆ نموونە ٥ دەفتەر دۆلاریان لە كەسێك سەندووە بۆ نووشتە و جادوو، پۆلیس جادووگەرەكەی دەستگیر كرد و پارەکەی گێڕایەوە بۆ خاوەنەكەی.״
״ئەركی مامۆستایانی ئایینییە لە ڕێگەی مینبەرەكانەوە باسی مەترسییەكانی ئیمانهێنان بە جادوو بكرێ تا نەچن بۆ لای نووشتەچی و جادووگەرەكان، چونكە زەرەری بۆ ئیمان هەیە و ئافرەتان بوونەتە نێچیرێكی زۆر چەور بۆ ئەو كەسانەی كەوا بازرگانی بە ئایینی ئیسلامەوە دەكەن״، شێخ ئیبراهیم بەرزنجی وای وت.
لە ئایینی مەسیحیشدا ئەم دیاردەی فاڵ و جادووگەرییە قەدەغەیە و ڕێگەی پێ نادرێت.
قەشە زیا شابا حەجی، لە كەنیسەی ماركوركیس بە ״ئاژانس״ی وت: ״نووشتە و جادووكردن زۆر هەڵەیە، لە ئایینی مەسیحی نووشتەكردن نییە و ئەمە كاری شەیتانییە، بە هیچ شێوەیەك ئایینی مەسیحی ڕێگە نادات باوەڕی پێ بهێنین هەرچەندە لە ناو خەڵكانێك شتێكی لەم بابەتە بڵاو بووەتەوە ئەمە نەتیجەی دواكەوتوویی بیروباوەڕە״.
״ئایینی مەسیحی بە هیچ جۆرێك باوەڕی بە جنۆكە نییە لە کتێبی پیرۆزدا دەڵێ (الروح الشریر) بە مانای ڕۆحی خراپ دێ، ڕۆحی شەڕ هەیە و ڕۆحی خێر هەیە، هەركەسێك باوەڕی بە خوا هەبێ دەبێ دووركەوێتەوە لەم دیاردە قێزەونە، گەر باوەڕی پێهێنان لە هێڵی سوور لایداوە״، قەشە زیا وای وت.