ناوێرم دەرزییەکیش لە خۆم بدەم
ئاژانس– ڕاوێژ کامەران
شیرین هەوری (٢٦ ساڵ) لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و ئێستاش لە وڵاتی نەرویج ژیان بەسەر دەبات، ئەو هەرچەندە چەند کارێکی هونەریی هەیە، بەڵام زیاتر بە هۆی هاوشێوەبوونی لەگەڵ بووکی باربی بەناوبانگ بووە و بە باربیی کوردی ناسراوە، لەم دیمانەیەشدا لەگەڵ ״ئاژانس״ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.
ئاژانس: چۆن بوو دهستتان به كاری هونهریی كرد، سهرهتاكانی دهستپێكردنت بهو كاره كهی بوو؟
شیرین هەوری: من هەر لە منداڵییەوە ئارەزوو و خولیایەکی زۆرم بۆ هونەر و گۆرانی وتن هەبووە، سەرەتای دەستپێکی کارەکانیشم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦، لەوەشدا خانەوادەکەم و بەتایبەتیش هەڵۆ غەریبی برام کە بۆ خۆی هونەرمەندە زۆر هاوکارم بووە، زۆریش سەرسام بووم بە هونەرمەندە کلاسیکییەکان و حەز دەکەم ڕێچکەی ئەوان بگرم، ئێستاش سەرقاڵی بەرهەمهێنانی کارێکی نوێم بە ناوی (لەگەڵمابە) کە هەڵۆ غەریبی برام کارەکانم بۆ ئەنجام دەدات و چیرۆکی گۆرانییەکەش خۆشەویستییە.
ئاژانس: تۆ بە باڕبیی کوردی ناسراویت، لەسەر ئەو نازناوە بۆچوونت چییە؟ ئایا جوانییەکەت سروشتییە یان نەشتەرگەریی جوانکاریت کردووە؟
شیرین هەوری: زۆر سوپاسی هەوادارانم دەکەم کە ئەو نازناوەیان بە من بەخشیوە، بەڵام بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی جوانکاری باوەڕ بکە ناوێرم دەرزییش لە خۆم بدەم، نەک ئەوەی نەشتەرگەریی جوانکاری بکەم، هیچ کاتیش نەم ویستووە خۆم وەها لێ بکەم کە لە بووکی باربی بچم، بەڵام خەڵک وەهام پێ دەڵێن، ڕەنگە گەر بچمە تەمەنەوە و پێویستم بە نەشتەرگەریی جوانکاری بێت بۆ نا، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوە و نەشتەرگەرییم نەکردووە.
ئاژانس: هیچ چیرۆکێکی خۆشەویستی لە ژیانتدا هەیە؟
شیرین هەوری: بێگومان هەموو کەس چیرۆکی خۆشەویستی تایبەت بە خۆی هەیە، منیش لەوە بێبەش نیم.
ئاژانس: بە دەر لە کاری هونەریی حەز و خولیات چییە؟
شیرین هەوری: من ناوەندێکی جوانکاریی و ماکیاژم هەیە و بەوەوە سەرقاڵم، جگە لەوەی هەفتانە ٤ بۆ ٥ جار لە هۆڵی وەرزشیدا ڕاهێنان و وەرزش دەکەم و بۆ گرنگیدان بە جەستەم میوە و سەوزە زۆر دەخۆم، ئێستاش باڵم ١٦٩ سم و ٥٢ کیلۆگرامم، زۆر زۆریشم حەز بە گەشتە و عاشقی کوردستانم، ساڵانە دەبێت هەر سەرێک لە کوردستان بدەم، لە ژیانی خۆشمدا هەرچییەکم ویستبێت جێبەجێم کردووە.
ئاژانس: وەک زۆرێک لە هونەرمەندە لاوەکان هیچ تاتۆیەک لە جەستەتدا هەیە؟
شیرین هەوری: ناتوانم ئەوە ئاشکرا بکەم، چونکە تایبەتە بە خۆم.
ئاژانس: تا چەند جوانیی ڕووخسار بە گرنگ دەزانیت بۆ هونەرمەند؟
شیرین هەوری: بە دڵنیاییەوە جوانی گرنگە گەر خوای گەورە بتداتێ، بەشێکی زۆر لە جوانییش متمانەبەخۆبوونە، چونکە هەمووان جوانی تایبەت بە خۆیان هەیە، من هەموو بەشەکانی جەستەی خۆم لا جوانە.
ئاژانس: بە دەر لە زمانی کوردی بە نیازی بە زمانی دیکە گۆرانی بڵێیت؟
شیرین هەوری: بەڵێ، سەرقاڵی ڕاهێنانم بۆ ئەوەی بە زمانی نەرویجی چەند بەرهەمێک بڵاو بکەمەوە.