ئاژانس – ئارا ئیبراهیم
مەسعود بارزانی دەقی نامەیەکی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای پیشانی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم نەداوە کە دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆی ناردووە و چەندین پێشنیاری بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تێدا بووە.
بەر لە دوو ڕۆژ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ڕێكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمهریكا نامەیەكی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی كردووە وەك بەدیل بۆ دواخستنی ڕاپرسی، كە تێیدا چەند پێشنیارێكی کردووە، لەوانە بە پشتگیریی واشنتن لە ماوەی ساڵێكدا پرسەكانی نەوت، پێشمەرگە، كەركوك و چەند پرسێكی تر بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكرێنەوە و ئەگەر ئەوە نەكرا دواتر پاڵپشتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكات.
بە وتەی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بارزانی لە دەقی ئەو نامەیە ئاگاداری نەكردوونەتهوە، هەرچەندە دوایین كۆبوونەوەیان ڕۆژێك پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بووە كە 24ی 9 ئەنجامیان داوە.
عەبدوڵڵا وەرتێ ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە ״ئاژانس״ی وت: ״نامەی ڕەسمیی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نەهاتووهتە ناو ئەنجوومەنەكەوە تا گفتوگۆی لەسەر بكەین، تەنیا كۆمەڵێك پێشنیاز بووە و نامە و شتێكی ڕەسمی نەبووە.״