״زۆرترین بندیوار لەناو هێزە سەربازییەکاندان״
ئاژانس – هێمن حەسەن
پڕۆسەی بایۆمەتری بۆ تۆماركردنی مووچەخۆرانی هەرێم لەناو هێزە ئەمنییەكاندا بەردەوامە و تا ئێستا ١٠٠ هەزار کەس تۆمار کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە دەکرێت زۆرترین بندیوار و دوومووچە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکاندایە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە نیسانی 2016دا بڕیاری دا پڕۆژەی سیستمی بایۆمەتری لە هەرێمی كوردستان كاری پێ بكرێت و لە مانگی 11ی 2016دا ناوتۆماركردن بۆ فەرمانبەرانی شارستانی دەستی پێ كرد و ڕۆژی 4/3/2017 ناوتۆماركردن لەناو هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەكانی تردا دەستی پێ كرد و بە پێی ئامارەكانی لیژنەی جێبەجێكاری بایۆمەتری تاكو ئێستا نزیكەی ١٠٠ هەزار كەس ناوی خۆیان تۆمار كردووە.
سەمیر هەورامی، ئەندامی لیژنەی جێبەجێكاری سیستمی بایۆمەتری بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، ئێستا ڕۆژانە پێنج بۆ شەش هەزار كەس لە هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ناوی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتریدا تۆمار دەكەن.
ئەندامەكەی لیژنەی سیستمی بایۆمەتری ئەوەی خستە ڕوو، كاتێك كەشفی سێرڤەری سیستمەكە دەكرێت دەردەكەوێت كە ئایا مووچەخۆری بندیوار یان چەندمووچەیی تێدایە و دەڵێت: ״بە دڵنیاییەوە بندیوار و چەندمووچەیی دەردەكەوێت و هەیە.״
بە پێی زانیارییەكانی ״ئاژانس״ كە لە سەرچاوەیەكی لیژنەكەوە دەستی كەوتووە، لەناو هێزەكانی پێشمەرگە ڕێژەیەكی زۆر لە مووچەخۆری بندیوار و دوومووچە و سێمووچە ئاشكرا بووە.
مەحموود عومەر، ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان باس لەوە دەکات زۆرترین بندیوار و دوومووچە لە سلکی سەربازیدان.
ئەو پەرلەمانتارە بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو سیستمە بەداخەوە چارەسەری بندیوار ناکات، ئەوەتا دەبینین هێشتا بایۆمەتریی پێشمەرگە بەردەوامە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس تۆمار کراون، بەڵام هەرێم لە مەترسیدارترین کاتدا بە ئەستەم دەیتوانی ٦٠ هەزار پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ کۆ بکاتەوە.״
هەندێ زانیاریی دراون بە ״ئاژانس״ بە جۆرێك لە سیستمەكەدا ئاشكرا بووە كە مووچەخۆر هەبووە لەناو هێزەكانی پێشمەرگە لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگەش مووچەی وەرگرتووە، هاوكات سیستمەكە ئاشكرای كردووە كە پێشمەرگەیەك سێ مووچەی وەرگرتووە.
لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆسەی بایۆمەتری لەناو هێزە ئەمنییەكانیشدا ژمارەیەكی زۆر لە خانەنیشیان و ئەوانەی پێشتر مووچەیان هەبووە لە وڵاتانی ئەورووپاوە گەڕاونەتەوە بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان، لە كاتێكدا بەشێك لەوانە مووچەكانیان ماوە و دەوامیان نەكردووە.
جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ی هێزی پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەدات، ئەو سیستمە دەتوانێت دادپەروەری لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا درووست بکات.
جەعفەر شێخ مستەفا بە ״ئاژانس״ی وت: ״ناتوانم بڵێم بندیوار نییە، دواجار سیستمی بایۆمەتری دەری دەخات.״
بە پێی وتەی سەرچاوەكەی لیژنەی بایۆمەتری، لەناو هێزەكانی پێشمەرگە لە شاری دهۆك ئاشكرا بووە كە پێشمەرگە بە دوو ناسنامە ناوی خۆی لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار كردووە و دواتر ئاشكرا بووە، هاوكات لە هێزەكانی ناوخۆ ئەفسەرێك دوو جار ناوی خۆی تۆمار كردووە و جارێكیان بە جلی كوردی و جارێكیشیان بە جلی سەربازییەوە، دواتر ئاشكرا بووە.
هەروەها سیستمەكە ئاشكرای كردووە كەسانێك هەبوون بە تەمەنێكی زۆر كەمەوە پلەیەكی سەربازیی بەرزیان هەبووە یان خانەنشین كراون، ئەگەرچی تا ئێستا ژمارەیەكی ڕوون و دیاریكراو نییە بۆ ئەو كەسانەی لە سیستمەكەدا ئاشكرا بوون و بڕیارە كۆی ئەو ژمارانە لەناو دەزگا ئەمنییەكان و فەرمانبەرانی شارستانی كۆ بكرێنەوە و لە كۆتایی پڕۆسەكەدا ڕابگەیەنرێت.