ئارام وەڵەدبەگی
سەرەتا مشتومڕەکە لە شەقامی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە سەریهەڵدا و وردەوردە بووە باسێکی گەرم و ناوەندە سیاسی و جەماوەرییەکانی ئەم ناوچەیەشی گرتەوە. خۆپیشاندەرانی شیعە بڕوایان وا بوو سیستمی سیاسیی عێراق هۆکاری دواکەوتوویی وڵاتەکەیان و نەمانی خزمەتگوزارییە. هەر ئەم چوارچێوەیەشیان بە برەودان بە گەندەڵی و تایفەگەری تۆمەتبار دەکرد. هەربۆیە بڕوایان وا بوو تەنگەژەکانی عێراق چارەسەر نابن مەگەر ئەوەی ئەندامانی کابینەی بەڕێوەبەری وڵات سەربەخۆ بن و کۆتایی بە سیستمی پشکپشکێنە بهێنرێت.
ئەوەی ڕوونە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی خوارووی عێراق لەبەر لاوازیی هزری و تیۆریک هەم نەیاندەتوانی پرس و داواکارییەکەیان بە باشی تیۆریزە بکەن و هەمیش نەیاندەتوانی تا کۆتایی بیرۆکەکانیان بپارێزن و داکۆکییان لێ بکەن. هەر بۆیە قسەکانیان زۆر دەڵەمەیی دەردەکەوتن و حزەبەکانیش هەوڵیان دەدا خواستە دەڵەمەیی بەڵام هاوچەرخەکانی ئەوان بۆ خۆیان زەوت بکەن.
بە کورتی و بە کوردی و هەروەها بە کەڵکوەرگرتن لە وێژەی زانستی سیاسەت، خۆپیشاندەرانی شیعە داوای مێریتۆکراسییان دەکرد. مێریتۆکراسی یان شایستە و شیاوسالاری کرۆکی داواکاریی شەقامی خوارووی عێراق بوو. شیاوسالاری واتا جۆرە حکومەت و بەڕێوەبردنێک کە بڕیاربەدەستەکان بە پێی پێوەری لێهاتوویی و لێوەشاوەیی و شیاوبوون هەڵبژێردرێن نەک دڵسۆزی بۆ تایفە و بنەماڵەیەک یان پێگەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی ماددیی کەسەکە.
ئەم داواکارییە دەستبەجێ لە لایەن لایەنە کاربەدەستەکانی خوارووی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیرا و ئەوان بوون بە دەمڕاستی داواکاریی دەسەڵاتی سەربەخۆ و دوور لە پشکپشکێنەی حزبی و تایفی. بەڵام ئەوان بە لێزانی و بە ئەنقەستەوە لە چەند شتێکدا کورتیان کردەوە و کرۆکی باسەکەیان بە لاڕێدا برد.
لایەنەکان پرسی گشتگیری شیاوسالارییان تەنیا لە هەڵبژاردنی وەزیری سەربەخۆدا کورت کردەوە و ئیدی ئەم باسەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و پۆستە باڵاکانی تر و هەروەها سیاسەتی باڵای وڵات و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی عێراق بە کار نەهێنا و بە ئەنقەست سەرپۆشێکیان بەسەردا دا.
ئێستا جێی خۆیەتی ئەم پرسیارە ئاڕاستەی لایەنەکانی خوارووی عێراق بە تایبەت کەسانی وەکو محەممەد تۆفیق عەللاوی و حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و هاوشێوەکانیان بکرێ، خێرە لە پرسی هەڵبژاردنی وەزیر دەبێ کەسەکە بە پێی پێوەری شایستەبوون هەڵبژێردرێ، بەڵام سەرۆکی ئەم وەزیرانە بە پێی پێوەری تایفی و دڵسۆزی بۆ تایفە و ئایدۆلۆژییەکەی هەڵبژێردرێ؟
لێرەدا بە ئاشکرا پارادۆکسێک دەبینین. لایەنە شیعەکان شیاوسالاری تەنیا لە هەڵبژاردنی وەزیرە کورد و سوننەکاندا دەبینن و لە پرسەکانیتری عێراقدا ئەم بنەمایە پەراوێز دەخەن و خۆیانی لێ گێل دەکەن.
هەروەها دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ لایەنەکانی باشووری عێراق دەیانویست لە ڕێگهی داواکاریی شیاوسالارییەوە دوو گۆڵی گەورە بکەن. گۆڵی یەکەمیان لە خۆپیشاندەران کرد. گەرموگوڕیی خۆپیشاندانەکانیان دامرکاندەوە و وایان پیشان دا کار لەسەر داواکاریی ئەوان دەکرێ. لە کاتێکدا تەنیا خەڵکیان چەواشەکرد و داواکارییە ڕەواکانی ئەوانیان بۆ مەبەستە شاراوەکانی خۆیان بە کار هێنا.
پاشان لەژێر سێبەری ئەم یارییەدا ویستیان دوا مەتەرێزەکانی دەوڵەتی تەوافوق و هاوبەشی پێکهاتەکان لەق بکەن و کۆتایی بەم مۆدێلە سیاسییە بێنن. بە دیوێکی تردا ئەوان لە چوارچێوەی ستراتیژی پاوانخوازیدا دەیانویست بە بەرگی شیاوسالاری، دەسەڵاتێکی تەواو تایفی بەسەر هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بسەپێین، بەڵام جارێ ئەم گۆڵەیان بۆ نەکراوە.
بە گشتی هەق وایە ئەمجارە تیمی دانوستانکاری کورد بە دەنگێکی دلێر ئەوە بە لایەنەکانی خوارووی عێراق و سەرکردەکانیان بگەیهنێ، ئەگەر ئێوە ئەوەندە خەمی دەسەڵاتێکی شیاو و دوور لە پشکپشکێنەی تایفیتان هەیە دەی با لە خۆتانەوە دەست پێ بکەین. با سەرۆکی کابینەی ئەمجارە بێ گەڕانەوە بۆ پێکهاتەی ئێوە لە کەسێکی لێوەشاوەی ناوماڵی کورد یان سوننە یان کوردی ئێزدی یان تورکمان …. هتد بێ. ئەگەریش ئەم کارە ناکەن و مل بۆ ئەم داواکارییە نادەن و هێشتا پێداگری لەسەر پشکی تایفیی خۆتان دەکەن، هیچ لە چوارچێوەی ئەم مەتەڵە کوردییەدا دەجوڵێنەوە ״بەشی خۆم بۆ خۆم بەشتی تۆش دەخۆم״، بەم ئاسانییەش ناتوانن گۆڵی دووەم بکهن، هەر بۆیە چاک وایە بە پشکی خۆتان ڕازی بن یاری بە چارەنووسی گەلانی عێراقەوە نەکەن.