ئاژانس:
وادەردەكەوێت پەیوەندییەكانی نێوان پیپ گواردیۆلای راهێنەری مانچستەر سیتی و دیمیتری سیلۆك بریكاری كارەكانی یایا تۆرێ هەرگیز ئاسایی نەبێتەوە، هەرچەندە هەندێك لایەن لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەو مەبەستە.
بریكاری كارەكانی یایا تۆرێ، جارێكی دیكە هێرشی كردەوە سەر پیپ و بەوە تۆمەتباری كرد، كە پێكهاتەی مانچستەر سیتی وێران كردووە.
دیمیتری سیلوك بە رۆژنامەی دەیلی میرەری وتووە “گواردیۆلا یاریزانە گەورەكان لە تیپەكەی دەردەكات و لەجێگەی ئەوان چەند گەنجێك دەهێنێت، ئەمەش وایكردووە مانچستەر سیتی زیاتر لە تیپی تازەپێگەیشتووان بچێت”.
بریكارەكەی یایا تۆرێ، ئاماژەی بەوەشكردوە، پیپ راهێنەرێكی “لەخۆباییە” و هەندێك بڕیاری “تاكڕەوانە” دەدات، كە لە بەرژەوەندیی یانەكەدا نین “ئەوكاتیش یایا تۆرێی ناچاركردبوو یانەی بەرشەلۆنە جێ بهێڵێت، ئێستاش ناوی ئەوی لە پێكهاتەی چامپیۆنس لیگ كردۆتە دەرەوە”.
دیمیتری باس لەوەشدەكات، كە ویستویەتی هۆكاری دورخستنەوەی یایا تۆرێ بزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش تەلەفۆنی بۆ گواردیۆلا كردووە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە “پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەكەشەوە كرد، ئەوانیش وەڵامیان نەدامەوە”.
سەرەتای كێشەكانی نێوان و پیپ و دیمیتری لەوكاتەوە دەستی پێكرد، كە دیمیتری رایگەیاندبوو پیپ راهێنەرێكی نەشارەزایە، هەرئەوكاتیش گواردیۆلا رایگەیاندبوو كە پێویستە دیمیتری داوای لێبوردن بكات، بەڵام ناوبراو رەتی كردبۆوە.
لەوكاتەیشەوە پەیوەندییەكانی نێوانیان تێكچووە، لێدوانەكانی ئەمجارەی دیمیتریش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی بەمزووانە پەیوەندییەكانیان ئاسایی نابنەوە.