به‌ختیار كاكی
له هه‌نگاوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراودا، له 6/11/2018 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌یاننامه‌یه‌كدا، بۆ سێ له سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان خه‌ڵاتێكی چه‌ند ملیۆنی دیاری كرد له به‌رامبه‌ر پێدانی زانیاری له‌سه‌ر جێگای بوونیان، ده‌ركردنی ئه‌م بڕیاره له كاتێكدایه كه ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له سوریا و وەك ته‌نها هاوپهیمانێی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات له سوریا. ئه‌مه‌ی لە خواره‌وه دێت هه‌وڵێكه بۆ خوێندنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی پشت ده‌ركردنی ئه‌و بریاره:
1. ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت به هه‌ر به‌هایه‌ك بێت توركیا له به‌ره‌ی ڕوسیا و ئێران دوور بخاته‌وه و هاوڕێی بكات له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی نه‌خشه ڕێگایه‌ك بۆ ئیداره دانی قه‌یرانی سوریا له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕوسیا و ئێران. ئه‌مه‌ریكا پێی وایه گه‌ر پهیوەندییهكانی نێوان ڕوسیا و توركیا به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌یه دۆخی سوریای له ده‌ست ده‌رچێت، بۆیه ئه‌مریكا له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌ی دۆخی سوریادا ده‌یه‌وێت گه‌مه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ توركیا بكات كە زیاتر بە مەبەستی لێی هێوركردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ئه‌منیه‌كانی ئه‌و وڵاته بێت له‌مه‌ڕ دۆخی سوریا. به‌خشینی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران و به‌خشینی لە سزاكانی ئه‌مه‌ریكا ده‌چێته هەمان خانه‌وه.
2. ئه‌مه‌ریكا له به‌رامبه‌ر توركیا سیاسه‌تی گورزوگوێزه پیاده ده‌كات، واته هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه و گرتنه به‌ری ڕێگه‌ی توند، ڕوویه‌كی خۆشی پیشان ده‌دات و دیاری پێشكه‌ش ده‌كات. سزاكانی سه‌ر توركیا به هۆی گرتنی قه‌شه بڕانسۆن و هه‌ره‌سپێهێنانی لیره‌ی توركیا باشترین نمونه‌ن له‌و باره‌وه. ئه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ریكای ترامپ نه‌وه‌ك ته‌نها له‌گه‌ڵ توركیا له‌گه‌ڵ ته‌واوی وڵاتان به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵ ده‌كات به كوردیشه‌وه.
3. ئه‌مه‌ریكا نایه‌وێت پارتی كرێكارانی كوردستان به‌م سیاسه‌ته‌ی ئێستایه‌وه ببێته هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر توركیا و ده‌یه‌وێت له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات درێژه به كاری سیاسی بدات و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌یه‌وێت ئه‌و هێزه وه‌ك كارتێكی فشار بمێنێت به ده‌ستییه‌وه له دژی توركیا.
4. ئه‌مه‌ریكا ئه‌یه‌وێت ڕێگری له پێشڕه‌وی زیاتری سوپای توركیا بكات بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له خۆرهه‌ڵاتی ڕووباری فورات به تایبه‌ت گرێ سپی و سه‌رێ كانی.
5. ئه‌گه‌ر هاوكاری توركیا نه‌بێت، سزاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران وه‌ك پێویست كاریگه‌ریی نابێت.
له‌كۆتایدا ده‌كرێت بگوترێت كه هه‌م ڕوسیا وههم ئه‌مه‌ریكاش باش ئه‌زانن كه توركیا ناتوانێت خۆی یه‌كلایی بكاته‌وه و پاڵ بدات به لایه‌كیانه‌وه هه‌ربۆیه ئه‌و په‌ڕی هه‌وڵ ئه‌ده‌ن كه سوود له‌و لاوازییه‌ی توركیا وه‌ر بگرن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، هه‌روره‌ها توركیاش نایه‌وێت خۆی ساغ بكاته‌وه و ئه‌یه‌وێت درێژه به‌م گه‌مه‌یه‌ی ئێستای بدات تا به بۆچوونی خۆی له یه‌ك كاتدا هه‌م ڕوسیا وههم و ئه‌مه‌ریكا له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار بهێنێت به‌و پێیه‌ی كه هه‌ردولا ئه‌توانن پرسی كورد له دژی به‌كار بهێنن.
دواجار ئه‌مه‌ریكا تا به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی خۆی كه سنوورداركردنی بوونی ڕوسیا و ئێرانە له سوریا، به‌رده‌وام ئه‌بێت له هاوكاریكردنی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ئامانجه نزیك نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری ڕوودانی به‌هێزتر ئه‌بێت گه‌ر توركیا سه‌ركه‌وتوو بێت له ڕازیكردنی ئه‌مه‌ریكا تا هێزه‌كانی سوریای ئازاد بكاته ئه‌ڵته‌رناتیڤێك بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات.