شەوان ئێشک دەگرن
ئاژانس – سهرچین ساڵح
بە جەستەیەكی ماندووەوە لە سێبەری كەپرەكەیدا ڕاكشابوو، جارجار خەونووچكە دەیبردەوە، زیاتر له مانگێكە چاوەكانی تێرخەو نەبووە، بە شەو پاسەوانی مەرەزەكەی دەكات لە بەراز، ئەگەر پاسەوانیی نەكات مەرەزەكەی بەراز بنبڕی دەكات. ئهمه چیرۆکی ژیانی ئێستای هێرشه که خاوهنی یهكێک له مهرهزهکانی ناوچهی گهرمیانه.
شەو بەراز و بە ڕۆژ چۆلەكە، زیاتر لە مانگێكە خەو و پشوودانیان لەو جووتیارانە بڕیوە كە مەرەزەیان كردووە، شەوان تاوەكو بەیانی پاسەوانیی مەرەزەكانیان دەكەن لە بەراز و بە ڕۆژیش ڕاوی ئەو پۆلە چۆلەكانە دەنێن كە بە گوڵی مەرەزەكانەوە دەنیشنەوە، هێرشی بەراز و چۆلەكە بۆ بەرهەمی مەرەزەی ئەمساڵ بە شێوەیەكە 20%ی بەرهەمەكانیان ئەو دوو گیاندارە دەیخۆن، ئەگەر جووتیاران پاسەوانیی نەكەن ئەوا هیچیان بۆ نامێنێتەوە.
هێرش محهمهد تەمەن 18 ساڵ خاوەنی دوو دۆنم زەویی مەرەزەیە لە گوندی باخوبەرەی سەر بە ناحیەی مەیدان لە ئیدارەی گەرمیان، بە «ئاژانس»ی وت: «ماوەی زیاتر لە مانگێكە خەوم لە خۆم تۆراندووە بۆ پارێزگاریی مەرەزە لە بەراز و چۆلەكە، لەسەروو ئەوەشەوە 20%ی بەرهەمەكانمان دەخۆن، ئەگەر پارێزگاریی لێ نەكەین هیچمان بۆ نامێنێتەوە».
وتیشی: «زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزارم تا ئێستا خەرج كردووە بۆ درەوكردن و تاوەكو خەرمان هەڵگرتن 800 هەزاری تر خەرج دەكەم، ساڵانی ڕابردوو كیلۆی چەڵتوك چوار هەزار دینار بوو، ئەمساڵ ئەوپەڕی كیلۆی هەزار دینار بكات، بۆیە شتێكی وامان بۆ نامێنێتەوە، ناچارین ئەم كارە بكەین هیچ ئیشێكی تر نییە.»
مەرەزە لە سەرەتای مانگی تەمووزدا دەچێنرێت و لە كۆتایی مانگی 10دا درەو دەكرێت و لەسەر خەرمان پاك دەكرێت، بەرهەمەكەی كە پێی دەوترێت چەڵتووك دەفرۆشرێت و دواتر بۆ ئامادەكردنی بۆ خواردن لە ئاش دەدرێت و دەبێت بە برنج.
ستار مهحمود بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە بە «ئاژانس»ی وت: «بەراز لە هەموو شوێنێك هەیە و زیانی بە مەرەزە گەیاندووە، ئەمساڵیش جۆرێك لە كەڕوو داویەتی لە مەرهزەی سنووری هەڵەبجە كە زیانی زۆرە، هەموو ئەوانە كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ڕێژەی بەرهەمی برنج هەیە».
وتیشی: «ئەمساڵ 200 دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە كراوە بە مەرەزە، ساڵانەش ڕێژەی چاندنی مەرەزە كەم دەكات، هۆكاری سەرەكییشی كەمبوونەوەی ئاوە لەگەڵ كەمیی داهاتەكەی، بۆیە ئەو بەرهەمەی دەكەوێتە بازاڕەوە شتێكی ئەوتۆ نییە جێگەی باس بێت».
مەرهزە یەكێكە لەو بەرهەمانەی كە زۆرترین ڕێژەی بەرهەمی هەیە، بە شێوەیەك یەك كیلۆ چەڵتووك نزیكەی 150 كیلۆ دەدات، ئەگەر دوور بێت لە نەخۆشی و چۆلەكە و بەراز.
غەریب مستهفا جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان بە «ئاژانس»ی وت: «پەیوەندیی نێوان جووتیار و وەزارەتی كشتوكاڵ پچڕاوە، نە پلانی كشتوكاڵیان هەیە نە چاودێریی كشتوكاڵی و نە ڕێنمایی كشتوكاڵیان هەیە، بۆیە ئەو داتایانەی هەیە لەسەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی هەرێم درووست نییە».
وتیشی: «ڕێژەی چاندنی برنج ساڵ دوای ساڵ كەمی كردووە، لهبەر نەخۆشی و كەمئاوی لە بەشێك لە ناوچەكانی چاندنی برنج، لەگەڵ ئەوانەشدا بەرهەمی برنجی ناوخۆ پارە ناكات، جووتیار هەیە چەڵتووكی ساڵی ڕابردووی ماوە، لەسەر ئەوەی پارە ناكات، چونكە بازاڕەكانی هەرێم پڕ كراوە لە بەرهەمی دەرەكیی جۆراوجۆر.»