״حكومه‌ت هاوكار نییه״
ئاژانس – شیروان محه‌مه‌د ئه‌مین
مسته‌فا سه‌عید خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌رى تهكنەلۆژیاى بانكه‌كان له هه‌ولێر، سه‌ر به وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان ڕایگه‌یاند: له كوردستان 88 بانكى حكومی و 9 نووسینگه‌ى بانك له قه‌زا و ناحییه‌كاندا هه‌یه، ده‌بێت ژماره‌یان كه‌م بكرێته‌وه بۆ 30 بانك، ئه‌گه‌ر له ڕووى ماددى و مه‌عنه‌وى پشتگیریمان بكرێت، ده‌توانین به شه‌ش مانگ سیستمى بانكى ئه‌لكترۆنى له كوردستان دابمه‌زرێنین، كه ئه‌وپه‌ڕى دوو ملیۆن دۆلارى تێده‌چێت، به‌ڵام حكومه‌ت هاوكارێكى جددى و گه‌وره نییه بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه.
مسته‌فا سه‌عید خه‌لیل به‌ڕێوه‌به‌رى تهكنەلۆژیایى بانكه‌كان له هه‌ولێر، سه‌ر به وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووریى هه‌رێمى كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكى له‌گه‌ڵ ״ئاژانس״دا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له به‌رامبه‌ر پێدانى كارتى بانك بۆ هه‌ر كه‌سێك مانگانه بڕى هه‌زار دیناریش وه‌ربگرێت، هه‌موو مانگێك یه‌ك ملیۆن دۆلارى ده‌ست ده‌كه‌وێت.
ئاژانس: سوودى بانكى ئه‌لكترۆنى بۆ هاووڵاتییانى كوردستان چییه؟
مسته‌فا سه‌عید: بێگومان سووده‌كانى بانكى ئه‌لكترۆنى بۆ هاووڵاتییانى هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند و حكومه‌تیش زۆرن، له ڕووى زووتر ڕاییكردنى ئیشى بانكه‌كان، كات و ئابوورى و ئاسایشه‌وه، ئه‌و كات هاووڵاتییان بۆ ناوخۆى هه‌رێم پێویستیان به هه‌ڵگرتنى پاره‌ى كاش نابێت، ده‌توانن له ڕێگه‌ى حساببانكیى خۆیان پاره له بانك ڕابكێشن، هه‌روه‌ها چه‌ندین خزمه‌تگوزاریى بانكى ئه‌لكترۆنى هه‌یه، خه‌ڵك ده‌توانن بازاڕ درووست بكه‌ن و به كارتى ئه‌لكترۆنى كاڵاكانیان ساغ بكه‌نه‌وه، یان له ڕێگه‌ى ئه‌نته‌رنێته‌وه پاره‌ى ئاو كاره‌با بده‌ن، بۆ حكومه‌تیش شه‌فافییه‌ت زیاتر ده‌بێت، له كاتى دابه‌شكردنى مه‌عاش به كه‌مترین ماوه له ڕێگه‌ى چه‌كى بانك مووچه دابه‌ش ده‌كرێت، خه‌ڵكى ڕه‌سید بانكى درووست ده‌كه‌ن، هه‌موو پاره‌كانیان له بانكدا ناهێننه ده‌ره‌وه، له‌م كاته‌دا پاره‌كه بۆ حكومه‌ت ده‌مێنێته‌وه، تاكو كارى له‌سه‌ر بكات، له هه‌رێم یه‌ك ملیۆن و چوارسه‌د هه‌زار فه‌رمانبه‌ر هه‌یه، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له به‌رامبه‌ر پێدانى كارتى بانك بۆ هه‌ر كه‌سێك مانگانه بڕى هه‌زار دیناریش وه‌ربگرێت، هه‌موو مانگێك یه‌ك ملیۆن دۆلارى ده‌ست ده‌كه‌وێت، كاتێك كۆمپانیاكانى ده‌ره‌وه‌ى وڵات سه‌ردانى هه‌رێم ده‌كه‌ن، زیاتر متمانه‌یان به بانكى حكومه‌ت هه‌یه و شاره‌زاییان له‌سه‌ر بانكى ئه‌هلى نییه، هاووڵاتییان كه پاره له بانك داده‌نێن، ئه‌مانه‌ش ده‌بنه مایه‌ی خێرایى كاركردن و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى بازاڕ.
ئاژانس: هه‌نگاوى یه‌كه‌م ده‌بێت چۆن كارى له‌سه‌ر بكرێت؟
مسته‌فا سه‌عید: له ڕووى ته‌كنیكییه‌وه ده‌بێت بانكه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستینه‌وه.
ئاژانس: گیروگرفته‌كانى به‌رده‌م كردنه‌وه‌ى بانكى ئه‌لكترۆنى له كوردستان چییه؟
مسته‌فا سه‌عید: سه‌رجه‌م بانكه ئه‌هلییه‌كانى كوردستان به شێوه‌یه‌كى ئه‌لكترۆنى كار ده‌كه‌ن، فیزهكارتیان هه‌یه، بچنه هه‌ر شار و مۆڵ و شوێنێك ده‌توانن به كارت پاره ڕابكێشن، به‌ڵام ئێمه له كوردستان 88 بانكى حكومی و 9 نووسینگه‌ى بانكمان له قه‌زا و ناحییه‌كان هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه كارێكى قورسه سه‌رجه‌م بانكه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستینه‌وه، بۆیه ده‌بێت ژماره‌ى بانكه‌كان كه‌م بكرێته‌وه بۆ 30 بانك، ئه‌وكات ئاسانتر ده‌توانرێت هه‌موو بانكه‌كان له ڕێگه‌ى ئه‌نته‌رنێته‌وه پێكه‌وه ببه‌ستین .
ئاژانس: هۆكار چییه له كوردستان سهرەتاییترین كار بۆ كردنه‌وه‌ى بانكى ئه‌لكترۆنى نه‌كراوه؟
مسته‌فا سه‌عید: ئه‌و پرسیاره ده‌بێت له وه‌زاره‌تى دارایى بكرێت، كێشه‌ى گه‌وره ئه‌وه‌یه هه‌ر وه‌زیرێك دێت به شێوازى خۆى كار ده‌كات، تاكو ئێستا هه‌ر وه‌زیرێك هاتووه و ده‌ڵێت بیكه و یه‌كێكى تر ده‌ڵێت مه‌یكه، له‌به‌ر ئه‌وه حكومه‌ت بۆ ئه‌م پرۆژه‌یه هاوكارێكى جددى نییه، خودى وه‌زیرى دارایى پشتگیریمان ده‌كات، به‌ڵام به هۆى ڕێنماییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمەوە، تاكو نووسراوێك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ده‌بێت یه‌ك مانگ خه‌ریكى ئه‌وه بین، كاریش به‌و شێوه‌یه ناڕوات، باشتره پرۆژه‌یه‌كى له‌م جۆره بدرێت به كۆمپانیایه‌كى ئه‌هلى كه به شه‌ش مانگ هه‌موو كاره‌كان زۆر به باشى ته‌واو ده‌كات، ئێمه كێشه‌ى ئیداره‌مان هه‌یه، كه ناتوانین خه‌ڵكى پسپۆڕ دابمه‌زرێنین، تیمه‌كه‌ى ئێمه له 45 كه‌س پێك هاتووه به‌و ژماره‌یه‌ش ناتوانین سیستمى بانكى ئه‌لكترۆنى بۆ 88 بانك دابنین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر پارێزگایه‌ك 10 بانكى تێدا بێت، كارئاسانیى باش بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونى ئیشوكاره‌كانمان ده‌كات.
من وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر هیچ دهسهڵاتێكم نییه په‌نجا هه‌زار دینار خه‌رج بكه‌م، مانگێكم پێ ده‌چێت تاكو وه‌زیر ببینم، ئیتر چۆن ده‌توانم پرۆژه‌یه‌كى وه‌ها گه‌وره به‌ڕێوه ببه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران به جددى و زۆر به خێرایى فرمان ده‌ربكات، بۆ ئه‌وه‌ى بانكه‌كان بخرێنه سه‌ر سیستمى ئه‌لكترۆنى، چونكه ئه‌م پرۆژه‌یه بناغه‌ى هه‌موو پرۆژه‌كانى تره و دڵى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى داراییه، ئه‌گه‌ر متمانه‌ى خه‌ڵك و كۆمپانیاكان گه‌ڕایه‌وه بۆ بانكه‌كان ئه‌وكات پرۆژه‌كانى تر زۆرتر و ئاسانتر به‌ڕێوه ده‌برێن.
ئاژانس: ئایا كه‌مكردنه‌وه‌ى بانكه‌كان زیانى بۆ فه‌رمانبه‌رانى ده‌بێت؟
مسته‌فا سه‌عید: فه‌رمانبه‌ران هیچیان زیاده نین، له وه‌زاره‌تى دارایى بۆ به‌شى باج و زه‌ریبه، پێویستیان به فەرمانبه‌ر هه‌یه، دواتر زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ش ده‌توانن له چوارچێوەی خزمه‌تگوزارییه‌كانى بانك كار بكه‌ن، یان ده‌توانن به دوو هێنده‌ى مووچه‌ى حكومه‌ت له بانكى ئه‌هلى كار بكه‌ن و خزمه‌تیشیان بۆ ئه‌ژمار بكرێت.
ئاژانس: له ڕووى ته‌كنیكییه‌وه هه‌رێم له‌و ئاسته‌دایه ئه‌وه بكات؟
مسته‌فا سه‌عید: تهكنەلۆژیاى كوردستان هه‌مووى له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه بۆمان هاتووه، مه‌سه‌له‌ى هاككردنیش مایه‌ی مه‌ترسیى نییه، چونكه ده‌توانین له ڕێگه‌ى كۆمپانیاى تایبه‌ت به‌و بواره سكوریتى باش بۆ سیستمى بانكى ئه‌لكترۆنى درووست بكرێت، پاره و خه‌ڵكى باش و به‌توانامان هه‌یه، له‌و ئاسته‌داین و ده‌توانین له ده‌وڵه‌تانى دراوسێمان پێشكه‌وتووتر بین، به‌ڵام هه‌نگاو به هه‌نگاو كارى بۆ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر له ڕووى ماددى و مه‌عنه‌وى پشتگیریمان لێ بكرێت، ده‌توانین به شه‌ش مانگ سیستمى ئه‌لكترۆنیى بانك له كوردستان دابمه‌زرێنین.
ئاژانس: له ڕووى ماددییه‌وه بڕى تێچوونى چه‌نده؟
مسته‌فا سه‌عید: ئه‌وپه‌ڕى دوو ملیۆن دۆلارى تێ ده‌چێت.
ئاژانس: ئه‌مه كارى حكومه‌ته یان په‌رله‌مان زووتر كارى له‌سه‌ر بكات بۆ جێبه‌جێكردن؟
مسته‌فا سه‌عید: پێویسته وه‌زاره‌تى دارایى بۆ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و ئه‌وانیش پرۆژه‌یاسایان هه‌بێت بۆ په‌رله‌مان، ئه‌وكات پشتگیرییه‌كى باش بۆ ئه‌م كاره درووست ده‌بێت.
ئاژانس: ئایا ته‌ده‌خولى ئایین له ڕووى حه‌ڵاڵ و حهرامەوە ڕێگره له كردنه‌وه‌ى بانكى ئه‌لكترۆنى؟
مسته‌فا سه‌عید: ئه‌وه په‌یوه‌ندى به تاكه‌كانى ناو كۆمه‌ڵگاوه هه‌یه، چونكه تۆ كه باوه‌ڕت به‌وه نییه سوود له بانك وه‌ربگریت ده‌توانیت ئه‌وه نه‌كه‌یت.