کنێر عه‌بدوڵڵا
زۆر جار له کۆمه‌ڵێکدا که به‌هاو و ئاکاره‌کان له قه‌یراندا ده‌بێت، سسته‌می حوکمڕانی له لوتکه‌ی گه‌نده‌ڵیدا نوقوم ده‌بێت، یاسا‌و ڕێساکان وه‌ک پۆشاکێک پڕ به‌به‌ری مرۆڤه‌کان ده‌دورێن، تاکه‌کان ڕادهماڵڕێن له هه‌موو بنه‌مایه‌کی مرۆیی و ئاینی و ئایدۆلۆژی. ئیدی ئه‌وه ئه‌و ساته وه‌خته‌یه که هیچ پێوه‌رێکی دروست و ڕاست نامێنیته‌وه له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژارده‌کاندا و هه‌ر که‌سه‌ش ده‌یه‌وێت پشکێک بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێ و ڕه‌وایه‌تیشی پێ بدات.
وتووێژ‌و هاوکات بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین ناوی جۆربه‌جۆر که به‌ناوی لیست و مووچه‌ی بندیواره‌کان بڵاوکراونه‌ته‌وه جێی تێڕامان و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌رکردنه؛ به‌تایبه‌ت کاتێک ده‌بینیت بۆ نموونه؛ میدیاکارێک به پله‌ی ڕائد خانه‌نشین کراوه؛ به مووچه‌ی سه‌روو ملیۆن دینار و ئه‌ندامێکی ڕێکخراوی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ناونووس کراوه به پله‌ی نه‌قیب؛ به مووچه‌ی سه‌روو نوسه‌د هه‌زار دینار و کاتێک سه‌رۆک حزبێک به پله‌ی وه‌زیر و سیاسه‌تمه‌دارێک به پله‌یه‌کی تایبه‌ت خانه‌نشین کراون و نزیکه‌ی 5 ملیۆن دینار مووچه‌که‌یه‌تی؛ له کاتێکدا هه‌ندێک له‌وانه نه‌خوێنده‌وارن یان بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندییان هه‌یه یاخود هه‌ر بڕوانامه‌یه‌کی تر.
مه‌به‌ستی بابه‌ته‌که‌ی من ناوهێنانی هیچ کام له‌وانه نییه، چونکه ناوه‌کان بڵاوکراونه‌ته‌وه، له هه‌مان کاتدا ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و لایه‌نه حزبیانه‌ی به‌هه‌رهۆکارێک بێت کاره‌که‌یان ئه‌نجامداوه؛ چونکه ئه‌وه‌ش ڕوونه که به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی و ململانێی حزبی و زیادکردنی ژماره و ئینتمای ئه‌ندامێتی بۆ لایه‌نێکی حزبی یان به‌رپرسێکی دیاریکراو کراوه، سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌وانه‌ش نامه‌وێت بچمه نێو شیکاری و هۆکاری قبوڵکردنی ئه‌و شێوازه له‌لایه‌ن وه‌رگره‌کانه‌وه؛ چونکه دواجار ئه‌وه ئاماژه‌یه بۆ ڕه‌وایه‌تیدان به‌خۆیان به‌وه‌ی بڵێن « ده‌ست به کڵاوه‌که‌ی خۆته‌وه بگره، با نه‌یبات» ئیدی ده‌رئه‌نجام له نێوان گه‌یه‌نه‌ره‌کان و وه‌رگره‌کاندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان پارێزراوه، به‌ڵام له‌سه‌ر حسابی میلله‌ت و به‌ها و پێوه‌ره‌کانی نیشتمان.
مه‌به‌ستی باسه‌که‌ی به‌نده؛ په‌یوه‌سته به ده‌رئه‌نجامه‌کانی پرۆسه‌که‌وه که گرفتی سه‌ره‌کی خۆی له ڕهوایهتیداندا به‌دی ده‌کات به که‌لتورو ئاکارێکی هه‌ڵه که ده‌رئه‌نجام ناڕاسته‌کان ده‌بنه باو و که‌مینه‌کانیش ده‌بنه دژ به‌و جۆره باوانه، باوه ناڕاست وهه‌ڵه‌کان ده‌بنه ڕه‌فتارێکی سروشتی و هه‌وڵی گشتگیرکردنی ده‌درێت له کۆمه‌ڵدا و دیدی که‌سه کهمینهکانهکانیش ده‌بنه نامۆ که له کۆتایی پرۆسه‌که‌دا؛ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌کییه تێکدانی ئاکاری کۆمه‌ڵه، تێکشکانی ناخ و ڕه‌وشتی مرۆڤه‌کان و داڕمانی نه‌وه‌ی نوێیه و ڕاماڵینێتی له هه‌موو به‌ها و بنه‌مایه‌کی په‌روه‌رده‌یی ڕاست، که له ئێستادا بۆته په‌رتبوونی میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق کردویانه‌ته هه‌ڕه‌شه و به یه‌کێک له وه‌ره‌قه‌ی فشاره‌کانی که ده‌یه‌وێت به حکومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌کانی کوردستان بڵێت ئه‌وه خراپ به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات و بهڕێوهبردنتانه؛ له کاتێکدا ده‌توانرا حزبه‌کان شێوازێکی تریان بگرتایه به‌رو له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان قه‌ره‌بوویان بکردنایه‌ته‌وه تا سه‌ره‌ڕای قه‌یرانه‌کانی تر، ئه‌م بابه‌ته‌ش نه‌بوایه‌ته وێڕدی سه‌رزمانی که‌س و ڕاگه‌یاندنه‌کان و وه‌رگره‌کانیش فێری ئه‌و که‌لتوره باوه نه‌ده‌بوون.