ئه‌ندامێكى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى حزبی زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان: له هه‌ڵبژاردنی داهاتووى هه‌رێمدا گۆڕانكارى ڕوو ده‌دات
سازدانى: ڕه‌هێڵ ته‌ها
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى حزبی زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه پڕۆژه‌ى درووستكردنى یهكلیستى بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان شكستى هێناوه و ده‌شڵێت: ״گۆڕان و كۆمه‌ڵ هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و داپه‌روه‌ری كه خۆیان هاوپهیمانێتییهكیان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ڕاگه‌یاندووه، بڕیارێكیان هه‌بووه كه به‌شداری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانییه‌تی تر نه‌كه‌ن.״
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا له‌م چاوپێكهوتنەی ״ئاژانس״دا باس له‌وه ده‌كات كه له‌وانه‌یه كورد دهوڵهتدارییهكى باشى نه‌كردبێت له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا و ده‌شڵێت: ״نه‌مانتوانیوه له ناوچه دابڕاوه‌كان باشتر كار بكه‌ین، به تایبه‌تى له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌به ڕه‌سه‌نه‌كان و ململانێ حزبییه‌کان زیانێكى زۆریان له ئێمه داوه״.
ئاژانس: سه‌ره‌تا له لیستى هاوبه‌شی لایه‌نه‌كانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق له ناوچه جێناكۆكه‌كاندا كه هه‌وڵێكى له‌و جۆره هه‌بوو ئه‌وه به چی گه‌یشت؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى لیستێكى هاوبه‌شی كوردستانى له ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران سه‌رنه‌كه‌وت و ئه‌و لیسته درووست نه‌بوو، هه‌رچه‌نده ئێمه وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكێشان سه‌ردانى زۆربه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌كانمان كرد و داواى كۆبوونه‌وه‌مان لێیان كرد ئه‌وانیش ڕازی بوون، به‌ڵام دواى كۆبوونه‌وه‌كان بۆمان ده‌ركه‌وت كه پێكهێنانى یه‌ك لیست زه‌حمه‌ته، چونكه براده‌رانى لیستى نیشتیمان (گۆڕان، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و داپه‌روه‌ری) كه خۆیان هاوپهیمانێتییهكیان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ڕاگه‌یاندووه بڕیارێكیان هه‌بووه كه به‌شداری له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كى تر نه‌كه‌ن.
ئاژانس: زۆبه‌ى شرۆڤه‌كاران پێیان وایه به هۆی ده‌رئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى 25/9، كورد ده‌نگى له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كه‌م ده‌كات ئه‌وه هاوكێشه‌یه‌كى چاوه‌ڕوانكراوه؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: ئێمه له هه‌ڵبژاردنى ڕابردوو له پارێزگاى كه‌ركوك له كۆی دوازده كورسی هه‌شت كورسیمان به ده‌ست هێنا، به‌ڵام ئێستا دواى ڕووداوه‌كان خه‌ڵكێكى زۆر ئاواره بووه، ئه‌وه جگه له‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ى له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌یه و هه‌روه‌ها گۆڕانكارییش له یاسای هه‌ڵبژاردندا كراوه و به‌رامبه‌ره‌كانیشمان خۆیان له یه‌ك لیستدا كۆ كردووەته‌وه، بۆیه پێشبینى ده‌كه‌ین كورد پاشه‌كشه بكات له ده‌نگه‌كانى، ئه‌وه‌ش زیانێكى گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو لایه‌كمان.
ئاژانس: پێتان وایه باشترین سیناریۆ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد بۆ ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان چییه بۆ داهاتوو؟ ئیداره‌ى هاوبه‌ش یان به‌كارهێنانى هێز و ڕووبه‌رووبوونه‌وه یانیش قایل‌بوون به‌وه‌ی ئێستا هه‌یه؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: ئه‌و واقیعه‌ى ئێستا له كه‌ركوك و چه‌ند ناوچه‌كی تر هه‌یه فه‌رز كراوه و له ده‌ره‌وه‌ى ده‌ستوور و یاسایه، ده‌شیانه‌وێت له دواى هه‌ڵبژاردنه‌كان شه‌رعییه‌تێك به‌و واقیعه بده‌ن، بۆیه پێمان وایه تاكهڕێگا بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و بارودۆخه یه‌كڕیزیى لایه‌نه كوردستانییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى ئه‌و بارودۆخه ببینه‌وه، چونكه به‌و په‌رته‌وازه‌ى ئێستا هه‌یه له‌نێو كورد هیچ ناكرێت، به تایبه‌تى لایه‌نى به‌رامبه‌ر سوودیان له‌و كه‌لێنه وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ى درێژه به‌و واقیعه بده‌ن كه له‌و ناچانه هه‌یه، بۆ نموونه‌ش پرسی په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ی گشتیی عێراق له په‌رله‌مان كه ده‌یانه‌وێت زوڵمێكى گه‌وره له كوردستان بكه‌ن.
ئاژانس: به‌ڵام به ڕای زۆرێك له چاودێران ڕیفراندۆم هۆكارێك بوو بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ى به‌سه‌ر كوردستاندا هات، پێتان وایه كاتى ئه‌نجامدانى ئه‌و پڕۆسه‌یه گونجاو نه‌بوو و سه‌ركردایه‌تیى سیاسیی كورد دووربین نه‌بوون له‌و بڕیاره؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: ڕیفراندۆم هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌و بابه‌ته‌وە نییه، به‌ڵكو ئه‌وان له 2003وه ته‌نانه‌ت دواى په‌سه‌ندكردن ده‌ستووری هه‌میشه‌یی، ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ى به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌یكات ئه‌وه‌یه كه ئاماده نین داخوازییه‌كانى كورد جێیبه‌جێ بكه‌ن، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند مادده‌ى ده‌ستووری پێشێل كراوه، بۆیه پێم وا نییه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌كرابوایه ئه‌و ڕووداوانه ڕوویان نه‌ده‌دا، چونكه كاتێك حكومه‌تى عێراقی مادده‌ى 140ی ده‌ستووری جێبه‌جێ نه‌كرد خۆ ڕیفراندۆم نه‌كرابوو، ئه‌مه جگه له پشتگوێخستنى مافه‌كانى پێشمه‌رگه وه‌ك به‌شێكی گرنگ له هێزه چه‌كداره‌كانى عێراقدا.
ئاژانس: پێتان وایه ململانێى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان له كه‌ركوك و ناوچه‌كانى تر هۆكارێكى تر بوون بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌و ناوچانه؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه دوو شتی جیاوازن، یه‌كێكیان ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه له به‌غدا به‌رامبه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كانى تری كوردستانى په‌یڕه‌و ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى تر په‌یوه‌ندیی به خۆمانه‌وه هه‌یه كه له‌وانه‌یه دهوڵهتدارییهكى باشمان نه‌كردبێت و نه‌مانتوانیوه له ناوچه دابڕاوه‌كان باشتر كار بكه‌ین، به تایبه‌تى له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌به ڕه‌سه‌نه‌كان، بۆیه ئه‌و ململانێ حزبییه زیانێكى زۆری له ئێمه داوه.
ئاژانس: باشتر نییه هه‌رێمى كوردستان نه‌وته‌كه‌ى ڕاده‌ست بكات له به‌رمبه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ى ناوچه جێناكۆكه‌كاندا؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: ئێستا هه‌رێمى كوردستان هه‌موو ئاماده‌ییه‌كى تێدا هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێ بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌ى گفتوگۆش نین، به‌ڵكو سوودیان له‌و بارودۆخه وه‌رگرتووه كه ئێستا له ڕووى سیاسی و ئابووری له هه‌رێمى كوردستان ده‌گوزه‌رێت، له لایه‌كى تر ئه‌وان وردبینى له لیستى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا له ناوچه‌كانى تری عێراق ئه‌و وردبینییه كراوه، ئه‌مه له كاتێكدا ژمارى فه‌رمانبه‌رانى ناوه‌ڕاست و باشوور به چه‌ندین جار له هیی هه‌رێم زیاترن.
ئاژانس: به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق پێیان وایه تا ڕیفراندۆم هه‌رێم زیاتر له مافی خۆی ده‌سه‌ڵاتى به‌كار هێناوه وه‌ك نیمچهدهوڵهتێك مامه‌ڵه‌ى كردووه، ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌سه‌ڵاتى فیدراڵی ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌موو عێراق؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ى به‌غدا له كاتێك ڕاسته كه ئه‌وانیش پابه‌ند بن به ته‌واوى بڕگه و مادده‌كانى ده‌ستوورەوە، بۆیه كه‌ى عێراق پابه‌ندبوونى به ده‌ستوور ڕاگه‌یاند له هه‌موو بواره‌كان ئه‌و كاته بۆی هه‌یه ئه‌وه بڵێت، نه‌وه‌ك ته‌نیا ده‌ستوور له‌و شوێنانه باس بكات كه له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیه‌تى، به‌ڵام كاتێك دێته سه‌ر مادده‌ى 140 و مافه‌كانى پێشمه‌رگه باسی ناكات، له‌و حاڵه‌ته ده‌ستوور هیچ به‌هایه‌كى نابێت ئه‌گه‌ر به هاوسه‌نگى نه‌بێت.
ئاژانس: هه‌ست ناكه‌ن ئێستا كورد له به‌غدا ئه‌وه‌نده لاواز بووه كه ئه‌سته‌مه خۆی بگرێته‌وه؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: پێویسته ئێمه هه‌وڵ بده‌ین له هه‌ڵبژاردنى داهاتوو ژماره‌ى كورسییه‌كانمان له به‌غدا كه‌م نه‌كات، چونكه ئه‌وان به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه كورد ڕێژه‌ى كه‌مه و زیاتر له مافه‌كانى خۆی داوا ده‌كات، بۆیه تاكهڕێگا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین له به‌رامبه‌ره‌كه‌مان بگه‌یه‌نین كه كورد یه‌كگرتووه له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانى، یه‌كهه‌ڵوێستى و دانانى به‌رنامه‌یه‌كى هاوبه‌شه له نێوان لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كاندا.
ئاژانس: سیاسه‌تى بایكۆتكردنى به‌غدا درووسته كه هه‌رێمى كوردستان به‌ر له ڕیفراندۆم پیاده‌ى ده‌كرد؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: من پێم وایه تاكو ئێستا كورد به یه‌كجاره‌كى بایكۆتى به‌غداى نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه ئاگادار بین ژمارەیەکی زۆر لە په‌رله‌مانتاران بۆ ماوه‌ى مانگێك به‌غدایان جێ هێشت، بۆیه ئێمه بایكۆتى به‌غدامان نه‌كردووه، به‌ڵكو ئه‌وان سیاسه‌تێكیان هه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی پاڵ به كورده‌وه بنێن، به گشتى به‌غدا ده‌یه‌وێت ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستان تێك بشكێنێت.
ئاژانس: پێتان وایه هه‌ڵبژاردنى داهاتووى كوردستان هاوكێشه‌ى سیاسیی هه‌رێم ده‌گۆڕێت؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: پێم وایه گۆڕانكاری ده‌بێت، به‌ڵام ئایا گۆڕانكارییه‌كان قه‌باره‌ى چه‌نده ئه‌وه دیار نییه، به‌ڵام گۆڕانكاری له‌و هه‌ڵبژاردنه ڕوو ده‌دات به تایبه‌تى دواى ئه‌و ڕووداوانه‌ى له ڕابردوو ڕوویان دا وه‌ك قه‌یرانى دارایی و سیاسی و كێشه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌موو ئه‌وانه كاریگه‌رییان ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگدان.
ئاژانس: له‌سه‌ر پرسی پۆستى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ئه‌زموونى ئێستا باشتر نییه كه دەسەڵاتەکانی ئه‌و پۆستە به‌سه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دادوه‌ری دابه‌ش كراوه؟
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: كاتێك ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ته‌واو بوو بواری ئه‌وه نه‌ما جارێكى تر درێژ بكرێته‌وه، هاوكات زه‌مینه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌بوو، ئه‌و كاته‌ش نه‌ده‌كرا بۆشاییه‌كى یاسایی له هه‌رێم هه‌بێت، بۆیه به ڕێگایه‌كى قانوونى ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌سه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى تر دابه‌ش كران، به‌ڵام ئێمه پێمان باشه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى كوردستان به یه‌كه‌وه بكرێت، خه‌ڵكیش ئازاده بۆ ده‌نگدان و ئه‌وانه‌ى ده‌یانه‌وێ بۆ ئه‌و پۆسته خۆیان كاندید بكه‌ن.