مۆڵه‌تی سێ شوێنی پێویسته
ئاژانس – ڕێژین سه‌عدوون
«به‌راز کێڵگهکهمی وێران کردووه، زیانی زۆری پێ گه‌یاندووم، هه‌نێکی ده‌خۆن و ئه‌وه‌ی دیکه‌شی ده‌ده‌ن به‌سه‌ر یه‌کدا و وێرانی ده‌که‌ن، چه‌ند جارێک که‌مینمان بۆ داناون به‌ڵام به‌رده‌ستمان نه‌که‌وتوون»، ئه‌مه وته‌ی ستار ئه‌حمه‌دی ته‌مه‌ن 50 ساڵه.
به‌رازه‌کان له هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌ی کێوی ده‌ژین، له‌و ناوچانه ده‌بینرێن که چه‌م و باخی تێدایه، به زۆریش له‌و جێگهیانهن که بۆ ڕه‌ز و باخ و مه‌ره‌زه گونجاون.
ئه‌و ئاژه‌ڵه کێوییه به ڕه‌و ده‌گه‌ڕێن و ڕوو بکه‌نه هه‌ر شوێنێکی کشتوکاڵی، زیانێکی زۆر له پاش خۆیان جێ ده‌هێڵن.
له به‌شێک له ناوچه‌کانی هه‌رێمی کوردستان؛ ڕه‌ز و باخه‌کان و مهرازهکان، به هۆی به‌رازه‌وه زیانیان پێ گه‌یشتووه، جووتیارانیش له‌و حاڵه‌ته نیگه‌رانن، ڕێگه‌ی جیاجیا ده‌گرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زیان به به‌روبوومه‌کانیان نه‌گه‌یه‌نێت، یه‌کێک له‌و ڕیگایانهیش کوشتنی بهرازهکانه، بۆ ئه‌مه‌یش ڕێنمایی پێویست هه‌یه.
کێڵگه‌که‌ی ستار ئه‌حمه‌د له دێلێژه‌یه، ئه‌و نیگه‌رانه له‌وه‌ی به‌راز به‌سه‌ر به‌روبوومه کشتوکاڵییه‌که‌ی هێناوه، به «ئاژانس»ی ڕاگه‌یاند: «هه‌رچیی به‌راز له ڕه‌زه‌که‌ی خواردووه، درێخی‌یان نه‌کردووه، ئه‌وه‌ی دیکه‌شی که ماوه داویانه به‌سه‌ر یه‌کدا و به که‌ڵکی خواردنی نه‌هێشتوون.»
به‌راز، ڕوو ناکاته ئه‌و جێگایانه‌ی ئاوه‌دانین و قه‌ره‌باڵغی تێدایه، له‌به‌ر ئه‌وه‌یش به‌شێک له خاوه‌ن کێڵگه‌کان ڕادیۆ به‌کار ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه ده‌نگیان لێوه بێت و به‌راز ڕوو نه‌کاته به‌روبوومی کێڵگه‌که‌یان.
ڕاوکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان و خشۆکەکان قەدەغەیە و سزای ماددیی هەیە که لە 100 سەد هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات تاوەکوو 10 ملیۆن دینار.
عەمید هێمن کامەران خان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە «ئاژانس»ی وت: «ئەگەر بێت و بەرازێک بکوژرێت غرامەکەی 500 هەزار دینارە، جگە لە بەندکردنی یاسایی».
وتیشی: «ئەو ڕاوکەرانەی کە جاری یەکەم ڕاویان کردووە و لە ڕاودا ده‌ستگیر کراون، تەعاودیان پڕ کردووه‌تەوه و غرامەکەیان 150 هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر بێت و سەرپێچییەکەیان دووبارە کردەوە غرامەکەیان ئەبێتە دوو هێندە، بە گشتییش جۆری غرامەکان بە پێی ئەو ئاژەڵەی ڕاو کراوە دەگۆڕێت».
هه‌رچه‌ند به پێی یاسا ڕاوکردنی ئاژه‌ڵی کێوی قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام کوشتنی به‌راز یان هه‌ر ئاژه‌ڵێک زیانی ماددی یان گیانی بگه‌یه‌نێت، ڕێگه‌پێدراوه، ئه‌ویش به وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی پۆلیسی دارستان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ژینگه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه کشتوکاڵییه‌کان.
دیاری غه‌ریب بەڕێوه‌بەری ژینگەی سلێمانی بە «ئاژانس»ی وت: «بە پێی ڕێنمایی ده‌سته‌ی ژینگه له ساڵی (٢٠١٥)ی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ڕاوی بەراز تەنیا بۆ بۆنە ئایینییەکان ڕێگەپێدراوە».
وتیشی: «لەو حاڵەتەی کە دەبێتە هۆی زیانپێگەیاندن به ماڵ و کێڵگەکان دەتوانن جووتیاران داوایەک پێشکەش بکەن بە مەبەستی ڕەزامەندیی وەرگرتنی ژینگە و بەڕێوه‌بەرایەتیی کشتوکاڵ و بەڕێوبەری پۆلیسی دارستان، بە ڕەزامەندی ئەم سێ لایەنە بڕیار دەدرێت لەسەر ئەوەی ئەو ئاژەڵەی زیانی ماددی یان گیانی دەگەیەنێت بکوژرێت یان نا، ئه‌گه‌ر نا که‌س ناتوانێت بیکوژێت له خۆیه‌وه«.