لوقمان عەبدولڕەحیم فەیلى
باڵیۆزى پێشووى عێراق لە ئەمەریکا
ئێمە کێین؟ وەک عێراقییەکان دەمانەوێت بەرەو کوێ بڕۆین؟ چۆن دەتوانین پێکەوە وەک نەتەوەیەک لە ڕێکردنە کۆمەڵایەتییەکەماندا بگەینە بونیادێکى بەهێز دژى هەموو جۆرە گرێیەکى شێرپەنجەیى وەک داعش و هاوشێوەکانى؟ ئەم پرسیارە جەوهەرییانە هەموو ڕۆژێک دەکرێن، هەوڵ دەدەم وەڵامى هەندێکیان بدەمەوە بەو هیوایەى یارمەتیى ئێمەى عێراقییەکان بدات لە دیاریکردنى ڕێڕەوە کۆمەڵایەتییەکەماندا، لە کاتێکدا ماوەیەکى زۆرە ڕووبەڕووى کۆمەڵێک قەیرانى کۆمەڵایەتى و ئەمنى و ئابووریى سیاسیى بووینەتەوە. هەموو ڕۆژێکیش دەستپێشخەریکردن بۆ سازانێکى مێژوویى لێرە یاخود ئاشتەواییەک لەوێ پێشکەش دەکرێت و پڕۆژەى بونیادنان و نوێکردنەوەى پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانى عێراقدا دەبینین، بۆ ئەوەشى هەموومان ڕووکارەکانى عێراقى نوێ دیاریى بکەین، بە پێویستى دەزانم لەو گۆشە جیاجیایانەوە تەماشاى واقیع بکەین کە هێشتا بە قووڵى تاووتوێ نەکراون، ئەو گۆشانەشى پشت بە بونیادنانى بناغەى نوێ بۆ کۆمەڵگاى عێراقى دەبەستن، پەیوەستن بە ئاشتى و پێکەوەژیان و پێگەیاندنى مرۆڤ و کارى پێکەوەیى و چەسپاندنى ڕێڕەوى هاوبەشى ڕۆڵەکانى کۆمەڵگاوە.
لە خواریشەوە وردەکاریى ئەو ڕێسا و بنەما و پێداویستییە بنچینەییانە دەخەینە ڕوو کە بۆ گەیشتنى ئێمەى عێراقییەکان بە عێراقى نوێ پێویستن:
یەکەم/ پاراستنى کۆمەڵگا
- چەسپاندنى ڕێچکەى دابەشکردنى دەسەڵاتەکان بە پێى کارە جیاوازەکانى جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەرى لەگەڵ بوونى یەک ئامانجى هاوبەش لە بونیادنانى کۆمەڵگادا، هەروەها جەختکردنەوە لە ڕادەستکردنى ئاشتییانەى دەسەڵات، ئەویش بە ڕوونکردنەوەى ڕۆڵ و بەرپرسیارێتیى سەرجەم دەسەڵاتەکان، تا دواجار سیستمێکى یەکتر تەواوکەر درووست بکرێت نەوەک لێکترترازاو.
- داننان بەوەى سندووقى دەنگدان سەروەر و بڕیاردەرە.
- دەستهەڵگرتن لە توندوتیژى بە هەموو جۆرەکانییەوە و گەڕانەوە بۆ چارەسەرى ئاشتییانە و حەرامکردنى خوێنى عێراقییەکان.
- ڕێککەوتن لەسەر ئەوەى تیرۆر و توندوتیژى بە هەموو شێوەکانییەوە گرێیەکى شێرپەنجەیین و پێویستە لە جەستەى عێراقدا ڕیشەکێش بکرێن، واتا پێویستە عێراقى سبەینێ لە نەخۆشییە کوشندە و گوازراوەکان بەدوور بێت.
- یەکێتیى عێراق و پاراستن و سەروەریى خاکەکەى ئامانجێکە و پێویستە ناکۆک نەبین لەسەرى، پێویستییشە لە لایەن سەرجەم لایەنەکانەوە ئەم خاڵە پەیڕەو بکرێت.
- هیچ شتێک لەسەروو سەروەریى یاساوە نییە.
- پاککردنەوەى جەستەى دەوڵەت لە بەڵاى گەندەڵیى کارگێڕى و دارایى پێویستییەکە و گەر مەبەستمان بێت پێى دەگەین.
- گرتنەبەرى سیستمى ئیداریى نوێ لەسەر بنەماى سەرزەنشتکردن و لێپرسینەوەى بەرپرسانى دەوڵەت پێش کەسانى دیکە و لە هەموو ئاستەکاندا.
دووەم/ گرتنەبەرى کارى پێکەوەیى
- دۆزینەوەى کەناڵى پەیوەندیکردنى ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرکردە سیاسییەکاندا، تاوەکو دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت، بەتایبەت لە کاتێکدا کە کۆمەڵگاکەمان بە دواى بەستنى پەیوەندیی تایبەتیدا دەگەڕێت وەک پێشەکییەک بۆ بونیادنانى متمانە لە نێوان لایەنەکاندا. جگە لەوە پێویستە کەناڵى ڕاستەوخۆ و بەردەوام لە نێوان ڕاوێژکارانى سەرکردە سیاسییەکاندا بکرێتەوە تا گفتوگۆ هەمیشە بەردەوام بێت و لە کاتى قەیراندا تاو نەسەنێت.
- کارکردنى ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە دەستەواژەى هاوبەش، بەتایبەت بۆ سەرچاوەى قەیرانەکان، تاوەکو هەنگاو بەرەو کردنەوەى هەندێک لە گرێ کوێرەکان بنرێت.
- کارکردن بە بنەماى (قازانج – قازانج) لە کاتى مامەڵەکردنى لایەنەکان لەگەڵ یەکدى، هاوکات دوورکەوتنەوە لە هاوکێشە نەرێنییەکان.
- دۆزینەوەى فەرهەنگێکى سیاسى و کۆمەڵایەتیی نوێ کە دەستەواژە و ماناى وەها لە خۆ بگرێت بتوانێت دیدى هاوبەش بەرامبەر عێراقى ئاییندە بەرجەستە بکات.
- پشتبەستن بە ڕێچکەى گفتوگۆکردن وەک ئامرازێک بۆ چارەسەرکردنى ناکۆکییەکان، هاوکات جەختکردنەوە لەو بنەمایانەى لەسەر بناغەى درووست بونیاد نراون، وەک: ڕێزگرتنى بەرامبەر، ڕاستییەکە لە کەسێک یاخود یەک لایەندا کورت نەبێتەوە، جگە لەوەى پێویستە دیلى دەستى ڕابردوو نەبین لە کاتى بونیادنانى ئاییندەدا..
- دوورکەوتنەوە لە بڕیارى تاکلایەنە و چەسپاندنى کارى پێکەوەیى وەک کولتوورێکى بنچینەیى و نوێ لە کۆمەڵگادا.
سێیەم/ چەسپاندنى پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى لە نێوان پێکهاتەکاندا:
- وازهێنان لە هێرشى میدیایى دژ بە یەکدى و وەستاندنى تۆمەتبارکردنى بەرامبەر بە سیخوڕ و ناپاک و ئەو دەستەواژانەى دەبنە هۆى ئاڵۆزترکردنى دۆخەکە و چاندنى ڕقوکینە و گواستنەوەى قەیرانەکان بۆ نێو شەقامى عێراقى لەبرى ئەوەى بەدەست دەستەبژێر و سەرکردایەتیى هەڵبژێردراوەوە بێت.
- ڕەچاوکردنى ئەوەى هەمەچەشنیى نەژادى و ئیتنى و خێڵەکى و ئایینى و نەتەوەیى و فیکرى و فرەحزبى، سەرچاوەى هێزى مێژوو و جوگرافیا و ئاییندەى عێراقە.
- هەروەها داننان بەوەى ئەو هەمەچەشنییە عێراقییە تایبەتمەندى و پێکهاتە و نەریتى خۆى هەیە و پێویستە کار بۆ پێکەوەلکاندنەوەى هەموو پێکهاتەکان بکرێت، ئەویش لە ڕێگاى پەیماننامەیەکى ناوخۆییەوە، هاوکات بەستنى پەیماننامەیەکى نیشتیمانیى گشتییش لە نێوان هەر پێکهاتەیەک و عێراقییەکانى دیکەدا.
- هەرکەس هەڵگرى ڕەگەزنامەى عێراقى بێت خاوەنى هەموو ماف و ئەرکێکى هاووڵاتیبوونە و هاووڵاتیبوونیش بە پێکهاتەى بنچینەیى بونیادى کۆمەڵایەتیى عێراقى ئاییندە دابنرێت.
- پێویستە دان بەوەدا بنێین کە قەیرانێکى گەورەى متمانە لە عێراق هەیە، بۆیە پێویستە چاو بخرێتە سەر هەنگاونان بەرەو دووبارە بونیادنانەوەى متمانە، ئەویش بە سێ ڕێگا:
-بونیادنانەوەى متمانەى نێوان دەستەبژێر و سەرکردایەتیى گرووپ و پارتە سیاسییەکانى عێراق.
-بونیادنانەوەى متمانە لەنێوان گەلى عێراقى و دەستەبژێر و سەرکردایەتیى گرووپ و پارتە سیاسییەکان.
-بونیادنانەوەى متمانە لە نێوان خودى پێکهاتەکانى عێراق بە هەموو نەژاد و ڕەگەز و تایەفەیەکییەوە.
- پێویستە دەستەبژێر و سەرکردایەتیى سیاسیى باڵادەست لە عێراق درک بەوە بکەن کە مێژوو ڕەحم ناکات و ناتوانرێت بەلاڕێدا ببرێت، بۆیە پێویستە مەرامى پاک لە لاى سەرجەم ڕۆڵەکانى عێراقى سبەینێ هەبێت.
چوارەم/ بونیادنانى مرۆڤى عێراقى پێش هەموو شتێک
- داننانى سەرجەم لایەنەکان (گەر خۆبەخۆش بێت) بە هەڵەکانى ڕابردوو، ئەویش لە پاش چاوخشاندنەوە بە ڕۆڵى خۆیان لە پڕۆسەى سیاسىی دواى ساڵى 2003، بەو پێیەى بە چاوخشاندنەوە پەرەسەندن ڕوو دەدات و هەڵەکان کەم دەبنەوە.
- چاودێریکردنى خێزانى قوربانى و شەهیدەکانى دەستى تیرۆر و زامنکردنى مافى کەمینەکان بکرێتە کارى لەپێشینە و جەخت لە خێراکردنى پڕۆسەى گەڕانەوەى ئاوارەکان بکرێت بۆ ماڵوحاڵى خۆیان.
- پێویستە سەرجەم پڕۆژە سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى و ئەمنییەکانى دەوڵەت بە ئاڕاستەى بونیادنانى کەسایەتییە نوێیەکەى عێراق هەنگاو بنێت، ئەو کەسایەتییەى پێکەوەژیانى کۆمەڵایەتى و لێبوردەیى وەک ڕۆح دەکات بەبەرى ئەو جەستەیەى کە بەرەو چاکبوونەوە دەچێت.
پێنجەم/ ڕێکردنى هاوبەش بەرەو عێراقى سبەینێ:
- گەڕان لەگەڵ بەرامبەر (لەناوەوە و دەرەوەى پێکهاتەکان) بە دواى خاڵە هاوبەشەکانى دیدى هەر لایەنێک بەرامبەر ئاییندەى عێراق.
- ڕێککەوتن لەسەر ڕووکارەکانى بەرنامەیەکى سیاسیى بۆ ئاییندەى حکوومەتى ناوەندى و پارێزگاکان و کارکردن بۆ چەسپاندنى و کردنى بە پڕۆژەى بونیادنانى عێراقى سبەینێ، پێویستە بەرنامەکە ئەو بابەتە جەوهەرییانە لە خۆ بگرێت کە کاتى چارەسەرکردنیان هاتووە، وەک سنوورى لامەرکەزى و فیدراڵییەتى پارێزگا و هەرێمەکان و چۆنیەتیى ئیدارەدانى سامانى عێراق و پاراستنى ئاسایشى ناوخۆیى و نیشتیمانى و گۆڕینى دەستوور و ڕێککەوتن لەسەر ڕۆڵى ئایین لە کۆمەڵگا و بایەخدان بە پڕۆژەکانى گەنجان و پاڵپشتیکردنى ئەو توێژە گرنگەى گەلى عێراق… هتد.
- کارکردنى پێکەوەیى لەسەر بەنێودەوڵەتی-نەکردنى بابەتەکان بە پێى توانا، چونکە دەستوەردانى دەرەکى دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئەمە لە کاتێکدا لایەنە ناوخۆییەکان (بە هۆى مێژوو و جوگرافیاوە) ناسڕێنەوە و فەرامۆشکردنیشیان لە دوورمەودادا سوودى زۆرى نابێت.
- کارکردنى پێکەوەیى لەسەر دیاریکردنى ڕووکارەکانى نەخشەڕێگایەک بۆ نەهێشتنى قەیران و کردنەوەى گرێکوێرەکانى عێراقى داهاتووم
- ڕێککەوتنى لایەنەکان لەسەر گەڕان بە دواى چارەسەرێکى عێراقییانە لە سەرەتادا پاشان دەست درێژکردن بۆ لایەنى دەرەکى بە مەبەستى پێشکەشکردنى یارمەتیى گەر پێویستمان بوو.
- هەژمارکردنى ڕێچکەى فەرمانڕەوایەتیى ژیرانە وەک ستراتیژێکى پێویست بۆ بونیادنانەوەى دەوڵەتى عێراقى لەسەر بنەماى زانستى، بە جۆرێک کە شەفافییەت و دادپەروەرى و یەکسانى و لێپرسینەوە و ڕێزگرتنى مافى مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین لە خۆ بگرێت وەک کۆڵەکە بەهێزەکانى دامەزراوە و فەرهەنگى عێراقى سبەینێ.
- پاراستنى کولتوور و مێژووى عێراق بەرپرسیارێتییەکە و لە ئەستۆى هەموو لایەنەکاندایە.
- ڕێزگرتن و پارێزگاریکردن لە ئازادیى جموجۆڵى هاووڵاتییان.
- پێویستە پێکەوە کار لەسەر درووستکردنى ئاشتى بکەین لە چوارچێوەى عێراقدا، پاشان کار بۆ پاراستنى بکەین و دواجار لەسەر بنەماى سیاسى و ئەمنى درووست و پتەو بونیادى بنێین.
- پێویستە دەستەبژێرى سیاسیى و گەلى عێراق ئیرادەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و نیشتیمانییان هەبێت بۆ بونیادنانەوەى ئەو وڵاتەى لە ڕابردوو و لە ئێستادا بە دەست ئاڵنگارى و گرفتى ئابوورى و ئەمنى و سیاسى و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنێت، هەروەها پێویستە عێراق خاڵى هاوبەشى سەرجەم هەنگاو و دەستپێشخەرییەکان بێت.
لە کۆتاییدا، پێویستە درک بەوە بکەین کە دەوڵەتى عێراق تواناى خێرا ئیدارەدانى کاروبارەکانى لە دەست دەدات و بەرەو واقیعى نەمانى دەوڵەت هەنگاو دەنێت، بەبێ داڕشتنى پڕۆژەیەکى نیشتیمانیى نوێش کە چارەسەرى کێشەکە بکات و گرێکوێرەکانى بکاتەوە و لەسەر بناغەى نوێ بونیادى بنێتەوە، ناتوانین ئەوەى لە دەست دەچێت بیگێڕینەوە. بەشێک لەو گرێکوێرانەش ڕاستەقینەن و بەشێکى دیکەشیان درووست کراون، بۆیە سەرەتا پێویستمان بەوەیە قەیرانە درووست کراوەکان نەهێڵین تاوەکو پێکەوە دەست بە چارەسەرە گرنگەکان بکەین.
بە لاى هەندێکەوە، ئەو خاڵانەى سەرەوە وەک خەون دێتە بەرچاو، بەڵام من دەڵێم خەون پێشەکییەکى پێویستە بۆ بونیادنان، ئەوە خەونە مرۆڤ لە بوونەوەرەکانى دیکە جیا دەکاتەوە و بەخششێکى خودایە بۆ گۆڕینى واقیع بەرەو باشتر. ڕەنگە ئەو خەونە کاتێکى زۆرمان لێ ببات، بەڵام بەدیهێنانى ئەستەم نییە و پێویستە دەستى بدەینێ و بیگۆڕین بۆ واقیع، گەر بۆ خۆشمان نەبێت ئەوا بۆ نەوەکانمان.
لەمیانى کارکردنم وەک بەرپرسێک لە دەوڵەتى عێراقیدا، هەستم بە لاوازیى متمانەى نێوان بەرپرسى پێکهاتە جیاوازەکان کردووە، ئەمە لە کاتێکدا دەبوو خزمەتکردنى ئاڵا بەس بێت وەک پێشەکییەک بۆ درووستکردنى متمانە و کارکردنى پێکەوەیى بەرەو بونیادنانى وڵات. بەڵێ بە دڵنیاییەوە پێویستمان بەوەیە لەسەر بنەماى دەستوورى و تەشریعى و جێبەجێکردنى درووست پەیوەندیى نێوان پێکهاتەکانى کۆمەڵگا بە یاسا ڕێک بخەین، بۆ ئەوەشى ئەو کارە سەرکەوتوو بێت، لەپێشدا پێویستمان بە دیاریکردنى بنەماکان و دۆزینەوەى پێداویستییە گرنگەکانى پڕۆژەى بونیادنانەوەى عێراقى ئاییندە هەیە.
ئەوەى لەسەرەوە هەوڵم داوە نیشانى بدەم، دەکرێت ناوى پەیماننامە یاخود ڕەشنووسى دەستوور یان گرێبەستى کۆمەڵایەتى یان خەونى زۆربەى ئەو عێراقییانەى لێ بنرێت کە دەیانەوێت بە چاوى خۆیان بیبینن، یاخود دەکرێت بە نەخشەڕێگایەکى سیاسیى نوێ ناوزەند بکرێت، بەو پێیەى هەموو ئەو ناوانە دەچنە خانەى بەهێزکردنى هاووڵاتیبوون و دەرخستنى ڕووکارەکانى گرێبەستێکى درووستەوە لە نێوان هاووڵاتى و دەوڵەتدا.
گرنگ ناو نییە، بەڵکو سەرەنجام هەموو پەیامە خودایى و مرۆییەکان بە خەون دەستیان پێ کردووە و دواتر بە یارمەتیى ڕۆڵەکانى کراون بە واقیع، دەبا لە ئاست بەرپرسیارێتى و چارەنووس و ئەو ڕۆڵە مێژووییەدا بین کە لەسەر شانمانە، بەو پێیەى گەڕان بە دواى چارەسەر و ڕێککەوتن لەسەر بنەماى چەسپاندنى پێکەوەژیانى سیاسى و پێشنیازکردنى بەرنامەى سیاسى بۆ نزیکخستنەوەمان لە خەونەکانمان، کلیلى سەرجەم دەرگا داخراوەکانى عێراقە لەمڕۆدا، هەروەها هەنگاوى یەکەمە بۆ هەر جووڵەیەک بە ئاڕاستەى بونیادنانى بناغەیەکى پتەو و بەهێز و ڕەگداکوتراوى قووڵ بۆ عێراقێکى یەکگرتووى وەها کە سەرجەم لایەن و پێکهاتەکان لە خۆ بگرێت بە ڕەنگە جیاوازەکانییەوە. کەواتە ئەوەى لەسەرمانە تەنیا کارکردنە لە پاش پشتبەستن بە خوداى درووستکەر و میهرەبان.
تێبینی: ئەم بابەتە لە لایەن نووسەرەوە بۆ ״ئاژانس״ نێردراوە و لە ڕۆژنامەی سەباحیش بڵاو بووەتەوە.