نەسریەی پەرلەمانی کردووە بە چارەک
ئاژانس – سەرچین ساڵح
٥٠ ملیار دینار نەسریەی ساڵانەی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە حکومەت ٢٥%ی ئەو پارەیەی هێشتووەتەوە، پەرلەمانتاران دەڵێن کەمکردنەوەی نەسریەکەیان کاریگەریی نەرێنی هەبووە، ئەوە جگە لەوەی هاوکاریی کەسوکاری شەهید و بریندارانی شەڕی داعشی وەستاندووە کە پێشتر پەرلەمان بە بڕیارێک لە نەسریەی خۆی دەیدا.
پەرلەمانی کوردستان کە گەورەترین دامەزراوەی یاسایی هەرێمی کوردستانە، ساڵانە زیاتر لە ٥٠ ملیار دیناری لە لایەن حکومەتەوە وەک نەسریەی مانگانە پێ دەدرا، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە ئێستا ئەو پارەیە ٢٥% ماوەتەوە و دەدرێت بە پەرلەمان و وەک پەرلەمانتارانیش ئاشکرای دەکەن، بەو هۆیەوە کاری لیژنە و چالاکییەکانی پەرلەمان سست بوون.
هیوا نەسرەدین، بەڕێوەبەری دیوانی پەرلەمانی كوردستان بە وەكالەت بە ״ئاژانس״ی وت: ״نەسریەی پەرلەمان كەم كراوەتەوە بۆ %25، ئەمەش بەشی پێداویستییەكانی پەرلەمان و نووسینگەكانی ناكات.״
ناوبراو وتیشی: ״پێشتر ساڵانە پەرلەمان بودجەیەكی تایبەت بە خۆی هەبوو لە یاسای بودجەی ساڵانەی هەرێم، كۆتابودجە كە ساڵی 2013 پەسەند كرا زیاتر لە 50 ملیار دینار بوو.״
سەرجەم سەرۆکایەتییەکانی هەرێم، نەسریەی ساڵانەیان لە بودجەی ساڵانەدا بۆ دیاری کراوە، بە وتەی ئابووریناسانیش نەسریەی سەرۆکایەتییەکان زیانی گەورەی بە بودجەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە پەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، نەسریەی پەرلەمان تەنیا بەشی بەڕێوەبردنی ماوە، كاریگەریی كردووەتە سەر كاروچالاكییەكانی پەرلەمان و كاری لیژنەكانی تا ڕادەیەك پەك خستووە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوكاریی كەسوكاری شەهیدانی نەهێشتووە.
پەرلەمانی کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ پەک خرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ و تا مانگی ٩ی ساڵی ٢٠١٧ کارا نەکرایەوە.
ماوەتی وتیشی: ״نەسریە نادرێت بە ئەندامانی پەرلەمان، بەڵام خەرجییە ڕەسمییەكانی پەرلەمانتاران لەسەر ئەو نەسریەیە بووە، ئەوەی هەیە لە %25ی ئەو نەسریەیە ماوە کە پێشتر دەدرا بە پەرلەمان و تەنیا بەشی چا و ئاوی پەرلەمان و نووسینگەكانە.״
پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی شەڕی داعشدا ڕایگەیاند، بۆ هەر پێشمەرگەیەک کە بریندار دەبێت بڕی دوو ملیۆن دینار دەدەن، بەڵام بە هۆی کەمکردنەوەی نەسریەکەیان ئەو هاوکارییە بۆ پێشمەرگەکان نەماوە.
قارەمان قادر، سەرۆكی لیژنەی كاروباری پەرلەمان بۆ ״ئاژانس״ی وتی: ״پەرلەمانی كوردستان بە پێی یاسا ساڵانە لە بودجەی پەسەندكراو بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخان دەكرێت بۆ مووچە و تەواوی کارەکانی تری پەرلەمان.״
بە پێی زانیارییەکانی بەردەست ״ئاژانس״ پەرلەمانی کوردستان ناوبەناو پاداشتی پەرلەمانتار و ڕاوێژکارانی کردووە و خەرجیی سەفەر و چارەسەری نەخۆشیی شەخسیی پەرلەمانتارانی کردووە.
قارەمان قادر وتیشی: ״لە دوای قەیرانی داراییەوە و بەتایبەت دوای پەكخستنی پەرلەمان ئەو نەسریە كەمی كردووە، بە شێوەیەك كە ناتوانرێت هیچ چالاكییەكی پێ بكرێت، بەڵام نازانین لە ئێستادا نەسریەی پەرلەمان چەندە.״