حەشد لەناو خۆیاندا دابەش بوون
ئاژانس
پێ دەچێت قووڵیی ناكۆكییە سیاسییەكانی عێراق ئەوەندەی ئەو ناكۆكییە مەترسیدار نەبێت كە بە نهێنی لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبیدایە و دابەشی كردوون بۆ سەر دوو بەرەی نەیار كە ئەگەری تەقینەوەی زۆرە.
ئێستا ململانێ لەنێو حەشدی شەعبیدا لەسەر ئەوە نییە كێ زیاتر شەڕی لە دژی تیرۆر كردووە یان دەیكات بەڵكو كێبڕكێ لەسەر ئەوەیە كە كام گرووپیان سەر بە كێیە.
گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەی نزیك لە عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەی عێراق كە بە فەتوای ئەو لە ساڵی 2014 حەشدی شەعبی پێك هێنرا و ئێستاش فرقەی عەباس بە سەرۆكایەتیی مەیسەم زەیدی زۆرترین نوێنەرایەتی دەكات.
گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی كە سەر بە مەرجەعی عێراقین چەندین جار گازندەی ئەوەیان كردووە كە لە لایەن گرووپە ڕكابەرەكەیانەوە نانبڕاو كراون یان مووچەیان پێ نادرێت كە سەر بە ئێرانن.
ئەو ناكۆكییە وێنەی ڕاستەقینەی ڕكابەرییەكە لە نێوان ئەبوو مەهدی موهەندیس سەركردە لە دەستەی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران و گرووپەكانی تری سەر بە سیستانی هەیە.
گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی كە نزیكن لە ئێرانەوە بریتین لە عەسائیب ئەهلولهەق، نوجەبا، حزبوڵڵا، كەتائیبی سەیدولشوهەدا، سەرایای خۆراسانی، ڕێكخراوی بەدر، كەتائیبی ڕسالی.
لە بەرانبەریشدا گرووپەكانی سەرایا سەلام، سەرایا عەتەبات، فیرقەی عەلی ئەكبەر، فیرقەی عەباس كە سەر بە مەرجەعی عێراقن، مل بۆ بڕیارەكانی دەستەی حەشدی شەعبی نادەن كە زۆربەی سەركردەكانی نزیكن لە ئێرانەوە.
ئەوە جگە لەوەی بەشێك لە گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی سەر بە حزبەكانن، لەوانە سەرایا جیهاد و بینا، سەرایای عاشوورا و ئەنسارولعەقیدە كە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامین، كەتائیبی جوندولئیسلام، كەتائیبی غەزەب، كە سەر بە حزبی دەعوەن.
ئەوەی بەم دواییە گۆمی ناكۆكییەكانی شڵەقاند ئەوە بوو كە ئەبوو مەهدی موهەندیس بڕیارێكی دەركرد بۆ ئەوەی هێزی عەباس هەموو جۆرە پەیوەندییەكی لەگەڵ مەرجەعی شیعەكانی عێراق بپچڕێنێت و لە بەرانبەریشدا مەیسەم زیدی هێرشی توندی كردە سەر ئەبوو مەهدی موهەندیس و تۆمەتباری كرد بەوەی سەر بە ئێرانە.
موعین كازمی سەركردە لە دەستەی حەشدی شەعبی بە «ئاژانس»ی وت: «جیاوازی لە بیروبۆچوونی بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی هەیه، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوە و هەموویان گوێڕایەڵی بڕیارەكانی دەستەی حەشدی شەعبین».
چیرۆكی ئەم ناكۆكییانە مێژووی كۆنی هەیە، لە تەمووزی 2016دا حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی دا سەبارەت بە بڕینی مووچەی بەشێك لە گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی كە سەر بە مەرجەعی عێراقین لە لایەن ئەبوو مەهدی موهەندیسەوە.
سەركردەیەك لە لیوای عەباسیی حەشدی شەعبی كە لەبەر هەستیاریی دۆسیەكە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە «ئاژانس»ی وت: «دەستەی حەشدی شەعبی مووچەی لە بەشێك لە هێزەكانمان بڕیوە بۆ ئەوەی بیداتە ئەو چەكدارە شیعانەی عێراق كە لە سوریان و ئەو گوێڕایەڵییەی بەشێك لە سەركردەكانی دەستەی حەشدی شەعبییش بۆ ئێران مەرجەعییەتی عێراقی تووڕە كردووە».
وتیشی: «كێشەكان لەوەوە گەورە بوون كاتێك عەبادی فەوجێكی هێزی عەباسیی خستە نێو سوپای عێراقەوە و ئەوەش گرووپەكانی حەشدی شەعبیی نزیك لە ئێرانی تووڕە كرد».