ڕیچ سمس وه‌رگێڕانی: پشتیوان فه‌ره‌ج
پێشمه‌رگه‌ى كوردستان تاكهسوپایه كه له كوردستانى عێراقدایه و به ناوى ״دۆستى ته‌نگانه״ و ״جه‌نگاوه‌رى بوێر و قاره‌مان״ ناسراون، له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دواییدا له ناوه‌ند و ده‌زگا و میدیاكانى جیهاندا به تایبه‌تى له شه‌ڕى هاوپه‌یمانان له دژى ده‌وڵه‌تى به‌ناو ئیسلامیى داعش پێشمه‌رگه بوو به هێزێكى ناسراوى ئازا و قوربانیده‌ر كه سوپاى ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانان به شێوه‌یه‌كى زۆر پێیان سه‌رسام بوون. هه‌ندێك له پسپۆڕان و شاره‌زایانى سه‌ربازی پێشمه‌رگه وه‌ها پێناسه ده‌كه‌ن كه ״به‌هێزترین و قاره‌مانترین هاوپه‌یمانى ڕۆژئاوان له شه‌ڕى دژ به داعش له عێراقدا״. هه‌روه‌ها وته‌یه‌كى تریش هه‌یه ده‌ڵێت كاتێك كه شه‌ڕ گه‌رم بوو بازاڕى چهككڕینیش گه‌رموگوڕتر ده‌بێت.
ئه‌م جاره‌یان هێزى پێشمه‌رگه له پنتاگۆن چه‌ك ده‌كڕێت.
ئایا كوردستان و پێشمه‌رگه بایی چه‌ند چه‌كیان له پنتاگۆن كڕیوه؟
هه‌فته‌ى پێشوو، به شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕواننه‌كراو، ئاژانسى ئه‌من و ئاسایشى هاریكاریى پنتاگۆن ناسراو به (دى ئێس سى ئه‌ى) كۆنگرێسى ئهمەریكاى ئاگادار كرده‌وه له كڕینى چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازى به بڕى 295.6 ملیۆن دۆلار له لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه له عێراق. له كاتێكدا هێشتا ده‌بێـت پێشمه‌رگه چاوه‌ڕوانى مۆڵه‌تى كۆنگرێسى ئه‌مەریكا بكات بۆ كڕینى ئه‌و چه‌كانه به‌و بڕه پاره‌یه.
پێشووتر فرۆشتنى چه‌ك و پێداویستیى سه‌ربازى به بكه‌ره نادهوڵهتییهكانى وه‌ك كوردستان له لایه‌ن كۆنگرێس و دى ئێس سى ئه‌یه‌وه هه‌رگیز ڕه‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه. هه‌ركاتێك دى ئێس سى ئه‌ى كۆنگرێسى ئاگادار كردبێته‌وه له فرۆشتنى چه‌ك به گرووپ و بكه‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان كۆنگرێس لاریى نه‌بووه و ڕه‌زامه‌ندیى نیشان داوه.
ئه‌مه‌ش خۆشبه‌ختانه له به‌رژه‌وه‌ندیى هێزى پێشمه‌رگه و كوردستانه كه له ئێستادا چاوه‌ڕێى كڕین و مامه‌ڵه‌كردنن به بڕى 300 ملیۆن دۆلار. له‌وانه‌یه پرسیار هه‌بێت ئایا هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به نیازى كڕینى چ جۆره چه‌كێك و به چ بڕێك به ته‌مان چه‌ك له پنتاگۆن بكڕن. ئه‌مه له‌وانه‌یه پرسیارى زۆر كه‌س و لایه‌ن و وڵاتان بێت. له ئێستادا كوردستان لیستێكى دوورودرێژى بازاڕكردنى بۆ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه ئاماده كردووه و نموونه‌ى ئه‌م چه‌كانه‌ش بریتین له:
4,400 چه‌كى ئۆتۆماتیكى ئێم 16 ئه‌ى 4
186 چه‌كى سوكى ئێم 240 بى
46 چه‌كى قورسى كالیبه‌ر له جۆرى ئێم 2 50
36 هاوه‌نى ئێم 1 19 ئه‌ى 2 هاویتزهز
36 هامه‌رى ئێم 11 51 ئێج ئیم ئیم دهبلیز ڤى ئێس
77 هامه‌رى درعى جۆرى ئێم 1151
ژماره‌یه‌كى دیارینهكراوى ئۆتۆمبیلى درعى دژى بۆمبى جۆرى ئێم ئار ئه‌ى پى ئێس، چه‌ندین جۆر ئۆتۆمبیلى سه‌ربازیى سووك و ناوه‌ندى تاكتیكیى سه‌ربازى و لۆریى سه‌ربازى و ئه‌مبوڵانس و ئۆتۆمبیلى فریاكه‌وتن.
چه‌ندین ته‌ن خوده‌ى سه‌ربازى و ڕادیۆ و هاوه‌ن و چه‌كى بچووك و هێلهكى گولله‌نه‌بڕ.
كێ سوودمه‌نده له‌م بازرگانییه؟
وه‌ك ده‌یبینن، ئه‌وه لیستێكى باشى چهككڕینه و دابینكردنى ئه‌و چه‌ك و پێداویستییه سه‌ربازییانه له لایه‌ن چه‌ندین لایه‌نى جیاوازه‌وه ده‌بێت. دى ئێس سى ئه‌ى ناوى هیچ یه‌كێك له‌و كۆمپانیایانه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه كه بڕیاڕ وایه گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كوردستاندا ئیمزا بكه‌ن. به‌ڵام دواتر ناوى چه‌ند كۆمپانیایه‌كى ئاشكرا كرد كه بڕیار وایه چه‌ك به پێشمه‌رگه بفرۆشن و له‌وانه‌ش: كۆمپانیاى ئه‌هلى تایبه‌ت ئه‌م ئێم جه‌نه‌ڕاڵ- تاكه كۆمپانیاى دابینكردنى هامه‌رى سه‌ربازى.
كۆمپانیاى تایبه‌تى كۆڵت كۆڕپۆرهیشن- له‌م دواییه‌دا ئه‌م كۆمپانیایه ئیفلاسى كردبوو و له ئێستادا ده‌ستى كردووه به درووستكردنى تفه‌نگ.
ئۆشكۆش (ئێن واى ئێس ئى:ئۆ ئێس كه‌ى) كه لۆرى و ئۆتۆمبیلى سه‌ربازیى ئێم ئاڕ ئه‌ى پى دابین ده‌كات.
كۆمپانیاى ناڤیستار (ئێن واى ئێس ئى: ناڤ) به هه‌مان شێوه ئۆتۆمبیل و لۆریى سه‌ربازى درووست ده‌كات.
كۆمپانیاى هاریس كۆرپ (ئێن واى ئێس ئى: ئێج ئاڕ ئێس- ڕادیۆى سه‌ربازى دابین ده‌كات.
كێ پاره‌كه دابین ده‌كات؟
وه‌ك له تێبینییه‌كانى ئاژانسى دى ئێس سى ئه‌یدا هاتووه حكوومه‌تى كۆماریى عێراقى كڕیاڕى ئه‌م چه‌كانه ده‌بێـت و پاره‌كه‌ى ده‌دات به‌ڵام هه‌موو چه‌كه‌كان بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له عێراق ده‌بێت. ئه‌م چه‌كانه به پاره‌ى حكوومه‌تى عێراقى ده‌كڕدرێت، به‌ڵام چه‌كه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه كه دوو به‌تالیۆنى پێشمه‌رگه‌ى پێ پڕچه‌ك بكرێت. هه‌روه‌ها دوو به‌تالیۆنى تر كه وه‌ك پاڵپشتى و یه‌ده‌گى ئه‌و دوو به‌تالیۆنه ده‌بن. هه‌موو ئه‌م چه‌كانه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه كه پێشمه‌رگه بتوانێت ده‌وڵه‌تى به‌ناو ئیسلامیى داعش تێك بشكێنن.
ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره كه ئاژانسى ئه‌من و ئاسایشى دى ئێس سى ئه‌ى كۆنگرێس له مامه‌ڵه‌یه‌كى وه‌ها و له‌م چه‌شنه ئاگادار بكاته‌وه و یه‌كه‌مین جاره له مێژوودا كه حكوومه‌تى عێراقى چه‌ك بكڕێت و چه‌كه‌كه بۆ خۆى نه‌بێت، به‌ڵكو بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ببێت. ئه‌مه یه‌كه‌مین جاره به‌ڵام دوایه‌مین جار نابێت و پێ ده‌چێت ئه‌م مامه‌ڵه و بازرگانیكردنه به چه‌ك له نێوان ئه‌مەریكا و هێزى پێشمه‌رگه‌دا به‌رده‌وام بێت.
بهتالیۆنهكانى هێزه پیادهكانى كورد ژماره‌یان 5000 جه‌نگاوه‌ره. له ئێستادا به‌رنامه هه‌یه كه دوو به‌تالیۆن پڕچه‌ك بكرێت له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌كى تر وه‌ك هێزێكى تۆپخانه‌ى تایبه‌ت. ئه‌مه ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت كه هێزى پێشمه‌رگه پێویستى به 12000 تفه‌نگه ئه‌مه جگه له چه‌ندین كه‌لوپه‌لی تر‌ى سه‌ربازى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت هێزى پێشمه‌رگه به ته‌واوى پڕچه‌ك بكرێن وه‌ك له ئاگاداركردنهوهكى ئاژانسى دى ئێس سى ئه‌یدا بۆ پنتاگۆن هاتووه. به‌ڵام له لیستى بازاڕكردنى ئه‌م جاره‌ى پێشمه‌رگه‌دا ته‌نیا بڕى 4400 چه‌كى ئێم 16ى جۆرى ئێس دیارى كراوه.
ئه‌نجامه‌كه ئه‌وه‌یه كه پێویسته جارێكى تر كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پنتاگۆن و لیستێكى تر‌ى كڕینى چه‌ك ئاماده بكه‌ن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بیهێنن بۆ پنتاگۆن. هه‌تا شه‌ڕى دژى داعش درێژه بخایه‌نێت پنتاگۆن زیاتر چه‌ك به هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و كورد و كوردستان ده‌فرۆشێت. هه‌تا ئه‌م شه‌ڕه دێژه بخایه‌نێت، كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانى چه‌ك له ئه‌مەریكا چه‌كى زیاتر به كوردستان ده‌فرۆشن. نه‌ك ته‌نیا به كورد یان به پێشمه‌رگه به‌ڵكو چه‌كی زیاتریش به عێراق ده‌فرۆشن.
وه‌ك له داتاى زانیارییه‌كاندا هاتووه له ساڵى 2011 بۆ 2015دا كۆمپانیاكانى چه‌كى ئه‌مەریكا به بڕى 8.8 ملیار دۆلار چه‌كیان به عێراق فرۆشتووه و به پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه ناوه‌نده‌كه‌مان له‌به‌ر ده‌ستیدایه تا دێت بازرگانیكردن به چه‌ك و پێداویستیى سه‌ربازییه‌وه ڕوو له هه‌ڵكشاندایه له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا.
تێبینی: نووسه‌رى ئه‌م بابه‌ته ناوى ڕیچ سمسه و به هیچ جۆرێك پشكى له فرۆشتنى ئه‌م چه‌كانه‌دا نییه.
سه‌رچاوه: nwitimes