سازدانی: سەلام هانەدنی
بۆكان حەسەن، گەنجێكی كوردە و شێوەزاری سۆرانیی بۆ پێگەی وەرگێڕانی گووگڵ زیاد دەكات، بە شەش ساڵ كاركردنی بەردەوام زیاتر لە 110 هەزار وشە و ڕستەی داناوە، بۆیە داوا دەكات هاونیشتیمانیان ڕۆژانە كیبۆردی كوردی بە كار بهێنن و وەرگێڕان بكەن تاوەكو كۆمپانیای گووگڵ زمانی كوردی بە یەكجاری جێگیر بكات. بۆكان تەمەن 29 ساڵە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، ساڵی 2014 بەشی زمانی ئینگلیزیی زانكۆ سلێمانی تەواو كردووە، لە ئێستادا بۆ بژێویی ژیانی لە كۆمپانیایەك كار دەكات، دوای كاركردن بەردەوام سەرقاڵی وەرگێڕان بووە لە گووگڵدا، بۆكان لەم دیدارەدا زانیاریی زیاتر دەخاتە ڕوو.
ئاژانس: ماوەی چەندە سەرقاڵی ئەم كار و پڕۆژەیەیت لەگەڵ كۆمپانیای گووگڵ؟
بۆكان حەسەن: لە ساڵی 2014ـەوە دەستم كردووە بە وەرگێڕان لە پێگەی وەرگێڕانی گووگڵ، لەم چەند ساڵەدا بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ كۆمپانای گووگڵ هەبووە، ڕۆژانە دەیان وشە و ڕستەم وەرگێڕان كردووە، كە گووگڵ خۆی ئەو وشە و ڕستانەت پێ دەدات بە ئینگلیزی و منیش وەرگێڕانم كردووە بۆ كوردیی ناوەندی (سۆرانی)، لە 18ی مانگی ڕابردوو كومپانیای گووگڵ 5 زمانی بۆ پێگەی وەرگێڕان زیاد كرد، هەرچەندە كوردیی ناوەندی تیادا نەبوو بە شێوەی جیا، بەڵام لەبری كوردی بنووسرێت لە ڕیزی زمانەكان (Uyghur) نووسراوە، بۆیە دەتوانین بۆ وەرگێڕانی سۆرانی ئەو زمانە هەڵبژێرین، ئەو كاتە لە سۆرانییەوە وەرگێڕان بۆ 103 زمانی جیهانی دەكەیت.
ئاژانس: بۆچی زمانی كوردیی سۆرانی دانەنراوە و لە جیاتی (Uyghur) دانراوە؟
بۆكان حەسەن: هێشتا نازانین هۆكار چییە، ئایا كێشەی تەكنیكییە یان گووگڵ خۆی لەو زمانەدا كوردیی داناوە، تاكو وەك تاقیكردنەوە بە كار بهێنرێت، بزانرێت بەكارهێنەرانی كیبۆردی كوردی تا چ ئاستێكە، بۆیە داواكارم هەموو كەس ڕۆژانە چەند وشەیەك وەرگێڕان بكات بۆ ئەوەی زۆرترین بەكارهێنەری هەبێت و بە یەكجاریش جێگیر بكرێت و وەك زمانی سەربەخۆ دابنرێت، بەڵام پێشتر شێوەزاری كرمانجی لە لایەن كوردانی باكووری كوردستانەوە هەوڵی بۆ دراوە و لە پێگەی وەرگێڕان جێگیر كراوە و پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاژانس: تا ئێستا چەند هەزار وشەی شێوەزاری سۆرانی لە گووگڵدا هەیە و دەتوانرێت بۆ چەند زمان وەرگێڕانی بۆ بگرێت؟
بۆكان حەسەن: لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا زیاتر لە 110 هەزار وشە و ڕستەم وەرگێڕاوە، ئێستاش دەتوانرێت وشە و ڕستەی كوردی بۆ 103 زمانی جیهانی وەربگێڕیت، بەو هۆیەشەوە كۆمپانیای گووگڵ بانگهێشتیان كردووم بۆ ئەوەی بەشدار بم لە كۆنفرانسێكدا، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سەفەرەكەم فەشەلی هێنا.
هەروەها كۆمپانیای گووگڵ لە ساڵی 2006دا بۆ یەكەم جار بەشی وەرگێڕانیان بۆ سایتی گووگڵ زیاد كرد، تا ئێستاش 103 زمانی جیهانیی تیادایە، دەتوانرێت بۆ مەبەستی وەرگێڕان سودیان لێ وەربگیرێت، هەروەها نزیكەی 30 زمانی تریش پێشكەوتنی زیاتریان بەخۆیانەوە بینیوە و وەرگێڕانەكەیان بووەتە دەنگ.
ئاژانس: پەیوەندیتان لەگەڵ گووگڵ چۆنە؟
بۆكان حەسەن: بەردەوام لە پەیوەندیدام، پێشتریش لە لایەن كۆمپانیای گووگڵەوە وەك یەكێك لە بەكارهێنەرە بەردەوامەكانی خەڵاتی پێ بەخشیم، بۆیە دەمەوێت پەرە بە كارەكە بدەم لە گووگڵ لە داهاتوودا، ئەو ڕستانەش كە بە چەند جۆرێك قسەیان پێ دەكرێت لەناو كورددا دایان دەنێم، بۆ نموونە (وەرە لام، وەرە كنم.)