وتەبێژی عەبادی: وردبینی لە مووچەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمدا دەكەین
ئاژانس – حەسەن شەنون
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە نیازە لەبری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە مووچەی فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانە بنێرێت كە وردبینی لە مووچەكانیاندا دەكرێت و وتەبێژی حكومەتی عێراقیش ئاشكرای دەكات لیژنەكانیان وردبینی لە كارمەند و فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشدا دەكەن.
دوێنێ سێشەممە 6ی ئازار، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند كە بەر لە جەژنی نەورۆز مووچەی وەزارتەكانی تەندروستی و پەروەردەی هەرێم ڕەوانە دەكەن و وتیشی: ״وردبینی لە لیستی مووچهخۆرانی هەرێم بەردوامە و ناوێكی زۆرمان لابردووە و فەرمانبەرانی هەرێمیش پەڕگیر كرابوون و سیستمی مووچەیان جیاوازە لە عێراق״.
وتیشی: ״پشتیوان بە خوا بەر لە نەورۆز فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەكرێنەوە و هەرێم قایل بووە كە ڕادەستیان بكاتەوە بە حكومەتی ناوەندی״.
ئەوەی تا ئێستا كێشەیە لە نێوان هەرێم و ناوەند چۆنێتی ڕەوانەكردنی مووچەكان و دابەشكردنێتی بە تایبەت كە پێشتر مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێم لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتی ناوەندەوە نێردراوه.
عەلی عەلاق سەرکردە لە حزبی دەعوە و نزیک لە عەبادی بە ״ئاژانس״ی وت: ״لێدوانەکەی عەبادی بۆ دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێم بوو، مووچەش بە هەمان میکانیزمی ناردنی مووچەی بەنداوەکان بۆ هەرێم دەنێرێت״.
هاوکات ڕەحیم دەراجی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״عەبادی لە ڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە ئەو مووچەیە دەگەیهنێتە فەرمانبەرانی هەرێم״.
لە لایەکی ترەوە سەعد حەدیسی، وتەبێژی حكومەتی عێراقی بە ״ئاژانس״ی وت: ״لیژنەی وردبینیی نوێمان پێك هێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە فەرمانبەر و كارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرۆكایەتیی هەرێم كە نوێنەری دیوانی چاودێریی دارایی و ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیان لەگەڵدایە״.
وتیشی: ״سێ گرووپی حكومەتی ناوەندی وردبینی لە مووچەخۆرانی هەرێم دەكەن كە یەكێكیان تایبەتە بە وردبینیكردن لە كارمەند و فەرمانبەرانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرۆكایەتیی هەرێم״.