ئاژانس
بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەوتیی سلێمانی، بەغدا لە ڕێگەی باڵیۆزەكەیەوە لە عێراق هۆشداری داوەتە توركیا و ئەگەرنا لە بەرانبەردا گەشتی یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی توركیا بۆ عێراق وەك كاردانەوەیەك قەدەغە دەكرێت.
بێستوون عادل زەنگەنە، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە پەرلەمانی عێراق، بە “ئاژانس”ی وت: “لەم هەفتەیەدا لەگەڵ وەزیری گواستنەوەی عێراق لەسەر ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانیی توركیا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی گفتوگۆمان كرد، ئەویش لەگەڵ باڵیۆزی توركیا گفتوگۆی كردووە و پێی ڕاگەیاندووە كە داخستنی فڕۆكەخانەی سلێمانی بابەتێكی سیاسی نییە و سزادانی خەڵكی ئەو شارەیە.”
بێستوون عادل زەنگەنە وتیشی: “وەزیری گواستنەوەی عێراق بە بە باڵیۆزی توركیای وتووە ئەگەر كێشەی فڕۆكەخانەی سلێمانی چارەسەر نەكرێت، عێراق لە بەرامبەر ئەوەدا ڕێگر دەبێت لە نیشتنەوەی فڕۆكەی یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی توركیا.”
وتیشی: “لە ئێستادا حكومەتی ناوەندی چاوەڕێی وەڵامی باڵیۆزی توركیایه.”