ئاژانس
لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیانی شارەکانی هەرێم بە گشتی روویان لە بەنزینخانەکان کرد لە مەترسی نەمانی سوتەمەنیدا، بەڵام بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنی سلێمانی سەرجەم هاوڵاتیانی ئاگادار کردەوە.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری دابەشکردنی سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند ” بەهیچ شێوەیەک بەنزین لە بەنزینخانەکاندا کەمنەبووەتەوە و رەوشەکەش بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات”.
شەوی رابردوو لەگەڵ نزیکبونەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، هاوڵاتیانی شارەکانی هەرێم و بەتایبەتی سلێمانی، روویان لە بەنزینخانەکان کرد و بەوەش قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەرجەم بەنزینخانەکاندا روویدا.
محەمەد حەسیب هەروەها راشیگەیاند ” هیچ کێشەیەکی سوتەمەنیمان نیە و هاتنی بەنزین ئاساییە و نرخەکەشی بەرزنەبووەتەوە و وەک پێشترە”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئێستادا رەوشەکە ئاساییە و وەک رۆژانی رابردوو هاوڵاتیان سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و قەرەباڵغی لە بەنزینخانەکاندا نەماوە.
راشیگەیاند ” لە ئەگەری حاڵەتێکی لەو جۆرەدا، ئەوا پاڵاوگەی بازیانمان لەبەردەستدایە کە دەتوانێت بڕێکی باشی سوتەمەنی دابینبکات وپێویستی رۆژانە پڕبکەینەوە”.