هاوكارییە مرۆییەکانیش گومرگ دەکرێن
ئاژانس – ئادار جەزا
پارتی دیموکراتی کوردستان دەروازەی سێمێلکای بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخستووە، کە تاکە دەروازەی سنووریی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوایە، لەو دەروازەیە تەنانەت هاوکارییە مرۆییەکانیش گومرگ دەکرێن، لە کاتێکدا ماوەی ٢٠ ڕۆژە تورکیا هێرشی بۆ سەر عەفرین دەست پێ کردووە و ئەوانیش داوای هاوکاری دەکەن.
ناکۆکیی پارتی لەگەڵ پارتی یەکێتیی دیموکرات ״پەیەدە״ کە حزبی دەسەڵاتداری ڕۆژئاوای کوردستانە وای کردووە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرجار دەروازەی سێمێلکا بە ڕووی ڕۆژئاوادا دابخات و لە ئێستاشدا کە عەفرین هێرشی تورکیای لە سەرە ئەو دەروازەیە داخراوەتەوە و بەو هۆیەشەوە داوای هاوکاری دەکەن، لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش ناڕەزایەتیی بەرامبەر داخستنی ئەو سنوورە و نەکردنەوەی لە ئێستادا درووست بووە.
جاویدان كەمال، بەرپرسی نووسینگەی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە كوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، تاکە دەروازەی ڕۆژئاوا و عەفرین سێمێلکایە و زۆرجار بە ڕووی ڕۆژئاوادا داخراوە و ئێستاش بەداخەوە پارتی سنوورەکەی داخستووەتەوە.
وتیشی: ״ئەو کاتانەی دەروازەکەش کراوەیە سانسۆر لەسەر هەندێ شتومەک هەیە و ڕێگری لە هەموو جۆرە هاوکارییەک و ڕۆژنامەنووسان و وەفدە دیپلۆماسییەکان کراوە بۆ ڕۆژئاوا، تەنانەت گومرگی هاوکارییە مرۆییەکانیش دەکرێت.״
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بازگەی دێگەڵە ڕێگری لە كۆمەڵێك گەنجی نزیك لە پەكەكە كرا كە دەیانویست بگەنە دەروازەی سێمێلكا و لەوێشەوە بەرەو عەفرین بەڕێ بكەون و بە فیشەك سێ كەسیان لێ بریندار كرا.
جاویدان کەمال ڕاشیگەیاند: ״زۆر گرنگە ئەو دەروازەیە بە تەواوی بكرێتەوە، چونكە هێرش بۆ سەر عەفرین هەیە و پێویستیان بە دەرمانی پزیشكی و هاوكاری مرۆیی و پێداویستی هەیە.״
پەرلەمانی کوردستان ماوەکانی ڕابردوو دەربارەی عەفرین گفتوگۆی کرد و چەند ڕاسپاردەیەکی دەرکرد، یەکێک لەوانەش پرسی کردنەوەی دەروازەی سێمێلکا بوو.
سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە سنووری سێمێلکا ئاستەنگ لە بەردەم هاتوچۆ لەو دەروازەیە هەیە و وەک پێویست واڵا نییە، بە جۆرێک ڕێگری لە گەیاندنی هاوکاریی مرۆییش بۆ ڕۆژئاوا دەکرێت و گومرگ دەکرێن״.
ئاماژەی بەوەش دا، وەک پەرلەمانتاران بە ڕەسمی داوایان کردووە ئەو دەروازەیە واڵا بێت، بەڵام ئەو دەروازەیە پارتی دیموکراتی کوردستان لێی بەرپرسیارە و ئەو دایخستووە.
ناکۆکیی پارتی و پەیەدە دوای ئەوە هات کە پەیەدە ڕێگەی نەدا حزبەکانی ناو ئەنەکەسە و ئەو هێزەی سەر بە وانە بچنەوە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەوەش پارتیی نیگەران کردووە و دەروازەکانی بەسەردا داخستوون.
ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی پارتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״عەفرین و ڕۆژئاوا لە هەموو کات زیاتر ئێستا پێویستیان بە یارمەتیی هەرێمی کوردستانە.״
وتیشی: ״ئەگەر مەكتەبی سیاسیی پارتی و پەرلەمانی كوردستان بڕیاری كردنەوەی سنوورەكان بدەن، هیچ شتێك نابێتە ڕێگر لە بەردەم كردنەوەی سنوورەكان و هیچ لایەنێكیش پێشێلكاری بەرامبەر ئەو بڕیارەی پەرلەمان ناكات.״
ڕۆژئاوای کوردستان ماوەی سێ ساڵ شەڕی داعشی کرد و کانتۆنەکانی عەفرین، کۆبانێ و جزیرەی ڕاگەیاند.
پەرلەمانتارەکەی پارتی وتیشی: ״ئاگادار نیم لە دەروازەی سێمێلكا ڕێگری لە گەیاندنی هاوكاریی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان كرابێت یان گومرگ کرابێت، بەڵام ڕەنگە خراپلێکتێگەیشتن هەبێت و ڕێكاریان دانابێت بۆ ئەوەی سوودی خراپ لەو دەروازەیە وەرنەگیرێت.״