ئاژانس – سه‌رچین ساڵح
له ئێستادا له هه‌رێمى كوردستاندا تووشبووى نه‌خۆشی تاى خوێنبه‌ربوون هه‌یه، له كاتێكدا بنه‌بڕ كرابوو، به هۆى نه‌بوونى ده‌رمانێكه‌وه بۆ ششتنه‌وه‌ى ئه‌و ئاژەڵانهى هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كرێن سه‌رى هه‌ڵداوه‌ته‌وه، ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ش به زۆرى له شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراقه‌وه هاورده ده‌كرێن.
ڕۆژى 29ى مانگى ڕابردوو، نه‌خۆشخانه‌ى ئاشتیی سۆران به هۆى سه‌ردانیكردنى نه‌خۆشێكه‌وه داخرا، دوای ئه‌وه‌ى زانرا نه‌خۆشه‌كه تووشى نه‌خۆشییه‌كى مه‌ترسیدارى ده‌گمه‌ن بووه كه ئه‌ویش نه‌خۆشیى تاى خوێنبه‌ربوونه.
محه‌مه‌د ئیسماعیل 13 ساڵ دانیشتووى گوندى بیرۆكانى سنوورى ناحیه‌ى خه‌لیفانه، دوای ئه‌وه‌ى تووشى نه‌خۆشییه‌ك ده‌بێت سه‌ردانى نەخۆشخانه ده‌كات و پێی ده‌وترێت به زوویى فریاى خۆى بكه‌وێت، ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه گونده‌كه‌یان و له‌گه‌ڵ برایه‌كیدا ده‌چێته نه‌خۆشخانه‌ى سۆران و له‌وێوه ڕه‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى فێركاریى هه‌ولێر ده‌كرێت.
محه‌مه‌د چوار ڕۆژه له‌ژێر چاودێریى وردى ته‌ندرووستیدایه، به وته‌ى كه‌سوكاره‌كه‌ى هێشتا چاره‌سه‌رى بۆ نه‌كراوه، پێیان وتوون نه‌خۆشییه‌كه له ئاژه‌ڵه‌وه گواستراوه‌ته‌وه.
جه‌مال عومه‌ر ئامۆزاى نه‌خۆشه‌كه به «ئاژانس»ى وت: «ماڵ ئامۆزاكه‌م ده‌یانگوت بزنه‌كانمان نه‌خۆشن، به هۆى ئه‌وه‌ى ڤێته‌رنه‌رى سه‌ردانمان ناكه‌ن نه‌مانده‌زانى نه‌خۆشییه‌كه چییه، نه‌خۆشییه‌كه له ئه‌و جهڵهبانهوه تووشى بزنه‌كانمان بووه كه له پارێزگاكانى عێراقه‌وه دێن، به تایبه‌تى له كۆتایى وه‌رزى به‌هاردا قه‌سابه‌كان ده‌یانهێنن».
وتیشى: «هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا ته‌له‌فۆنم بۆ كرا وتیان محه‌مه‌د زۆر نه‌خۆشه، دوای ئه‌وه‌ى بردمانه دیانه ڕۆژى دوایى بردمانه سۆران و له‌وێشه‌وه گواستیانه‌وه بۆ هه‌ولێر، ئه‌وه چوار ڕۆژه له نه‌خۆشخانه‌یه، خوێن له ده‌م و له دامێنى دێت، ته‌نیا ئاویان بۆ هه‌ڵواسیوه و ناتوانێت نان بخوات، تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراوه«.
تووشبوون به ڤایرۆسی كریمیان كۆنگۆ به نه‌خۆشییه‌كی مه‌ترسیدار ناسراوه و نیشانه باوه‌كانی بریتیین له «تا، ئازاری ماسولكه، سه‌رئێشه، ڕشانه‌وه و سكچوون، خوێنبه‌ربوونی ناوپێست».
بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1940دا ئه‌م ڤایرۆسه دۆزرایه‌وه و یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون پێی تۆمار كرا، له ڕێگه‌ی مێروویهكهوه به ناوی (گه‌نه) ڤایرۆسه‌كه ده‌گاته‌وه مرۆڤ، یاخود له ڕێگه‌ی شله‌مه‌نیی مرۆڤێكی تووشبووه‌وه ده‌گوازرێته‌وه.
تا ئێستا ڤاكسینێك بۆ ڕێگرتن له تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه به‌رهه‌م نه‌هێنراوه، به‌ڵام نه‌خۆشییه‌كه ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بكرێت، ڕێژه‌ی مردن به هۆی ئه‌م ڤایرۆسه‌وه %10-40ه و له ساڵی 2013دا 50 كه‌یسی تووشبووی ئه‌م ڤایرۆسه له وڵاته‌كانی ئێران، ڕوسیا، توركیا و ئوزبەكستان تۆمار كراوه.
نه‌خۆشیى تای خوێنبه‌ربوون «سی سی ئێچ ئێف» یان كۆنگۆ، نه‌خۆشییه‌كى مه‌ترسیداره له ئاژه‌ڵى هه‌ڵگرى ئه‌و ڤایرۆسه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤ، نه‌خۆشییه‌كه كوشنده‌یه ئه‌گه‌ر به زوویى چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، به وته‌ى وته‌بێژى ته‌ندرووستیى هه‌رێم.
خاڵس قادر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستی به «ئاژانس»ى وت: «هه‌تا ئێستا بارى ته‌ندرووستى جێگیره، وه‌كو خۆى ماوه و خراپتر نه‌بووه، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كى باشه، به‌ڵام مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى هه‌یه تاوه‌كو هه‌فته‌یه‌كى تر».
وتیشى: «له ڕێگه‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدا تووش بووه، نه‌خۆشییه‌كه پێشتر له هه‌رێم هه‌بووه، چه‌ند ساڵ جارێك چه‌ند حاڵهتێت ده‌بێت، له پارێزگاکانى عێراقیش به زۆرى هه‌یه، نه‌خۆشییه‌كه به كه‌مى ده‌گوازرێته‌وه، ئاژه‌ڵى هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌كه ئه‌گه‌ر گۆشته‌كه‌ى بكوڵێنرێت ڤایرۆسه‌كه له‌ناو ده‌چێت».
«بۆ به‌رگرتن به‌و نه‌خۆشییه داواى بودجه‌مان له حكومه‌ت كردووه بۆ ڕشتنى ده‌رمان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵمه‌تى هۆشیاركردنه‌وه‌مان ده‌ست پێ كردووه«، خاڵس قادر واى وت.
به وته‌ى پسپۆڕێكى ڤێته‌رنه‌رى نه‌خۆشیى تای خوێنبه‌ربوون له ساڵى 90كانه‌وه له هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، به‌ڵام به هۆى ئه‌وه‌ى حكومه‌ت شۆردنه‌وه‌ى ئاژه‌ڵى پشتگوێ خستووه بۆیه ئه‌و نه‌خۆشییه سه‌رى هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
د. عه‌باس عه‌لى پسپۆڕى ڤێته‌رنه‌رى به «ئاژانس»ى وت: «نه‌خۆشییه‌كه ڤایرۆسى تونده، هه‌ندێك گه‌نه هه‌ڵى ده‌گرن، كاتێك به ئاژه‌ڵه‌وه ده‌نووسێن ده‌یگوازنه‌وه بۆ له‌شى، به‌تایبه‌ت بزن و مه‌ڕ و مانگا زیاتر تووشى ده‌بن، نیشانه‌كانى له ئاژه‌ڵه‌كه‌دا ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ى سه‌رى ده‌بڕن یان ئه‌وانه‌ى به‌خێوى ده‌كه‌ن له كاتى ته‌قینى گهنهكهدا تووشى ده‌بن».
وتیشى: «نه‌خۆشییه‌كه تازه نییه، هاوبه‌شه له نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا، به تایبه‌ت له وه‌رزى هاویندا سه‌ر هه‌ڵده‌دات به هۆى زۆربوونى گه‌نه‌وه، یه‌كه‌م جار له ئه‌فریقا سه‌ری هه‌ڵداوه و ساڵى 1974 هاتووه‌ته عێراقه‌وه، له دواى ڕاپه‌رین له ناحیه‌ى خورماڵ پێنج كه‌س تووشى بوون، سیانیان مردن، له پارێزگاى موسڵ 17 كه‌س تووشى بوون، شه‌شیان مردن، له هه‌ولێر دوو دكتۆر و دوو قه‌ساب تووشى بوون و گیانیان له ده‌ست دا، ساڵى 2013 له سۆران دوو ئافره‌ت تووشى بوون و گیانیان له ده‌ست دا».
«له ئێستادا له پارێزگاى دیوانییه پێنج هاووڵاتى تووشى بوون و دووانیان گیانیان له ده‌ست داوه، نه‌خۆشییه‌كه له ئێران و توركیا و سوریا و عێراقدا هه‌یه، ده‌بێت ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى دێنه هه‌رێم بە تایبەتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە پشكنینیان بۆ بكرێت و بشۆردرێنه‌وه، ئه‌وكات ڕێگه به هاتنه‌ناوه‌وه‌یان بدرێت.» د. عه‌باس عه‌لى واى وت.
نیشانه‌كانى تووشبوو: تای به‌رز ده‌بێته‌وە هه‌موو جومگه و عهزهڵهكانى ئازارى ده‌بێت و ده‌ست به ڕشانه‌وه ده‌كات، خوێن له چاو و لووت و ده‌م و گوێى دێته ده‌ره‌وه، ئه‌گه‌ر به زوویى چاره‌سه‌ر نه‌كرێت مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانى درووست ده‌بێت.
د. عه‌باس ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، بۆ ڕێگه‌گرتن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى نه‌خۆشییه‌كه ده‌بێت هه‌ڵمه‌تى شۆردنه‌وه‌ى ئاژه‌ڵ ده‌ست پێ بكرێت و حكومه‌ت بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیارده‌ى فرۆشتنى گۆشتى سه‌ر شه‌قامه‌كان قه‌ده‌غه بكرێت و ڕێگه نه‌درێت هیچ ئاژه‌ڵێك سه‌ر ببڕێت به‌بێ پشكنین.