زانا ئیبراهیم
پێ دەچێت چیتر باوی لێدوان و تەسریحە نەریتییەکانی سیاسەت نەمێنێت، گوتاری سیاسی یان بەرەو گۆڕانێکی ڕیشەیی بڕوات یان لانیکەم جۆرە زمانێکی تر ئاسایی بێتەوە؛ ئەوەی ئێستا لە جیهاندا بە ترەمپیزم ناسراوە. تایبەتمەندییەکانی ئەم گوتارە تازەیە بریتییە لە شۆککردن، ڕووتیی و بێپێچوپەنایی، ڕەق و بەئازار. زمانێک لە سرووشتە دیپلۆماسییەکەیەوە کە تیایدا هەستی ئەوانی تری بەهەند وەردەگیرێت (بۆ نموونە هەستی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکان) بگۆڕێ بە زمانێکی ڕاستگۆتر ‹کەمتر دیپلۆماسی ی›. زمانێک ڕاستەوخۆ دەرخەری ئەوە بێت کە سیاسییەکی دیاریکراو دەیەوێت بیڵێت. وەک گەورە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر لە بی بی سی (مارک تۆمسن) دەڵێت وتنی نەوتراوەکان یان وتنی ئەوەی کە نابێت بوترێت، خەریکە دەبێتە نۆرم.
دیاترین نموونەی ئەمەش ئەو شێوە گوتارە سیاسیەیە کە دۆناڵد ترەمپ قسەی پێدەکات. بەر لە کۆشکی سپی و ئێستاش کە ماوەی ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر سەرۆکاتییەکەیدا. هەر لە ناوهێنانی مەکسیکییەکان بە تاوانکار و لاقەکەر (ڕەیپیست)، تا بانگکردنی یاریزانە ڕەشپێستەکانی تیمی یەکێتیی نەتەوەیی بە ‹کوڕی بهدڕهوشت›. تازەترین نموونەش ناوهێنانی هەنێک لە وڵاتە ئەفریقییەکانە بە شیتهۆڵ (چاڵەگوو) لەوانە وڵاتی هایتی. ئەمە جگە لەو دیدەی کە بەرامبەر ژن هەیەتی و لە چەندین شوێندا گوزارشتی لێ کردووە. هەر ئەو سەرنج و کۆمێنتانە وای کردووە نەیارەکانی بە مسۆجنیست (دژەژن) ناوی بهێنن.
هەموومان ئەوە دەزانین ئەو ڕستانە تەنانەت ئەگەر هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەمەریکی بەکاری بهێنێت، ڕەنگە مشتومڕی زیاتری درووست بکات تا ئاستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی بڕوات. بەکارهێنانی تەنها یەک لەو فرەیزانە بایی ئەوەیە کە سیاسییەک تووشی شکست و هەرەسی وەزیفەی سیاسی بکات. ناچار بە دەست لە کارکێشانەوە بکات یان لانیکەم داوای لێبووردنی جددی. بەڵام وەک بینیمان نەک ئەمە حاڵەتەکە نەبوو بۆ ترەمپ بەڵکو ئەو بە سەرکەوتوویی لە کامپینی خۆهەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هاتە دەرەوە. بە ئێستاشەوە ئەو بەردەوامە لە تویت و تەسریحە تیژ و بریندارکەرەکانی.
لە ڕاستیدا جێگەی گومان و پرسیارە کە جیهان لە قۆناغێکی سیاسی وایا دەژی کە زمانی ئاوا بێ ئەوەی هیچ داوای لێبوردنێک بەدوای خۆیدا بێنێت بۆ کەسایەتیەکی وەک ترەمپ سەردەگرێ. تەنانەت بە شێوەیەکە کە دەزگا مدیاییە زەبەلاحەکان سانسۆری ناکەن، هەندێک لە دژی خۆی بەکاری دەهێنن و هەندێک وەک گواستنەوەی ڕاستییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. ڕیئاکشن و کاردانەوەکان تا ئێستا ئەگەر زۆر جددیش بووبێت تا ئەو شوێنە ڕۆشتووە کە کۆمێنتەکانی ترەمپ بە نابەرپرسیارانە و ئیهانەکەر و ڤوڵگەر دابنێن. بەڵام زمانێکە کە بە گەرمی ڕاگیراوە و لانیکەم بۆ زۆرکەس سەرنجڕاکێشە؛ بەو پێیەی کە بە زمانێکی ڕاستگۆ و ڕاستەوخۆ و بێشەرم دەیبینن. ڕەنگە پاساویشی بۆ بهێنرێتەوە کە دواجار ئەوە ‹ترەمپە›؛ وەک ئەوەی ئەو پێشوەخت بەخشرابێت لە بەرامبەر بەکارهێنانی هەر دەستەواژەیەک کە بیەوێت.
بە پێچەوانەوە کە دەچیتە جوگرافیایەکی تر دەبینی ئەمە جێگەی شەرمەزارییە و زمانێکە دەبێت داوای لێبوردنی لەسەر بکرێت. بۆ نموونە سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانی، جێرمی کۆبن پاش هەندێ لە تویتەکانی کە وشەی نەشیاوی وەک (فەک) بەکارهێناوە یان ناوهێنانی دەیڤد کامرۆن سەرۆکوەزیرانی پێشتری بەریتانیا بە (پای)، پارتەکەی دەست بە جێ ڕایانگەیاند کە هەژماری تویتەری کۆبن بە تەواوی هاک کراوە!
ترەمپیزم، چاودێر و کۆمێنتەیتەرکانی خستووەتە بەردەم دووڕیانی ئەوەی بە تەواوی ئەم سەرۆکە پەراوێز بخەن فەرامۆش بکەن کە ئەمەش ڕیسکی ئەوەی تیایە لە کۆتاییدا ترەمپیزم بەتەواوی بیباتەوە و زمانەکەی نۆرمەڵایز بێت. ئەمە دیارترین خەمی چاودێری سیاسی و نووسەری دیاری نیۆرک تایمز ‹ تۆماس فریدمان›ە.
ڕێگە و ئۆپشنی دووەم ڕێک پێچەوانەی یەکەم؛ بکەویتە شەڕ بەرامبەری و وەڵامدانەوەی. ئەمەش ڕیسکی ئەوەی تیایە، بەهۆی سەرقاڵبوون بە ترەمپەوە، هەموو هێڵ و ترێندە سیاسییەکانی تر لە بیر بکرێت. ئەو ڕووداوە سیاسییانەی کە ڕاستەقینەترن و لە دوورمەودادا کاریگەریی گەورەتر بەجێ دەهێڵن لەسەر ئەم زەوییە. لەوانە هەوڵی هەریەک لە هندستان و چین بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی هەموو ئابووریی وڵاتەکەیان بە شێوەک ڕۆژگارێک هەموو مامەڵەیەکی بازاڕ تەنها لە ڕێی خشاندنی شاشەی مۆبایلەوە بکرێت. هەر لە بەر ئەمەشە، فریدمان، وتارەکەی ناو دەنێت «ترەمپ لە بیرکەن و دنیا کەشف کەن». پێی وایە ئەم سەرۆکە– نەخۆشییەکە و مێشکت دەخوات.-
ئەگەرچی ڕەنگە لە ٢٠٢٠دا و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تۆڵەی لێ بسەنرێتەوە، بە تایبەت کە دەنگۆی ئەوە هەیە کاندیدێک ڕکابەری دەکات لە یەک کاتدا؛ هەم ژنە و هەم ڕەشپێستە، خاوەنی ئەو خەسڵەتانەیە کە بە گشتی لە ترەمپدا نییە، ئەویش خانمە بێژەر؛ دەمووچای دیاری میدیای ئەمریکی و جیهانی، ئۆپرا وینفری. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا مەترسی ئەوە هەیە کە چارەنووسی گوتاری سیاسی بکەوێتە زۆربڵێکان و دەست دەم و چاوە بەناوبانگەکان (سەلەبەکان). هەریەک لە ترەمپ و ئۆپڕا لە تەلەفزیۆنەوە دێنە ناو سیاسەت. بەڵام بە دوو زمانی جیاواز یەکێکیان نەرم و ئاشتیخواز یەکێکیان ڕەق و ڕووت. کام لە زمانانە دەیبەنەوە؟ خاڵێکی گرنگە و هەموو کات بە گرنگی دەمێنێتەوە.
پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە ئاماژە و نیشانەی ئەوە نییە کە گۆڕانی ڕیشەیی لە دنیای سیاسیدا درووست بووە؟ ئایا ئەم قۆناغەی ترەمپ، ئەم جۆرە لە گوتارە هێزی ئەوەی تیا نییە دواجار زمانێکی لەو جۆرە ئاسایی بکاتەوەو و هاووڵاتیی لە بری زمانە نەرتییەکەی سیاسەت، چاوەڕوانییان لە سەرۆک و حوکمڕانەکان ئەوەبێت کە بە جۆڕیک بدوێن، بەراستی چی لە ناو دڵیانە بالەسەر زمانیشیان بێت. لە ڕاپرسیەکی فۆکس نیوزدا داواکرا لە هاوڵاتیان کە چەند کەس لەگەڵ ئەو ڕستەیە ‹ئەم سەرۆکە بەو شێوەیە شتەکان دەڵێت کە هەن، لە ڕاستیدا پێویستمان بە سەرۆکێکی وایە›. دەرکەوت لە %٦٤ دەنگدەرە کۆمارییەکان پشتگیری ئەو ڕستەیە دەکەن.
هاووڵاتیی پۆست ترەمپ، گوێی تازەی هەیە و ماندووە لەو دووڕوویی و ئەو زمانە هەڵخەڵەتێنەرەی کە بووە بە زمانی باوی دەسەڵات. بۆیە دووبارە دەپرسینەوە، دەکرێت کەسایەتیی ترەمپ لە بیر بکرێت، ئایا بەڕاستیی زەمەنێکی نوێ لە ستایل و زمانی سیاسی بەڕێوە نییە؟